Accessibility links

راوێژکاری سەرۆکی هەرێم: ئێران لەسەر بنەمای زانیاری هەڵە هەولێر بۆردومان دەکات


شوێنی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر
شوێنی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر

بەرپرسانی هەرێمی کوردستان پاساوەکانی ئێران بۆ هێرشکردنە سەر شاری هەولێر ڕەتدەکەنەوە، گوایە دەزگای هەواڵگیری ئیسرائیل بوونی هەبێت لەو شارە. دەڵێن ئێران لەسەر بنەمای زانیاری هەڵە هێرشەکانی ئەنجامداوە.

زیرەک کەمال، ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "تێگەشتنی هەڵە لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە و لەسەر بنەمای زانیاری نادروست هێرشکراوەتە سەر شاری هەولێر. جگە لەو وڵاتانەی بە ئاشکرا کونسوڵخانەیان لەهەولێر هەیە، هیچ وڵاتێکی تر بارەگای نهێنی لە هەولێر نییە. تۆمەتەکان پاساون بۆ هێرشەکان."

شەوی 15ی مانگی 1ی 2024، لەیەککاتدا بە موشەکی بالیستی و درۆن هێرشکرایە سەر شاری هەولێر. ئێران بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکان ڕاگەیاند.

هێرشەکان ماڵی پێشڕەو دزەیی سەرمایەداری دیاری شاری هەولێر و بنکەیەکی ئاسایشی سەربە ئەژی ئەمین بەرپرسی پێشووی دەزگای زانیاری یەکێتییان کردە ئامانج، کەناوبراو لەگەڵ یەکێتی دا کێشەی هەیە و لەشاری هەولێر کاروبارەکانی وەکو بەرپرسێکی هەواڵگیری ڕایی دەکات.

بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە، پێشڕەو دزەیی سەرمایەداری شاری هەولێر و کچێکی و دوو کەسی تر کوژران.

بە ئامانجگرتنی ماڵی سەرمایەدارەکەی هەولێر لەکاتێکدایە، لە ڕۆژی 13ی مانگی 3ی ساڵی 2022، ئێران ماڵی شێخ بازی بۆردومانکرد ئەویش سەرمایەدارێکی دیاری هەولێرە بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل.

زیرەک کەمال دەڵێت، "موشەکەکان لەسەر بنەمای زانیاری نادروست و بۆ شوێنی مەدەنی دەهاوێژرێن. خۆ گەر ماڵی بازرگانیش نەبایە، موشەک بەر ماڵە هەژارێک دەکەوت. هەرێم مەترسی نییە لەسەر هیچ وڵاتێک و ئامانج لە هێرشەکان ترس و تۆقاندنە."

هێرشەکانی ئێران بۆ سەر شاری هەولێر کاردانەوەی بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان و باڵیۆزخانەی وڵاتانی لێکەوتەوە، بەتایبەت بەرپرسانی هەرێمی کوردستان وێڕای ئیدانەکردنی هێرشەکان داوای سنوردانانیشیان بۆ پەلامارەکانی ئێران کرد.

مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی هێرشەکانی سەر شاری هەولێر، ڕایگەیاند، "دانبەخۆداگرتنمان سنووری هەیە. ئەنجامدەرانی هێرشەکانی سەر شاری هەولێر خۆیان زۆر چاک دەزانن کە بیانوو و بانگەشەکانیان هیچ بنەمایەکی نییە."

جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئێران هەرێم تۆمەتبار دەکات گوایە بنکەی دامودەزگای هەواڵگیری دەرەکی تێدایە، بەڵام هەمیشە بەرپرسانی هەرێم ڕەتیانکردووەتەوە هیچ بنکەیەکی دەرەکی لە هەرێم بوونی هەبێت."

جەبار یاوەر پێیوایە یەکێک لە ئامانجەکانی ئێران لە بۆردومانکردنی هەرێمی کوردستان پیشاندانی هێزە بە ئەمەریکا و ئیسرائیل، بەوەی ڕۆکێتە بالیستییەکانی پێشکەوتوون و دەتوانن ئامانجەکان بەوردی بپێکن.

ئەمڕۆ سێشەممە، لیژنەیەکی باڵای ئەمنی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق سەردانی شاری هەولێری کرد بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکان.

ئەعرەجی ڕایگەیاند، "ئەو بانگەشانەی باسدەکران گوایە ماڵی پێشڕەو دزەیی بارەگای مۆسادە، ڕاست نین."

سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراقیش بڕیاریدا لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوی هێرشکردنە سەر شاری هەولێر پێکبهێنێت، داواشی لە حکومەت کردووە بەپەلە کاربکات بۆ ڕێگریکردن لەو هێرشانەی لەدەرەوە دەکرێنە سەر عێراق.

سەعد مەتڵەبی، سەرکردە لە دەوڵەتی یاسا، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "عێراق کراوەتە گۆڕەپانی ململانێی دەرەکی. دەبێت هێرشەکان بەهەند وەربگیرێن و نابێت ئەم هێرشانە بەردەوام بن."

لەکاتێکدا پاساوی ئێران بۆ هێرشکردنە سەر شاری هەولێر هەبوونی بارەگای دەزگای هەواڵگیری ئیسرائیلە، بەڵام بەرپرسانی حکومەتی هەرێم ئەو بیانووە ڕەتدەکەنەوە و ئامادەیی خۆشیان پیشانداوە بۆ پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە.

سەعد مەتڵەبی وتی، "هەمیشە دەوترێت ئیسرائیل لە نێو هەندێک ڕێکخراو و کۆمپانیا و بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا بوونی هەیە، ئەمە ئەرکی حکومەتە ئەم بابەتە یەکلایی بکاتەوە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:59 0:00

XS
SM
MD
LG