Accessibility links

نەخۆشخانەکانی غەززە لە لێواری داڕماندان


فەلەستینییەکانی کەرتی غەززەی گەمارۆدراو ڕۆژی دووشەممە ڕوویان کردە ناو نەخۆشخانەکان و قوتابخانەکان بۆ گەڕان بە دوای پەناگەیەکدا، لە کاتێکدا خۆراک و ئاوی خواردنەوەشیان کەمبووەتەوە. زیاتر لە ملیۆنێک کەس لە ماڵەکانی خۆیان هەڵاتوون بەر لە هێڕشێکی زەمینی چاوەڕوانکراوی ئیسرائیل کە ئامانج لێی لەناوبردنی حەماسە، دوای هێرشێکی بۆ سەرانسەری باشووری ئیسرائیل.

لەگەڵ کەمبوونەوەی خۆراک و ئاو و دەرمان لەو ناچە گەمارۆداراوە، ئێستا چاو لەسەر دەروازەی ڕەفەحی نێوان غەززە و میسرە، کە چەندین ڕۆژە بارهەڵگرەکانی کە هاوکاریی پێویستیان پێیە چاوەڕوان دەکەن ڕێگەیان پێبدرێت بچنە غەززەوە، لە کاتێکدا نێوەندگرەکان فشار دەکەن بۆ ئاگربەستێک بۆ ئەوەی ڕێگەی گەیاندنی کەلوپەلی پێویست بدرێت و هەروەها بیانییەکانیش بتوانن لەو ناوچەیە دەربچن.

سەدان هەزار فەلەستینی کە پەنایان بردووە بۆ دامەزراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، ڕۆژانە بە کەمتر لە یەک لیتر ئاو گوزەران دەکەن. نەخۆشخانەکان هۆشداریان داوە کە لە لێواری داڕماندان، لە کاتێکدا کە مۆلیدە فریاگوزاریەکان کە وزە بۆ ئامێرەکانی وەک ئامێری هەناسەدان دابین دەکەن نزیکەی بڕی ڕۆژێک سووتەمەنییان تێدا ماوە و دەرمانیش خەریکە بەتەواوەتی نامێنێت.

وەزارەتی تەندروستی لە غەززە ڕایگەیاند، لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕەکەوە، دوو هەزار و 750 فەلەستینی کوژراون و 9 هەزار و 700 کەسیش برینداربوون، کە زیاترە لەو ژمارەیەی شەڕی غەززە لە ساڵی 2014 گیانیان لەدەستدابوو کە زیاتر لە شەش هەفتەی خایاند. ئەوەش وایکردووە ئەمە لە پێنج شەڕی غەززەدا بۆ هەردوولا کوشندەترین شەڕ بێت.

زیاتر لە هەزار و 400 هاووڵاتی ئیسرائیلی گیانیان لەدەستداوە و زۆرینەی زۆری هاووڵاتیانی مەدەنی لە هێرشەکەی حەماس لە حەوتی ئۆکتۆبەردا کوژراون. سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند، لانیکەم 199 بارمتە لە غەززە گیراون، کە زیاترە لە خەمڵاندنەکانی پێشوو. سوپای ئیسرائیل دیاریی نەکردووە کە ئایا ئەو ژمارەیە بیانییەکانی تێدایە یان نا.

ئیسرائیل فەرمانی بە زیاتر لە یەک ملیۆن فەلەستینی کردووە، نزیکەی نیوەی دانیشتوانی، شاری غەززە و ناوچەکانی دەوروبەری بەجێبهێڵن و بەرەو باشووری ئەو ناوچەیە بچنە دەرەوە. سوپای ئیسرائیل دەڵێت، هەوڵ دەدات ناوچەکە لە دانیشتوانی مەدەنی پاکبکاتەوە پێش هەڵمەتێکی گەورەی زەمینی دژی حەماس لە باکوور، کە دەڵێن چەکدارەکان تۆڕێکی بەرفراوانی تونێل و موشەکهاوێژیان هەیە.

حەماس داوای لە خەڵک کردووە لە ماڵەکانیان بمێننەوە و سوپای ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە وێنەکانی بڵاوکردەوە کە بە وتەی خۆی بەربەستێکی ڕێگای حەماس نیشان دەدات کە ڕێگری لە هاتوچۆکردن دەکات بۆ باشوور.

بۆ سێهەم ڕۆژە لەسەر یەک، سوپای ئیسرائیل ڕێڕەوێکی پارێزراوی لە نێوان کاتژمێر 8 ی بەیانی بۆ 12 ی نیوەڕۆ ڕاگەیاندووە بۆ ئەوەی خەڵک لە باکوورەوە بۆ باشوور لە بەڕێبکەون. ئاماژەی بەوەشکردووە، تا ئێستا زیاتر لە 600 هەزار کەس ناوچەی غەززەیان چۆڵکردووە.

پێشبینی دەکرێت لە 24کاتژمێری داهاتوودا نەخۆشخانەکانی غەززە سووتەمەنی مۆلیدەکانیان تەواو بێت و ژیانی هەزاران نەخۆش بکەوێتە مەترسییەوە، بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان تاکە وێستگەی کارەبای غەززە بەهۆی نەبوونی سووتەمەنیەوە داخراوە دوای ئەوەی ئیسرائیل بە تەواوی وێستگەی کارەبای مۆلیدەی غەززەی داخست.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاندووە کە نەخۆشخانەکان "پڕبوون" لە کاتێکدا خەڵک بە دوای شوێنێکی پارێزراودا دەگەڕێن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "نیگەرانین لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان بەهۆی ئاوارەبوونی بەکۆمەڵ و خراپی ئاو و پاکوخاوێنی". چوار نەخۆشخانە لە باکوری غەززە لە کار وەستاون و 21 نەخۆشخانەش فەرمانی ئیسرائیلیان پێگەیشتووە کە چۆڵی بکەن، بەڵام پزیشکان ڕەتیان کردووەتەوە و دەڵێن ئەمە مانای مەرگە بۆ ئەو کەسانەی کە نەخۆشی قورسیان هەیە یان منداڵەکانی تازە لە دایک بوون و لە ژێر ئامێری هەناسەداندان.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند، کەمیی ئاو بەهۆی بڕیارەکەی ئیسرائیلەوە بۆ بڕینی سەرچاوەی ئاو، لەگەڵ کەمی سووتەمەنی بووەتە هۆی مەترسی بۆ سەر هەزاران نەخۆش لە نەخۆشخانەکان.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئاو پێویستە بۆ دڵنیابوون لە پاکوخاوێنی لە بەشی نەخۆشەکان، ژوورەکانی نەشتەرگەری و بەشی فریاکەوتن." ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵشڵێت، "بۆ خۆپاراستن لە تووشبوون بە هەوکردنەکانی پەیوەست بە نەخۆشخانەکان و بۆ خۆپاراستن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆس لە نەخۆشخانەکاندا زۆر ئاو زۆر گرنگە."

دەزگای تەندروستی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایشیگەیاند هاوکاری ڕزگارکردنی ژیان بۆ 300 هەزار نەخۆش لە ئێستادا چاوەڕوانی چوونە ژوورەوەن لە ڕێگەی دەروازەی ڕەفەحەوە.

لە نەخۆشخانەی ناسر، لە باشووری غەززە، ژوورەکانی چاودێری چڕ پڕبوون لە نەخۆشە بریندارەکان، کە زۆربەیان منداڵی خوار تەمەنی 3 ساڵن، د.محەمەد قەندیل، ڕاوێژکاری نەخۆشخانەکە لە بەشی چاودێری چڕ دەڵێت سەدان کەس بەهۆی سەختی برینەکانیان لە هێرشەکاندا هاتوونەتە نەخۆشخانەکە.

ئەو دەڵێت لە بەشی چاودێری چڕ 35 نەخۆش پێویستیان بە ئامێری هەناسەدان هەیە و 60 نەخۆشی ڕەوشیان نالەبارە. یەکشەممە وتی ئەگەر سووتەمەنی تەواو بێت، "واتە هەموو سیستەمی تەندروستی دادەخرێت.

دکتۆر حوسام ئەبو سەفیە، سەرۆکی پزیشکی منداڵان لە نەخۆشخانەی کەمال ئەدوان لە باکووری غەززە ڕایگەیاند، سەرەڕای فەرمانی ئیسرائیل، ئەو دامەزراوەیە چۆڵ نەکراوە. وتی حەوت منداڵی تازە لەدایکبوو لە ICU هەبوون کە بەسترابووەوە بە ئامێری هەناسەدانەوە. چۆڵکردنی "بە مانای مردن دەبێت بۆ ئەوان و نەخۆشەکانی دیکە کە لە ژێر چاودێری ئێمەدان."

نەخۆشخانەی شیفا لە شاری غەززە، کە گەورەترین نەخۆشخانەی ناوچەکەیە، دەڵێت 100 تەرم لە گۆڕی بەکۆمەڵدا بەخاک دەسپێرن وەک ڕێکارێکی بەپەلە، لە کاتێکدا شوێنی تەرمەکان پڕبوون. دەیان هەزار کەسیش کە لە هەوڵی دۆزینەوەی شوێنێکی پارێزراودان لە گۆڕەپانی ئەو نەخۆشخانەیە کۆبوونەتەوە.

سەرچاوە: ئەسۆشیەیتد پرێس

XS
SM
MD
LG