Accessibility links

دەنگدەرانی ئۆهایۆ پاراستنی مافی لەباربردن پەسەند دەکەن


ساڵێک ماوە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتی وڵاتەکە، دیموکراتەکان و داکۆکیکارانی مافی لەباربردن زنجیرەیەک سەرکەوتنیان بەدەستهێنا لە هەڵبژاردنەکانی ڕۆژی سێشەممەی چەندین ویلایەتی ئەمەریکا.

دەنگدەرانی ویلایەتی ئۆهایۆ هەموارکردنەوەی دەستووریان پەسەند کرد بۆ مسۆگەرکردنی دەستڕاگەیشتنی ژنان بە خزمەتگوزاری منداڵ لەباربردن و جۆرەکانی تری چاودێری تەندروستی زاوزێ.

ئەم ڕێوشوێنە دوای بڕیارەکەی دادگای باڵای ئەمەریکا دێت لە ساڵی ڕابردوودا بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی ساڵی 1972ی دۆسیەی ڕۆ دژی وەید درا کە مافی لەباربردنی منداڵی پاراستبوو.

ئۆهایۆ یەکێک بوو لەو چەند ویلایەتەی ئەمەریکا کە قەدەغەکردنی لەباربردنی منداڵ لە ئەنجامی بڕیارەکەی دادگادا، دەستبەجێ کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.

پێش ئۆهایۆ، دەنگدەرانی چەندین ویلایەتی دیکە، لەوانە کالیفۆرنیا، کانساس، کەنتاکی، میشیگەن، مۆنتانا و ڤێرمۆنت، دەستپێشخەرییەکانیان بۆ پاراستنی دەستڕاگەیشتن بە لەباربردنی منداڵ گرتەبەر، دوای بڕیارەکەی دادگای باڵای ساڵی ڕابردوو.

لە ویلایەتی کەنتاکی ئەمەریکا، ئەندی بێشێر، پارێزگاری دیموکراتەکان ڕۆژی سێشەممە سەرکەوتنی بەدەستهێنا لە دووبارە هەڵبژاردنەوەی دوای هەڵمەتێک کە بریتی بوو لە داکۆکیکردن لە دەرکردنی ئەو ویلایەتە لە قەدەغەکردنی تەواوی لەباربردنی منداڵ.
.
دەنگدەرانی ویلایەتی ڤێرجینیا هیوای گلێن یەنگکین، پارێزگاری کۆمارییەکانیان نەهێشت کە دەسەڵاتی یاسادانانی ویلایەتەکە بخاتە ژێر کۆنترۆڵی پارتەکەیەوە. دیموکراتەکان زۆرینەیەکی کەمیان لە ئەنجومەنی سیناتی ویلایەتەکەدا بەدەستەوە بوو لەکاتێکدا زۆرینەی ئەنجومەنی نوێنەرانیان وەرگرتەوە.

یەنگکین پێشنیاری کردووە کە قەدەغەکردنی لەباربردنی منداڵ پاش 15 هەفتەی دووگیانبوون لە ویلایەتی ڤێرجینیا دابنرێت جگە لە حاڵەتەکانی دەستدرێژی، پەیوەندی خزمایەتی یان ئەگەر ژیانی دایکەکە لە مەترسیدا بێت. زۆرینەی دیموکراتەکان لە دەسەڵاتی یاسادانان ڕێگری لەو هەوڵە دەکەن.

کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنی ئاستی ویلایەتەکانی ڕۆژی سێشەممەدا سەرکەوتنێکی بەرچاویان لە ویلایەتی میسیسیپی تۆمار کرد کە پارێزگار تایت ڕیڤز لە براندۆن پرێسلی دیموکراتەکانی بردەوە و خولی دووهەمی پۆستەکەی بەدەستهێنا.

لە مانگی یازدەی ساڵی داهاتوو (2024) ڕێژەیەکی زۆر گەورەتر لە هەڵبژاردنە نیشتمانی و ویلایەتییەکان بەڕێوەدەچێت و لەگەڵ ئەوەشدا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکاش. لە ساڵی داهاتوو هەڵبژاردن بۆ هەر 435 کورسییەکەی ئەنجومەنی نوێنەران و خولێکی نویێ 33 کورسی سینات لە کۆی 100 کورسیدا دەکرێت.

هەروەها هەڵبژاردنی تایبەت ئەنجام دەدرێت بۆ تەواوکردنی ساڵانی کۆتایی خولی ئەنجومەنی پیران بۆ دوو کورسی، یەکێکیان بەهۆی مردنی دایان فاینشتاینی دیموکرات و ئەوی دیکەیان بەهۆی دەستلەکارکێشانەوەی بن ساسی کۆمارییەکان بۆ بوون بە سەرۆکی زانکۆ.

لە ئێستادا دیموکراتەکان زۆرینەیەکی ئاستەمیان لە ئەنجومەنی پیران هەیە، لەکاتێکدا کۆمارییەکان زۆرینەیەکی کەمیان لە ئەنجومەنی نوێنەران هەیە.

لە ساڵی 2024دا یازدە ویلایەت هەڵبژاردن بۆ پارێزگار ئەنجام دەدەن.




XS
SM
MD
LG