وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند لە ئێستادا تیمێکی ئاسایشی هاوبەش لە نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق پێکهاتووە بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشە مووشەکییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆسەر هەولێر کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 4 کەس و برینداربونی چەندین کەسی دیکە.
بڕیارە دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکانیان لە ماوەی 48 کاتژمێردا بڵاوبکرێنەوە.
پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "وڵاتانی دونیا جاری وا هەیە لەسەر لێدوانێکی سادە باڵیۆزی یەکتر بانگ دەکەن و دەیانکشێنەوە، من نازانم لەوەزیاتر چی بکرێت مووشەکی بالستی لە وڵاتەکەت بدرێت و هەڵوێستت نەبێت."
وتیشی، "ئەگەر لە حکومەتی عێراق هەڵوێستی جدی لە بەرامبەرئەم هێرشانە بەدینەکەین هیچ مانایەک بۆ سەروەری عێراق نامێنێتەوە."
محهممهد شیاع سوودانی، سهرۆكوهزیرانی عێراق، کە ئێستا بۆ بهشداریكردن له كۆڕبهندی ئابووریی لە داڤۆسە، له چاوپێكهوتنێكیدا بۆ ئاژانسی بلومبێرگ هێرشهكهی ئێرانی بە "كارێكی دوژمنكارانهی روون" دژى عێراقی داناوە و بە پێشهاتێکى "مەترسیدار" ناوی بردووە.
بەر لەم لێدوانەش، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، قاسم ئەعرەجی، ئەمڕۆ سێشەممە، بە سەردانێک گەشتە هەولێر و بانگەشەکانی ئێرانی سەبارەت بە هەبوونی بنکەیەکی مۆساد لە پایتەختی هەرێمی کوردستان ڕەتکردەوە.
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیێندراوێکیدا دەڵێت، "محەمەد ڕەزا ئەلحوسەینی بەرپرسی بەشی وڵاتانی دراوسێ بە وەکالەت، یاداشتێکی ناڕەزایەتی گەیاندووەتە ئەبو ئەلفەزڵ عەزیزی، هەڵسوڕاوی کاروباری ئێران لە بەغدا."
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕوونکردەوە، " قاسم ئەعرەجی ، ڕاوێژگاری ئاسایشی نشتیمانی عێراق ، دوای بینی شوێنی مووشەکەکان ئەوەی ووتووە کە ئەو شوێنەی کراوەتە ئامانج ماڵی هاونشتیمانیەکی مەدەنیە."
ئەمڕۆ سێشەممە، 16-01-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا؛ لە "ماڵی کوردستان" لە داڤۆس ڕایگەیاند هێرشەکەی سوپای پاسداران بۆ سەر هەولێر "بێ پاساو و نامەردانە" بوو. داواشی لە حکومەتی عێراق کرد هەڵوێستەکەی لەبارەی هێرشەکان "تەنها سەرکۆنەکردن" نەبێت.
جگە لە هێرشەکانی پاسداران بۆ ناو شاری هەولێر، چەند میدیایەکی ناوخۆیی هەرێم بڵاویانکردۆتەوە لە هەمانکاتدا دوێنێ شەو هێرشکراوەتە سەر پیرمام و مەلا ئۆمەر و ناوچەی کۆرنوش و شەقڵاوە و بنەسڵاوە و مەسیف و خەلیفان، وە هەروەها لە سەری ڕەش بارەگایەکی دەزگای پاراستن کراوەتە ئامانج.
پێشەوا هەورامانی ئامادە نەبوو ئەم دەنگۆیانە پشتڕاستبکاتەوە و بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "من هیچم نەبیستووە."
هێرشەکان لە کاتێکدان کە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئێستا لە سویسرایە بۆ بەشداری له كۆڕبهندی ئابووریی داڤۆس. تا ئێستا ڕوون نییە سەرۆکوەزیران بەهۆی هێرشەکان کەی کۆتایی بە گەشتەکەی دەهێنێت.
وتەبێژی حکومەت لەمبارەوە ڕایگەیاند، "سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە داڤۆس لەگەڵ هەموو ووڵاتان کۆدەبێتەوە و داوامان ئەوەیە بێدەنگ نەبن لە بەرامبەر کوشتن و بریندارکردنی منداڵانی کورد بە بیانوی بێ بنەما."
ماڵپەڕی حکومەتی هەرێم بڵاویکردۆتەوە کە ئەمڕۆ مەسرور بارزانی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ئەمەریکا و قەتەر و فینلەندا و سەرۆک وەزیرانی ئوردن کۆبۆتەوە.
مەڵپەڕی حکومەت دەڵێت، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسرور بارزانی، وتویەتی "بە توندترین شێوە" سەرکۆنە هێرشەکەی هەولێر دەکات.