ساڵح فەتاح زراری، فەرماندەی لیوای 18ی پیادەی هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، دوای سێ ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە ئەمڕۆ پێنجشەممە گیانی لەدەستدا، بەمەش ژمارەی ئەو پێشمەرگانەی لە پێکدادانەکەی ڕۆژی یەکشەممە لەگەڵ سوپای عێراق گیانیان لەدەستدا بەرزبوویەوە بۆ 3 کەس.
دواتر تەرمی ساڵح زراری بەرەو گوندی زەرگەزەوی گواسترایەوە و لە مەڕاسیمێکی سەربازی و کۆمەڵایەتیدا بە بەشداری سەدان کەس بەخاکسپێردرا.
دوو کوژراوەکەی تری پێشمەرگە بریتین لە عەقید قەهار، جەوهەر قەهار و هاوڕێ جەوهەر ڕەحمان کە هەردووکیان لە ڕۆژی پێکدادانەکەدا گیانیان لەدەستدا.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پرسەنامەیەکدا بۆ خێزانی فەرماندە ساڵح زراری دەڵێت "شەهید عەقید ساڵح زراری، پێشمەرگەیەکی تێکۆشەر و لە بنەماڵەیەکی خەباتکار و نیشتمانپەروەر بوو. خوای مەزن گیانی بە بەهەشت شاد بکات و سەبر و ئارامییش بە هەمووان ببەخشێت."
شەڕەکەی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە مەخمور دوای ئەوە ڕوویدا هێزەکانی پەکەکە لە سێ خاڵی سەربازی زنجیرە چیای قەرەچوخ لە ڕۆژهەڵاتی کەمپی مەخمور کشانەوە. خاڵە سەربازییەکان تەنها 600 مەتر لە سەنگەرەکانی پێشمەرگەوە دوورن و لەسەر جێگرتنەوەیان ناکۆکی لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقدا دروستبوو.
زنجیرە چیای قەرەچوخ، بە زنجیرە چیایەکی ستراتیژی لە ڕووی سەربازییەوە دادەنرێت، لای باشوری ڕۆژاوای زنجیرە چیاکە، گردەکانی زورگەزراو و کەندێناوایە، لای ڕۆژهەڵاتیشی سنوری دەشتی هەولێرە.
غازی فەیسەڵ، کە فەرماندەی هێزێکی پێشمەرگەی خۆبەخشە لە سنوری زنجیرە چیای قەرەچوخ، پێشتر بە دەنگی ئەمەریکای گوتبوو کە چیای قەرەچوخ ڕۆڵی "شورا" دەبینێت بۆ پاراستنی پایتەختی هەرێمی کوردستان.
بە وتەی فەرماندە غازی فەیسەڵ، "هەر هێزێک لەسەر ئەو شاخە بێت ئەو زاڵدەبێت بەسەر ناوچەکە و ئەو زنجیرە چیایە وەکو شورایەک وایە بۆ شاری هەولێر."