Accessibility links

پاپا فرانسس هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر شەرمەزار دەکات


پاپا فرانسس ڕۆژی چوارشەممە هێرشی ئێرانی بۆ سەر هەرێمی کوردستانی عێراق شەرمەزار کرد و داوای لە هەموو لایەنەکان کرد ڕێگری بکەن لە پەرەسەندنی توندوتیژی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەم هێرشانە نیگەرانییەکانی لەسەر خراپتربوونی ڕەوشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قووڵتر کردووەتەوە هاوکاتی بەردەوامی شەڕی ئیسرائیل دژ بە حەماس لە غەززە لە کاتێکدا هاوپەیمانانی ئێرانیش لە لوبنان، سوریا، عێراق و یەمەن چوونەتە نێو شەڕەکەوە.

پاپا فرانسس گوتی "پشتیوانی و هاوسۆزی خۆم بۆ قوربانیانی هێرشە مووشەکییەکەی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان دەردەبڕم".

پاپای ڤاتیکان ئاماژەی بەوەش کرد "پەیوەندی باشی نێوان دراوسێکان بە کردەوەی لەو جۆرە دروست نابێت، بەڵکو بە دیالۆگ و هاوکاری دروست دەکرێت."

داواشی لە هەموولایەک کرد خۆیان لە هەر هەنگاوێک بەدوور بگرن کە ببێتە هۆی پەرەسەندنی شەڕ و ناکۆکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

درەنگانێکی شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە، سوپای پاسدارانی ئێران هێرشی مووشەکی کردە سەر هەولێر و 4 هاووڵاتی سیڤیل گیانیان لەدەستداوە و 6 کەسی دیکە برینداربوون.


سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG