راوێژکارێکی پێشووی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق بۆ دوورخستنەوەی محەمەد حەلبوسی لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و لە پەرلەمانتارێتی باکگراوەندێکی سیاسی هەیە، بەوپێیەی نیگەرانی سیاسی هەبوو لە گووتار و مامەڵەی حەلبوسی.
ئەمین بەکر، ڕاوێژکاری پێشووی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "باکگراوندی بڕیارەکەی دادگا سیاسییە، هەرچەندە حەلبوسی تۆمەتبارە بە ساختەکاری. دەبوو دادگای فیدراڵی دۆسێکەی حەلبوسی ڕەوانەی دادگای تاوانەکان بکات بۆ لێکۆڵینەوە و دواتر بڕیارەکەی دەربکردایە، نەک خۆی بەوکارە هەستێت."
ئەمڕۆ سێشەمە، دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاری دوورخستنەوەی محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی لە پۆستەکەی ڕاگەیاند لەسەر سکاڵای پەرلەمانتار لەیس مستەفا دلێمی. '
لەیس مستەفا دلێمی ئەندامی پێشووی پەرلەمان بووە لە هاوپەیمانێتی پێشکەوتنی حەلبوسی، بەڵام دواتر لەلایەن حەلبوسییەوە لە هاوپەیمانێتییەکە و پەرلەمانیش دوورخرابوویەوە.
لە سکاڵاکەیدا بۆ دادگای فیدرالی عێراق، لەیس دلێمی داوایکردبوو فەرمانی پەرلەمانی ژمارە 5 لە ڕۆژی 5-1-2023 هەڵبوەشێنرێتەوە، کە کۆتایی هێنابوو بە ئەندامێتی لە پەرلەمان، حەلبوسیشی تۆمەتبارکردبوو بە ساختەکردنی داوای دەستلەکارکێشانەوەکەی.
ئەمین بەکر، ڕاوێژکاری پێشووی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق ڕوونیکردەوە، محەمەد حەلبوسی توانیبووی زۆرینەی سونەکان لەدەوری خۆی کۆبکاتەوە، ناوبەناویش باسی دروستکردنی هەرێمی سونەی دەکرد، بۆیە گومان دەکرێت پاڵنەری سیاسی لە پشت بڕیارەکەی دادگاوە هەبێت.
ئەو دەڵێت،"ڕەنگە دوور خستنەوەی حەلبوسی کاردانەوەی عاتفی لای شەقامی سونە لێبکەوێتەوە و لە هەڵبژاردنی پارێزگاکاندا دەنگ بهێنێت، بەڵام بۆ دوور مەودا قورسە حەلبوسی بتوانێت بە ئاسانی هەستێتەوە."
محەمەد حەلبوسی پێشتر بۆ ماوەی ساڵێک پارێزگاری ئەنبار بوو، بەڵام لە ساڵی 2018 بووە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ماوەی زیاتر لە 5 ساڵە لەو پۆستەدایە. لە ئێستاشدا سەرۆکی هاوپەیمانێتی پێشکەوتنە و کار بۆ بردنەوەی زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە هەڵبژاردنی ڕۆژی 18 ی مانگی 12 ی 2023 دەکات.
دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق و دوورخستنەوەی لە پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی بڕیارەکەی بە "نامۆ و جێی سەرسوڕمان" وەسفکرد، وتی،"پەنا بۆ ڕێکاری یاسایی دەبەم بۆ پاراستنی مافی دەستوریم."
بە گوێرەی میدیا عێراقیەکان، لە کاردانەوەی بڕیارەکەی دادگای فیدڕالی لە ئێستادا سێ وەزیری حکومەتی عێراق سەر بە هاوپەیمانێتی حەلبوسی کە بریتین لە وەزیری ڕۆشنبیری و پیشەسازی و پلاندانان نامەی دەستلەکارکێشانەوەیان ئامادەکردووە. هەروەها میدیا عیراقیەکان دەڵێن پەرلەمانتارانی نزیک لە حەلبوسی کە ژمارەیان 40 ئەندامە بڕیاریانداوە بە بایکۆتی بەشداری لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی پەرلەمان.
ڕوون نییە دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کێ وەک جێگرەوەی حەلبوسی دیاریدەکرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان لە دوای ساڵی 2003 و گۆڕانی ڕژێمی عێراق بۆ سوننە بووە، پێشبینی دەکرێت جوڵە سیاسیەکانی فراکسیۆنە سونەکان لە بەغدا بۆ ئەوە بێت بە ڕێککەوتن کەسێک بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە کاندید بکەن.
محەمەد فازڵ دلێمی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە هاوپەیمانێتی سەروەری سەربە عەرەبی سونە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی ڕێزلێگیراوە، بۆیە وەکو پەرلەمانتار و سەرکردەکانی عەرەبی سونە کۆدەبینەوە و بیر لە قۆناغی داهاتوو دەکەینەوە."
یەکێکی تر لە ئەگەرەکان بریتییە لە کشانەوەی سونەکان لە پرۆسەی سیاسی، بەتایەبت لە حاڵەتی یەکگرتنی حەلبوسی و خەمیس خەنجەری سەرکردەی سونەی ڕکابەری.
بەڵام محەمەد فازڵ دەڵێت ،"ئێمە وەکو سونەکان بەردەوام دەبین لە کاری سیاسی و چاوەڕێی کۆبوونەوەین، تا سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمانی عێراق دیاری بکەین."
بڕیارە سبەینێ چوارشەمە، بۆ تاوتوێکردنی پرسی دوورخستنەوەی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە، لایەنە شیعەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبوونەوەیەکی بەپەلە ئەنجام بدەن.
کۆبوونەوە بەپەلەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکانی پێکهێنەری حکومەت، بۆ تاوتوێکردنی بارودۆخی پرۆسەی سیاسی عێراق و ئەگەری هەڵوێست وەرگرتنی لایەنە سونەکانی عێراقە.
دکتۆر محەمەد حسام، بەرپرسی پەیوەندی گشتییەکانی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی شیعی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "بڕیاری دوورخستنەوەی حەلبوسی بڕیارێکی یاساییە نەک سیاسی، چونکە دادگای عێراقی سەربەخۆیە لە بڕیارداندا."
هەروەها وتیشی، "هەندێک پەرلەمانتار سکاڵایان لە سەر حەلبوسی هەبووە، دواجار دادگا بڕیاریداو بڕیارەکەش دەرئەنجامی تێڕوانینی خودی دادگایە."