Accessibility links

پارێزگاری هەولێر: گەر ئێران دەیەوێت شەڕی ئیسرائیل بکات، شوێنی ئیسرائیل دیارە و خاکی خۆی هەیە


ئومێد خۆشناو- پارێزگاری هەولێر
ئومێد خۆشناو- پارێزگاری هەولێر

پارێزگاری هەولێر ڕایدەگەیەنێت، هێرشکردن و بەئامانجکردنی ماڵی وەبەرهێنەران بۆ لێدانە لە ئابووری هەرێمی کوردستان، پەیامێکیشە بۆ ئەوەی کە نایانەوێت هەرێمی کوردستان پێشبکەوێت.

دوێنێ شەو ئێران بە موشەکی جۆری بالیستی هێرشیکردە سەر ماڵی پێشڕەو دزەیی سەرمایەداری دیاری شاری هەولێرە و بەوهۆیەوە خۆی و کچێکی و دوو کەسی تر کوژران. لەکاتێکدا لە ڕۆژی 13ی مانگی 3 ی ساڵی 2022، ئێران بەهەمان تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل هێرشیکردە سەر ماڵی سەرمایەدارێکی تر بەناوی شێخ باز.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەوان باش دەزانن هیچ بنکە و بارەگایەکی ئیسرائیل لە هەرێم بوونی نییە، ئەمە تەنها بیانووە. بیانووەکەشیان زۆر لاوازو نالۆژیکییە."

ئەو وتیشی، "گەر ئەوان دەیانەوێت شەڕی ئیسرائیل بکەن، شوێنی ئیسرائیل دیارە و خاکی خۆی هەیە."

لە مانگی 10ی ساڵی 2023ەوە و لەوکاتەی شەڕی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس سەریهەڵداوە، گروپە میلیشیا شیعەکانی نزیک لە ئێران بە بیانووی بوونی هێزەکانی هاوپەیمانان، چەندین جار هێرشی درۆنییان کردووەتە سەر شاری هەولێر.

بەئامانجکردنی ماڵی پێشڕەو دزەیی سەرمایەداری هەولێر لەکاتێکدایە، لە ڕۆژی 30ی مانگی 12ی ساڵی 2023، هێرشی درۆنی کرایە سەر بارەگایەکی پێشمەرگە لە پیرمام. شوێنی هێرشەکە چەند کیلۆمەترێک لەبارەگای بارزانییەوە دووربوو.

پارێزگاری هەولێر دەڵێت، "هەموو هێرشە درۆنی و موشەکییەکان یەک ئامانج و یەک سەرچاوەیان هەیە، بە ئامانج گرتنی وەبەرهێنەرانیش بەشێکی ترە لە پلانەکانی دژی هەرێم."

ئومێد خۆشناو وتیشی، "لەهەموو لایەکەوە شەڕ لەگەڵ هەرێم دەکرێت، بڕینی موچە و بودجە و بەکارهێنانی دادگای فیدراڵی و جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنەکانی پێکهێنانی حکومەت هەمووی گرێدراوی یەکترین."

جەختیشیکردەوە، "بە ئامانج کردنی ماڵی وەبەرهێنەرانیش بەشێکە لە لێدان لە ئابووری هەرێم و پەیامێکە کە نایانەوێت کوردستان زیاتر پێشبکەوێت."

هاوکات لەگەڵ بە ئامانج کردنی ماڵی پێشڕەو دزەیی کەسایەتی هەولێر، بارەگایەکی سەربە ئەژی ئەمین، بەرپرسی پێشووی دەزگای زانیاری یەکێتی کرایە ئامانج. ئەمە جگە لەوەی سێ درۆنی بۆمبڕێژکراویش تێکشێنران.

ئومێد خۆشناو وتی، "کاتژمێر 5:5 خولەکی بەرەبەیان، سێ درۆن لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر لەلایەن هاوپەیمانانەوە تێکشکێنران. جگە لە ماڵی شەهید پێشڕەو دزەیی، هێرشەکانی تر زیانی گیانیان لێنەکەوتۆتەوە."

بەهۆی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر شاری هەولێر، لە سنوری ئەو پارێزگایە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ ماتەمینی گشتی لەلایەن پارێزگاری هەولێرەوە ڕاگەیەنراوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:07 0:00

XS
SM
MD
LG