Accessibility links

دکتۆر مەحمود عوسمان: داهاتووی هەرێمی کوردستان باش نابینم


سیاسەتمەداری دێرینی کورد دکتۆر مەحمود عوسمان بە دەنگی ئەمەریکا ڕایدەگەیەنێت پەرتەوازەیی نێو ماڵی کورد وایکردووە بارودۆخی هەرێم بەرەو خراپتر بچێت و "ئەگەر واش بڕوات داهاتووی هەرێم لە بەردەم مەترسیدایە."

دکتۆر مەحمود عوسمان لە وتووێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت، "نامەوێت بڵێم ڕەشبینم بەڵام گەشبینیش نیم. لە یەک حاڵەتدا گەشبینم کە ئەو دوو حزبە سەرەکییەی ئێستا حوکم دەکەن و نیوەی عایدی ئەمە و نیوەکەی تر عایدی ئەوە ڕێک بن، دانیشن و کێشەکان حەل بکەن، لەگەڵ بەغداد و تورکیا ڕێکبکەون، ئەو کات دەتوانن کۆمەڵێک شت بپارێزن و هەرێمەکەش نەهێڵن لەوە لاوازتر بێت. هەریەکەو لە لایەک و ڕێکنین سیاسەتیان یەک نییە. ئەگەر وا بڕوات ئایندەی هەرێمەکە باش نابینم."

ئەمە لە کاتێکدایە ڕۆژی چوارشەممە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکیدا داوای لە حکومەتی عێراق کرد "بەشێوەیەکی جیاواز و نادادپەروەرانە" مامەڵە لەگەڵ پرسی بودجەی هەرێمدا نەکات. هەروەها بە توندی سەرکۆنەی ئەو توندوتیژییانە دەکات کە بەرامبەر خۆپیشاندەرانی کورد لە شاری کەرکوک کران کە بوونە هۆی گیان لەدەستدانی 4 کەس و برینداربوونی 15 کەسی دیکە.

ڕۆژی شەممە 2ی مانگی 9، دژی داخستنی ڕێگەی نێوان کەرکوک- هەولێر لەلایەن لایەنگرانی حەشدی شەعبی و عەرەبە و تورکمانەکانەوە، بەشێک لە هاووڵاتیانی کوردی کەرکوک خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و بارگرژی ڕوویدا.

دکتۆر مەحمود ڕای وایە حکومەتی عێراق لە کەرکوک "زوڵم" و "فێڵ" لە کورد دەکات، هاوکات یەکێتی و پارتیش بە بەشێک لە کێشەکان دەبینێت.

ڕایگەیاند، "وەزعی کەرکوک خراپە. حکومەتی عێراق لە کەرکوک، زوڵم و فێڵ لە هەرێم دەکات، کێشە دورست دەکەن، دەیەوێت دەسەڵاتی کورد لاواز بکات لە کەرکوک. بەڵام خەتای کوردیشی تێدایە؛ کەرکوک لە دەست کورددا بوو نەیانتوانی وەزعێكی وا دروست بکەن بەردەوام بێت. بەڵام حکومەتی عێراق غەدر لە هەرێم دەکات. ئەوان کردیانە شارێکی عەرەبی و ناهێڵن جارێکی تر کورد ئیدارەی شارەکە بکات ئەگەر پێیان بکرێت."

خۆپیشاندانی کوردەکان لە کەرکوک، یەکشەممە 3ی نۆی 2023
خۆپیشاندانی کوردەکان لە کەرکوک، یەکشەممە 3ی نۆی 2023

دوای ئالۆزیەکانی کەرکوک، ڕۆژی سێشەممە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا کەرکوکی بە "نیشتمانی تورکمان" ناوبرد.

دکتۆر مەحمود عوسمان لێدوانەکەی سەرۆکی تورکیای بە دەستێوەردانێکی "ئاشکرا و زەق" لە کاروباری عێراق و کورد دانا و وتی، "تورکیا هەر وا بوون و ئێستا خراپترن. هەستدەکەن ئێستا بەهێزترن لەگەڵ تورکومانەکان. دەبێت لایەنی کوردی و عێراقی وەڵام بدەنەوە بەڵام کەس قسە ناکات و هەموان بێدەنگن. بۆیە تورکیاش بە دڵی خۆی چی ئەوێت دەیکات و دەیڵێت."

دەشڵێت،"هەر دەوڵەتێک سەروەری هەبێت قبوڵ ناکات ئەوەی بەرامبەر بکرێت."

سیاسەتمەدارەکەی کورد کە پێشتر ئەندامی پەرلەمانی عێراق بووە پێیوایە عێراق باوەڕی بەفیدڕاڵیەت نییە و دەیەوێت دەستەڵاتداری مەرکەزی بێت.

دەڵێت، "بۆ قبوڵ کردنی هەرێمیش ناچار بوون، کە سەدام ڕووخا هەرێم هەبوو بۆیە ناچاربوون قبوڵی بکەن."

سەرباری نیگەرانییەکانی کورد، بەڵام بەرپرسانی باڵای عێراق لە ڕابردوودا جەختیانکردووەتەوە لەوەی ئەوان پرسیار ناخەنە سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان کە لە ڕێگەی دەستوری عێراقەوە چەسپاوە. بەرپرسانی عێراق دەڵێن ئەوان گومانیان هەیە لەسەر داتاکانی هەرێم سەبارەت بە خەرجی و ژمارەی فەرمانبەران و داهاتی ناوخۆ.

ئەحمەد سابیر گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی دانیشتووە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "سودانی پێی ڕاگەیاندین هەرێمی کوردستان هەرێمێکی یاسایی و دەستوریە و لەگەڵ پێدانی مافەکانیانداین."

ئەحمەد گەرمیانی ڕایگەیاند سەرەڕای ناکۆکیەکان، سودانی دڵنیایی داوە لەسەر چارەسەری کێشەکان.

لە ئێستادا پرسی بودجە و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و میکانیزمی ڕادەستکردنی داهاتەکانی هەرێم بە داهاتی نەوتی و نانەوتییەوە کێشەی سەرەکی نێوان هەولێر و بەغدایە. هەرچەندە لایەنە کوردیەکان لە پەرلەمانی عێراق دەنگیان بە پرۆژەیاسای بودجە داوە و ڕێكکەوتوون لەسەرپشکی هەرێم لە بودجەدا بە ڕێژەی %12، بەڵام ناکۆکیەکان بەردەوامن و حکومەتی هەرێم دەڵێت هۆکارەکەی ئەوەیە حکومەتی ناوەند ئامادە نییە بڕی پێویست بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بنێرێت.

بەڵام دکتۆر مەحمود سەرباری کێشەکان، جەخت لە پێویستی ڕێککەوتن لەگەڵ بەغداد دەکاتەوە و دەڵێت، "کورد چارەی تری نییە جگە لە ڕێککەوتن."

مەحمود عوسمان ڕایگەیاند،"دەبێت کورد لەگەڵ عێراق ڕێکبکەوێت ڕێگەی تری نییە، چونکە هەرێم بەشێکە لە بەغداد، وە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش هەمیشە جەخت لەوە دەکەنەوە کە ڕێکبن. زەمانیش بۆ هەرێم دەستوری عێراقە، کۆمەڵگەی دەرەوەش نایشارێترەوە کە وایە. بەڵام گرنگ ئەوەیە یەکگرتوو بن و هەر حزبە بۆ خۆی نەچێت بۆ بەغداد بە پێی دەستوری عێراق کێشەکان چارەسەر بکەن."

XS
SM
MD
LG