تەنها دوو ڕۆژ دوای ئەوەی ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستیکردەوە بە بڵاوکردنەوەی چالاکییەکانی قوباد تاڵەبانی، ئەمڕۆ بۆجارێکی تر بابەتەکانی تایبەت بە جێگری سەرۆکی حکومەت لەسەر پەڕەی سەرەکی ماڵپەڕەکە لابران.
ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لاپەرە فەرمییەکانی حکومەت نزیکەی ساڵ و نیوێک دەبێت هیچ چالاکی و لێدوانێکی جێگری سەرۆکی حکومەتیان بڵاونەدەکردەوە. بەڵام کەمتر لە هەفتەیەک دوای بەدواداچوونێکی دەنگی ئەمەریکا لەسەر ئەم بابەتە و بۆ یەکەمجار ئەم هەفتەیە دوو بابەتیان بڵاوکردەوە.
بابەتی یەکەم سەرەتای ڕۆژی دووشەممە، 27ی یازدەی 2023، بڵاوکرایەوە بە سەردێڕی "قوباد تاڵەبانی: بەداخەوە تا ئێستا پرسی توندوتیژی دژی ژنان لای بەشێکی بەرچاوی کۆمەڵگا پرسێکی پەراوێزخراو بووە. دوێنێ سێشەممەش بابەتێکی تر بڵاوکرایەوە بە ناونیشانی، "بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، شۆڕش ئیسماعیل گەڕایەوە بۆ ئەرکەکەی وەک وەزیری پێشمەرگە."
بەڵام ئەمڕۆ هەردوو بابەتەکە لەسەر پەڕەی سەرەکی ماڵپەڕ لابراون و تا بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە نەگەڕێنراونەتەوە.
بابەتەکان بە هەمان شێوە لە لاپەڕەکانی حکومەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەکو فەیسبوک لابراون.
بۆ زانیاری لەسەر هۆکاری دووبارە کوژاندنەوەی بابەتەکانی تایبەت بە جێگری سەرۆکی حکومەت، دەنگی ئەمەریکا چەند جارێک پەیوەندی بە بەرپرسان کرد بەڵام تا ئێستا پەیوەندییەکان بەردەست نەبوون.
لە ڕاپۆرتێکی دەنگی ئەمەریکا کە دوێنێ ڕۆژی سێشەممە بڵاوکرایەوە ئەوە هاتووە، هۆکاری بڵاونەکردنەوەی چالاکیەکانی قوباد تاڵەبانی لە ماڵپەڕەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئالۆزبوونی پەیوەندی نێوان یەکێتی و پارتی لە ساڵی ڕابردوو کە دواتر بووە هۆی "بایکۆتکردنی" کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران لەلایەن تیمی یەکێتییەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار کە ناوی لای دەنگی ئەمەریکا پارێزراوە ئەوەی ڕاگەیاند کە "تیمی یەکێتی" لەو کاتەوە هیچ چالاکییەکی قوباد تاڵەبانییان بۆ بەڕێوبەرانی ماڵپەرنەناردووە بۆ بڵاوکردنەوە.
دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی کرد بە وتەبێژی حکومەت پێشەوا هەورامانی، بەڵام ئەو ئامادەنەبوو لێدوان لەسەر ئەم بابەتە بدات "چونکە پەیوەندی بە تیمی کاک جوتیار عادلەوە هەیە."
جوتیار عادل، سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی، تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە وەڵامی دەنگی ئەمەریکای نەداوەتەوە بۆ لێدوان لەسەر ئەم بابەتە.
سەمیر هەورامی، گوتەبێژی جێگری سەرۆک وەزیران، بە هەمان شێوە ئامادەنەبوو لەسەر ئەم پرسە لێدوان بدات.
گەڕانێکی کەم بە ناو ماڵپەڕی حکومەتی هەرێم ئەوە دەردەخات کە ڕۆژانە چەندین هەواڵ سەبارەت بە چالاکی و وتەکانی مەسرور بارزانی بڵاو دەکرێنەوە، بۆ نمونە: "سەرۆكی حکومەت پێشوازی لە شاندێکی سەربازیى بەریتانی دەکات،" "مەسرور بارزانی دەڵێت، پرۆژەی ‘هەژماری من’ ئەم مانگە لە سلێمانی و دهۆک دەست پێ دەکات،" یان "سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا کۆبووەوە."
بەڵام گەڕانەوە بۆ مێژووی ماڵپەڕەکە و لاپەڕە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێم لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەوە پیشاندەدەن کە لە ناوەڕاستی ساڵی 2022ەوە هیچ ئاماژەیەکیان نەکردووە بە چالاکییەکانی جێگری سەرۆکی حکومەت قوباد تاڵەبانی، لە کاتێکدا جگە لە چالاکیەکانی سەرۆکی حکومەت مەسرور بارزانی، بەردەوام هەواڵیان لەسەر چالاکییەکانی بەرپرسانی تری حکومەتیش بڵاوکردووەتەوە.
پێچەوانەی پێگەکانی ڕاگەیاندنی حکومەتی هەرێم،ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێم و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی، هاوشانی چالاکییەکانی سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی، بەردەوام چالاکییەکانی هەردوو جێگرەکەی "بەڕێز" شێخ جەعفەر شێخ مستەفا و مستەفا سەید قادر بڵاودەکەنەوە. بەشێکی تایبەت لە بەشی چەپی ماڵپەڕەکە بۆ هەردوو جێگرەکە داندراوە.
جگە لە ماڵپەڕی حکومەتی هەرێم، وەزارەتی پیشمەرگەش بە هەمان شێوە هیچ چالاکییەکی تمی یەکێتی لەو ماوەیەدا بڵاونەکردووەتەوە.
لە مانگی 10ی ساڵی ڕابردووەوە ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی گرژییەکی زۆرتری تێکەوت، بەتایبەت دوای تۆمەتبارکردنی ژمارەیەک پلەداری دژە تیرۆری یەکێتی بەکوشتنی عەقیدێکی دژە تیرۆر لە هەولێر بەناوی هاوکار جاف. یەکێتی لای خۆیەوە پارتی بەوە تۆمەتبار دەکرد کە گەمارۆی ئابووری خسووەتە سەر سلێمانی و "زۆنی سەوز."
گرژییەکان بوونە هۆی ئەوەی بۆ نزیکی 6 مانگ تیمی یەکێتی لە حکومەت، بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی، "بایکۆتی" کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران بکەن و بایکۆتەکە بەردەوامبوو تا ناوەڕاستی ئەمساڵ و کۆبونەوەیەکی کتوپڕ لە نێوان سەرۆکی حکومەت مەسرور بارزانی و جێگری سەرۆکی حکومەت قوباد تاڵەبانی لە بەرواری 8ی مانگی پێنج ئەنجام درا.