Accessibility links

بەرپرسێکی باڵای عێراق ئیدیعاکانی ئێران بۆ هێرشکردنە سەر بنکەیەکی مۆساد لە هەولێر بە درۆ دەخاتەوە


ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ڕۆژی سێشەممە، ئیدیعاکانی ئێرانی ڕەت کردەوە کە دەڵێت هێرشی کردووەتە سەر بنکەیەکی مۆساد لە پایتەختی هەرێمی کوردستان.

قاسم ئەعرەجی دوای ئەوەی سەردانی ئەو باڵەخانەیەی کرد کە لەلایەن ئێرانەوە هێرشی مووشەکی کرایەسەر، بە کەناڵی تەلەفزیۆنی K24ی ڕاگەیاند " ئەم ماڵەی کە مووشەکباران کراوە، ماڵی بازرگانێکی سیڤیلە، نەک بنکەی مۆسادی ئیسرائیل".

ئەعرەجی کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە ئەرکی لێکۆڵێنەوەی لە هێرشەکە پێسپێردراوە گوتی "هەموو ماڵەکەمان بینیوە و بۆمان روون بووەتەوە، ئەمە خانووی بازرگانێکی مەدەنییە و ئەو پڕوپاگەندانەش دوورن لە ڕاستییەوە کە گوایە بارەگایەکی مۆسادی ئیسرائیلی کراوەتە ئامانج، بێگومان ئەمە پێشێلکردنی سەروەری عێراق و هەرێمی کوردستانە و هەڵوێستێکی ڕوونمان لە ئاست ڕووداوێکی وەهادا دەبێت."

ئەمەش لە کاتێکدایە وەزارەتی دەرەوەی عێراق بانگی هەڵسوڕاوی کاروباری ئێرانی لە بەغدا کردووە و یاداشتێکی ناڕەوزایەتی پێداوە.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت " محەمەد ڕەزا ئەلحوسەینی بەرپرسی بەشی وڵاتانی دراوسێ بە وەکالەت، یاداشتێکی ناڕەزایەتی گەیاندووەتە ئەبو ئەلفەزڵ عەزیزی، هەڵسوڕاوی کاروباری ئێران لە بەغدا."

درەنگانێکی شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە، سوپای پاسدارانی ئێران هێرشی مووشەکی کردە سەر هەولێر و بە پێی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان 4 هاووڵاتی سیڤیل گیانیان لەدەستداوە و 6 کەسی دیکە برینداربوون.

دوا بەدوای هێرشەکە سوپای پاسدارانی ئێران بە بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی سەر هەولێری گرتە ئەستۆ و ڕایگەیاند بارەگا سەرەکییەکانی مۆسادی لە هەرێمی کوردستان وێرانکردووە و ەک کاردانەوە بەرامبەر جموجۆڵەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل کە بووە هۆی کوژرانی فەرماندە لە سوپای پاسداران.

XS
SM
MD
LG