Accessibility links

بایدن گەیشتە ئیسرائیل، دوای هێرشەکەی سەر نەخۆشخانەی غەززە سەردانەکەی بۆ ئوردن هەڵوەشاندەوە


جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە گەیشتە ئیسرائیل دوای ئەوەی هێرشێکی کوشندە کرایە سەر نەخۆشخانەیەک لە غەززە و ناڕەزایەتی لە سەرانسەری ناوچەکە بە دوای خۆیدا هێنا.

سەرۆک بایدن بێزاری خۆی لەمەڕ هێرشەکەی سەر نەخۆشخانەکە دەربڕی، کە بەهۆیەوە نزیکەی 500 کەس بوونە قوربانی، هەروەها ڕایگەیاند، فەرمانی بە تیمی ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەکەی کردووە زانیاری لەسەر ڕووداوەکە کۆبکەنەوە.

کۆشکی سپی ڕایگەیاند، بایدن کۆبوونەوەیەکی پلان بۆ داڕێژراوی لەگەڵ سەرکردە سەرەکییەکانی عەرەب لە ئوردن هەڵوەشاوەتەوە دوای هێرشی سەر نەخۆشخانەکە.

شەوی سێشەممە تەقینەوەیەکی گەورە نەخۆشخانەیەکی لە غەززە هەژاند و ئەگەری هەیە سەدان کەسی کوشتبێت، لە کاتێکدا جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا بە گەشتێک گەیشتە ئیسرائیل بۆ ئەوەی پشتگیری خۆی بۆ هاوپەیمانی دێرینی ئەمەریکا نیشان بدات.

چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس ئیسرائیلیان بە هۆکاری هێرشەکەی سەر نەخۆشخانەی ئەلئەهلی عەرەبی لە شاری غەززە بە بەرپرسیار زانی و لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند "سەدان کەس بوونە قوربانی، کە زۆربەیان نەخۆش و منداڵ و ژن بوون". کاربەدەستانی فەلەستین ڕایانگەیاند کە نزیکەی 500 کەس کوژراون.

هێزەکانی بەرگری ئیسرائیل ڕەتیان کردەوە هێرشیان کردبێتە سەر نەخۆشخانەکە و ڕایگەیاند، موشەکێک بە هەڵە لەلایەن میلیشیای جیهادی ئیسلامی فەلەستینیەوە ئاڕاستە کراوە و بەر نەخۆشخانەکە کەوتووە. چەکدارانی بزووتنەوەی حەماسیش بەرپرسیاریەتی خۆیان لە هێرشەکە ڕەت کردەوە.

XS
SM
MD
LG