Accessibility links

پارێزگاری سلێمانی: لەسەر هێرشەکان هەمیشە نیگەرانیمان گەیاندووەتە کونسوڵخانەی تورکیا بەڵام وەڵاممان نەدراوەتەوە


هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند سەڕەڕای بەردەوامی هەوڵەکانی بەرپرسانی سڵیمانی بۆ وەستاندنی هێرشە بەردەوامەکانی تورکیا بۆ سەر شار و شارۆچکە و شوێنە گشتیەکانی ئەو پارێزگایە، بەڵام بەرپرسانی تورکیا تا ئێستا وەڵامیان نادەنەوە و داوادەکات هەولێر و بەغدا بێنە سەر هێڵ.

هەڤاڵ ئەبوبەکر ڕایگەیاند، "هەمیشە نیگەرانیمان لە هێرشە بەردەوامەکانی فرۆکەی بێ فرۆکەوانی تورکیا بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی پارێزگای سلێمانی گەیاندووەتە کونسوڵخانەی تورکیا لە هەولێر، بەڵام تا ئێستا وەڵامی نیگەرانییەکانمان نەدراوەتەوە."

پارێزگاری سێلێمانی هەروەها وتی، "کونسوڵخانەی تورکیا دەزگایەکی دبلۆماسییە و هەمیشە دەڵێن نیگەرانییەکانتان دەگەیەنینە سەرووی خۆمان، بەڵام بۆردومانەکانی تورکیا سیاسی و سەربازی و ئەمنییە، دەبێت حکومەتی هەرێم و عێراق بێنە سەر هێڵ."

لەماوەی سێ ڕۆژدا، فرۆکەی بێ فرۆکەوانی تورکیا سێ هێرشی لە سێ ناوچەی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە ئەنجامداوە و بەهۆی ئەو هێرشانەوە، 7 کەس کوژران 4 کەسی تریش برینداربوون.

کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکی، کە ڕێکخراوەکەی چاودێری بۆردومانەکانی تورکیا و زیانی بۆردومانەکان بۆ سەر ناوچە سنورییەکانی هەرێم دەکات، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "پێشتر ئێمە هۆشداریمانداوە لەوەی هێرشەکانی داهاتووی تورکیا بۆ سەر ناوچە سنورییەکان نابێت، بەڵکو بۆسەر شارو شارۆچکەکان دەبێت."

ئەو وتیشی، "بەشێک لە چەکدارانی پەکەکە لە ژێر فشاری درۆندا هاتوونەتە ناوچە جیاجیاکانی هەرێم، درۆنی تورکیش چاودێری جم و جۆڵیان دەکات و هێرش ئەنجام دەدات."

بەپێی ڕاگەیەنراوی دەزگای دژە تیرۆری کوردستان، لە هێرشی ڕۆژی چوارشەمەی رابردووی فرۆکەی بێ فرۆکەوانی تورکیا بۆ سەر ئۆتۆمبێلێک لە نزیک گوندی گەڵاڵەی قەزای ماوەتی پارێزگای سلێمانی، بەرپرسێکی هەواڵگیری پەکەکە گیانی لەدەستداوە و دوو چەکداری تریش برینداربوون.

هەرهەمان ڕۆژ، فرۆکەی بێ فرۆکەوانی تورکیا هێرشێکی تری بۆ سەر ئۆتۆمبێلێک لە ناحیەی خەلەکانی پارێزگای سلێمانی ئەنجامداوە و بەهۆی هێرشەکەوە کەسێک گیانی لەدەستداوەو دوو کەسی تریش برینداربوون. ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە بەهۆی هێرشەکەوە، گەنجێکی دانیشتووی ناوچەی شارەزوور بووە بە ناوی نەژوان، بەڵام ناسنامەی بریندارەکان دیارنییە.

دژە تیرۆری کوردستان، ڕاگەیەنراوێکی لە بارەی هێرشەکەی ئەمڕۆ هەینی فرۆکەی بێ فرۆکەوانی تورکی بۆ سەر ئۆتۆمبێلێک لە ناوچەی پێنجوێن بڵاوکردووەتەوەو ڕایگەیاندووە، بەهۆی هێرشەکەوە بەرپرسێکی پەکەکە و شۆفێرەکەی و چەکدارێکی تر گیانیان لەدەستداوە، لەکاتێکدا بەرپرسانی ناوچەی پێنجوێن ڕایانگەیاندووە، هێشتا ناسنامەی ئەو سێ کەسە دیارنییە کە لە هێرشەکەدا گیانیان لەدەستداوە.

زۆربەی هێرشی فرۆکە بێ فرۆکەوانەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی دەوروبەری پارێزگای سلێمانییە، بەتایبەت قەزاکانی چەمچەماڵ، ناوچەی شارباژێر، قەزای ماوەت و ناوچەی پێنجوێن.

فرۆکەی بێ فرۆکەوانی تورکیا تا ئێستا یەک هێرشی لە سنوری ئیدارەی گەرمیان ئەنجامداوە، کە هێرشەکەی لە ڕۆژی 18 ی مانگی 6 ی ساڵی ڕابردوو ئەنجامدا و بەهۆیەوە، فەرهاد شبلی جێگری هاوسەرۆکی ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و سێ کەسی تر گیانیان لەدەستدا.

چڕکردنەوەی هێرشی فرۆکە بێ فرۆکەوانەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە لە کاتێکدایە، بڕیارە رەجەب تەیب ئەردۆگانی سەرۆکی تورکیا سەردانی عێراق بکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتەدا کۆ ببێتەوە.

دکتۆر سەردار عەزیز، شارەزا لە کاروباری سیاسەتی تورکیا، پێیوایە تورکیا لە چڕکردنەوەی هێرشەکانی بۆ سەر پارێزگای سلێمانی زیاتر لە ئامانجێکی هەیە.

دکتۆر سەردار عەزیز، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "تورکیا پێیوایە لە سلێمانی کە زیاتر بە جێ نفوزی ئێران ناسراوە بوونی لاوازە.هەستیش دەکات پەکەکە لە سلێمانییە لە کاتێکدا ئەو بوونی نییە تێیدا."

هەروەها وتیشی، "هێرشەکانی تورکیا فشاریشە بۆ سەر عێراق لە پێش سەردانەکەی ئەردۆگان بۆ بەغدا، تورکیا دەیەوێت کارتی بازرگانی و ئاسایش و پرسی پەکەکە هەمووی تێکەڵ بکات، بیکاتە بەشێک لە ئەجێندای سەردانەکەی ئەردۆگان."

بەرپرسێکی سیاسی هەرێمی کوردستانیش کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هۆکاری هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر پارێزگای سلێمانی فشارخستنە سەر عێراق و یەکێتی نیشتمانیشە، تا پەکەکە لەم ناوچانە دەربکرێت و عێراقیش وەکو هێزێکی تیرۆرستی بیناسێنێت و هاوکاری بکات لە شەڕی پەکەکەدا."

لە مانگی 4 ی ئەمساڵەوە و لە دوای بۆردومانکردنی فرۆکەخانەی سلێمانی لە لایەن درۆنی تورکییەوە، لەوکاتەی کە مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە سلێمانییەوە بۆ سوریا دەگەڕایەوە، تورکیا ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی فرۆکەخانەی سلێمانیدا داخستووە.

لە بارەی وەڵامی تورکیا بۆ کاتی دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی نێوان تورکیا و فرۆکەخانەی سلێمانی، هەڤاڵ ئەبوبەکر، وتی،"داخستنی ئاسمانی تورکیا بەڕووی فرۆکەخانەی سلێمانی، پرسێکی سیاسی و سەربازییە، دەبێت دەسەڵاتی فرۆکەوانی عێراق و وەزارەتی دەرەوە بەدواداچوونی بۆ بکەن."

XS
SM
MD
LG