Accessibility links

چاوەڕوان دەکرێت دادوەر ڕۆژی دادگاییکردنی ترامپ لە دۆسێی هەڵبژاردنەکاندا دیاری بکات


دادوەرێکی فیدراڵی لە واشنتۆن ڕۆژی دووشەممە ڕەنگە وادەیەک بۆ دادگاییکردنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دیاری بکات بە تۆمەتی پیلانگێڕی بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەنجامەکانی هەڵباژردنی ساڵی 2020 کە تیایدا دۆڕا.

بڕیارە دادوەری ناوچەیی ئەمەریکا تانیا چەتکان دانیشتنێک سەبارەت بە قۆناغەکانی داهاتووی دانیشتنەکانی دادگا ئەنجام بدات.

داواکارانی گشتی پێشنیاریان کردووە کە دادگاییکردنەکە لە ٢ی مانگی یەک دەستپێبکات لە کاتێکدا پارێزەرانی ترامپ داوایان کردووە وادەی دەستپێکردنەکە بکرێتە مانگی چواری ساڵی 2026. ئەوان دەڵێن پێویستیان بە کاتێکی زیاترە بۆ ئەوەی بەسەر بەڵگەنامەکاندا بچنەوە و هەروەها دەشڵێن دادگاییکردنی مانگی یەک لەگەڵ دۆسیە یاساییەکانی دیکەی ترامپ بەریەک دەکەوێت.

ترامپ لە چوار دۆسێی تاوانکاریدا تۆمەتبار کراوە کە بریتین لە پیلانگێڕی بۆ فێڵکردن لە حکومەتی ئەمەریکا و پیلانگێڕی بۆ ڕێگریکردن لە ڕێوشوێنی فەرمی.

لە سەرەتای مانگی هەشتدا لە کاتی ئامادەبوونی لە دادگا دانی بە تاواندا نەنا.

لە دۆسێکانی دیکەدا بڕیارە ترامپ لە کۆتایی مانگی سێدا لە ویلایەتی نیویۆرک دادگایی بکرێت لە پەیوەندی لەسەر دۆسێی پێدانی پارە بە ئەکتەرێکی فیلمی پۆرن بۆ بێدەنگکردنی لە دەمی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی ساڵی 2016.

دادوەرێکی فیدراڵی لە ویلایەتی فلۆریدا وادەی دادگاییکردنی مانگی پێنجی دیاریکرد لە دۆسیەیەکدا کە تیایدا ترامپ تۆمەتبارە بە هەڵگرتنی بەڵگەنامە نهێنییەکانی بە شێوەیەکی نایاسایی لە ماڵەکەیدا لە فلۆریدا دوای ئەوەی پۆستەکەی بەجێهێشت و ڕێگری لە لێکۆڵینەوەیەکی فیدراڵی بۆ ئەو بابەتە کردووە. ترەمپ لەو دۆسیەیەشدا دانی بە تاوانەکەیدا نەناوە.

داواکارانی گشتی لە جۆرجیا پێشنیاری وادەی دادگاییکردنی سەرەتای مانگی سێیان کردووە لە دۆسیەیەکیدا ترامپ و 18 کەسی دیکە بە تۆمەتی پیلانگێڕی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی 2020 تۆمەتبارکراون. تائێستا هیچ دادوەرێک ڕاینەگەیاندووە پرۆسەی ئەو دادگاییکردنە کەی دەستپێدەکات.

بڕیارە دادوەرێکی فیدراڵی لە ئەتلەنتا ڕۆژی دووشەممە گوێ لە قسەکانی مارک میدۆس، سەرۆکی پێشووی کارمەندانی کۆشکی سپی لە دەمی سەرۆکایەتی ترامپ، بگرێت. میدۆس لەو کەسانەدایە کە لە دۆسیەی جۆرجیادا تۆمەتبارکراون.

پارێزەرانی میدۆس دەڵێن، کارەکانی وەک بەشێک لە ئەرکەکانی وەک سەرۆکی کارمەندانی کۆشکی سپی ئەنجامدراوە، لەکاتێکدا داواکارانی گشتی دەڵێن میدۆس لە دەرەوەی ئەرکە فەرمییەکانی مامەڵەی کردووە و کارەکانی نایاسایی بوون.

بەشێک لە زانیارییەکانی ئەم هەواڵە لە ئاژانسەکانی ئەسۆشیەیتد پرێس و فرانس پرێس وەرگیراوە.

XS
SM
MD
LG