Accessibility links

دەزگای دژە تیرۆری هەرێم لەسەر هێرشە درۆنیەکەی پێنجوێن زانیاری هەڵە بڵاودەکاتەوە


بەڕێوبەرایەتی گشتی دژەتیرۆری هەرێمی کوردستان کە دەزگایەکی ڕەسمی سەربە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانە ڕۆژی 11ی ئەم مانگە ڕایگەیاند لە هێرشە درۆنیەکەی هەفتەی ڕابردووی تورکیا لە پێنجوێن ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی پەکەکە کراوەتە ئامانج و "بەرپرسێکی باڵای پەکەکە" لە نێو کوژراوەکاندا هەبوو، ئەمە لە کاتێکدایە دواتر دەرکەوت قوربانیەکان هاووڵاتی سڤیلی دانیشتووی شاری موسڵ بوون.

لە ڕاپۆرتێکی دەنگی ئەمەریکا ئەوە ڕوونکراوەتەوە کە سێ قوربانییەکان هاووڵاتی عەرەبی خەڵکی موسڵ بوون. لە نێوانیاندا مامۆستایەک بوو بە ناوی زیاد مستەفا کە سەردانی پێنجوێنی کردبوو بە مەبەستی بەخێرهێنانەوەی کچە 18 ساڵەکەی بە ناوی ڕەیام کە بە مەبەستی خوێندن لە وڵاتی ئێران بوو. هەردووکیان لە هێرشەکەی هەینی ڕابردوو گیانیان لەدەستدا.

بەڵام بەڕێوبەرایەتی گشتی دژەتیرۆری هەرێمی کوردستان ماوەیەکی کەم دوای ڕووداوەکە لە ڕاگەیێندراوێکیدا وتی، "بە گوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، ڕۆژی هەینی 11ی مانگی هەشتی 2023، کاتژمێر 15:30، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا لە ڕێگەی ملەی نەڵمە لە نزیک ناحیەی ناڵپارێزی قەزای پێنجوێن لە پارێزگای سلێمانی ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی پەکەکەی کردە ئامانج، بەهۆیەوە بەرپرسێکی باڵای پەکەکە و چەکدارێکی دیکە و شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە کوژران."

تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، ڕاگەیێندراوەکەی دژەتیرۆر لە پەڕەی فەرمی بەڕێوبەرایەتییەکەدا نەسڕاوەتەوە.

لەسەر ئەم پرسە، هەوڵەکانی دەنگی ئەمەریکا بۆ گەیشتن بە بەرپرسێکی ئەم بەڕێوبەرایەتییە بێ ئەنجام بوون. هەروەها دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کرد، بەڵام پەیوەندییەکەی بەردەست نەبوو.

محەمەد رەئوف، ڕۆژنامەنوس و چاودێر، بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، ”بڵاوکردنەوەی زانیاری هەڵە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە بەشێکی بە مەبەست و یاری هەواڵگیرییە، تا حزبەکانی یەکتری بشکێنن. بەشێکیشی پەوەندی بە نەبوونی زانیارییەوە هەیە، چونکە دەزگای هەواڵگیری نزیک لە پارتی لە سلێمانی و هی یەکێتیش لە هەولێر غائیبن."

ئەو چاودێرە وتیشی، ”خەڵکیش گومانیان هەیە لە دەزگا ئەمنی و لۆکاڵییەکانیشەوە زانیاری بدەنە وڵاتە هەرێمایەتییەکان لەسەر هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا و ئێران."

هێرشەکانی تورکیا تەنها لە شاخ و چیاکانی هەرێمی کوردستان نەماوەتەوە، بەڵکو ژمارەی هێرشەکان لە شارو شارۆچکەو شوێنە گشتییەکان لە زیادبووندایە. چاودێران دەڵێن ئەمە بووەتە هۆی زیادکردنی ناکۆکی و یەکتر تۆمەتبارکردن لە نێوان یەکێتی و پارتی وەکو دوو حزبی حوکمڕانی هەرێم.

ئیدریس ئیسماعیل، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "زانیاری دژەتیرۆر و پاراستن هەڵە نین. پەکەکە لە سنوری سلێمانی ئۆتۆمبێلەکانیان دەفرۆشنە خەڵک، تا تورکیا خەڵک بۆمباران بکات و بڵێن خەڵکی سڤیل کوژرا."

لە بەرامبەردا باڵامبۆ محەمەد، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "پارتی هێرشی فرۆکەکانی تورکیا دەقۆزێتەوە بۆ ناشیرینکردنی یەکێتی. لەلایەک دەڵێت یەکێتی داڵدەی پەکەکەی داوە لە سلێمانی و لەلایەکی تریش دەڵێت یەکێتی شوێنی چەکدارانی پەکەکە دەداتە تورکیا. لە کاتێکدا هەموو ئەمانە چەواشەکارین و گەر سیخوری کرابێت، ئەوان کردوویانە."

دەزگای دژە تیرۆری هەولێر و سلێمانی، هەرچەندە سەر بە دژە تیرۆری کوردستانن، بەڵام بە ئاشکرا هەست بە جیاوازی گوتار و ئاراستەی کارکردنیان دەکرێت. تەنانەت دەزگا ئەمنییەکانی هەولێر داوای ڕادەستکردنی سەرۆکی دەزگای دژە تیرۆری سلێمانی دەکەن بە تۆمەتی ئەوەی لەلایەن دادگاوە داواکراوە.

باڵامبۆ محەمەد، پەرلەمانتاری یەکێتی، دەڵێت، "لەسەردەمی حوکمڕانی مەسرور بارزانیدا، نەک تەنها دەزگا ئەمنییەکان، بەڵکو پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و سەربازییەکانیش خەریکە تەواو دەپچڕێن."

بەڵام ئیدریس ئیسماعیل، پەرلەمانتاری خولی پێنجەمی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، تۆمەتبارکردنی مەسرور بارزانی و دەزگا ئەمنییەکانی هەولێر ڕەتدەکاتەوە، دەڵێت، "ناو هێنانی مەسرور بارزانی و دەزگا ئەمنییەکانی هەولێر تەشهیرو ناوزڕاندنە. دژە تیرۆر و پاراستن ئاگاداری وەزعی کوردستانن و شتی هەڵەش بڵاو ناکەنەوە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:06 0:00

XS
SM
MD
LG