Accessibility links

یەک جۆرهێرشی ئێران، دوو کاردانەوەی جیاوازی عێراق و پاکستان


کاردانەوەکانی عێراق و پاکستان بەردەوامن لەسەر ئەو هێرشانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کردونیەتە سەر ئەو دوو وڵاتە.

کاردانەوەی ئیسلام ئاباد گەیشتووەتە ئاستی هەنگاونان بەرەو سڕکردنی پەیوەندییە دیپلۆماتییەکان لەگەڵ تاراندا و هەرچی عێراقیشە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای دژی ئێران تۆمارکردووە.

دکتۆر فارس ئەلخەتاب، پسپۆڕی سیاسی ئاماژە بەوە دەکات، هەڵوێستی پاکستان بۆ کشاندنەوەی باڵیۆزەکەی خۆی لە تاران و داواکردنی ئەوەی باڵیۆزی ئێرانیش نەگەڕێتەوە بۆ ئیسلام ئاباد "هەڵوێستێکە پێویستە وەک ئاماژەیەکی گەورە لێی بڕوانرێت بۆ هەڵوێستی بوێرانە و بابەتیانە چونکە پێویستە هەموو وڵاتانی جیهان بەرەنگاری ئەو جۆرە پێشێلکاریانە ببنەوە لە کاتێکدا هەموومان کەوتووینەتە بەردەم وەرچەرخانێکی ترسناک."

دکتۆر ئەلخەتاب، دەڵێت بێگومان هەڵوێستی پاکستان و عێراق جیاواز دەبێت، چونکە "حکومەت و دامەزراوە عێراقییەکانیش لە ڕاستیدا پەیوەندییەکی نابەرابەریان هەیە لەگەڵ ئێراندا، بەتایبەتیش لەگەڵ پاسدارانی شۆڕشی ئێرانیدا کە کۆنترۆڵی زۆرێک لە جومگەکانی دەسەڵاتی کردووە لە عێراقدا لە هەردوو ڕووی سیاسی و ئاسایشییەوە، هەربۆیەشە هیچ لایەکیان نایانەوێت هەڵوێستێکی وەهایان هەبێت کە ئێران توڕە بکات."

وەک ئەم پسپۆڕە سیاسییە باسی دەکات "زۆرێک لە چاودێر و شیکەرەوە وەها لە عێراق دەڕوانن، وڵاتێکە سەروەریی نییە، بەتایبەتیش کە ناتوانێت هیچ شتێک بەرامبەر ئێران بکات؛ بێجگە لە ئێران، هیچ وڵاتێکی تر نییە عێراق سەروسەودای لەگەڵدا بکات بەو تایبەتمەندێتیانەوەی لەگەڵ ئێراندا دەیکات."

وەزارەتی دەرەوەی پاکستان جەخت دەکاتەوە لەوەی "ئەوەی ئێران کردوویەتی بە هیچ شێوەیەک جێی قبوڵ نییە و هیچ پاساوێکیش هەڵناگرێت و لێکەوتەکانی ئەو هێرشەش لە ئەستۆی ئێراندایە."

ئیسلام ئاباد دەڵێت پەیامی خۆی گەیاندووەتە حکومەتی ئێران و دەسەڵاتدارانی تارانیش ئاگادارکراونەتەوە لەوەی پاکستان بڕیاریداوە باڵیۆزی خۆی لە ئێران بگەڕێنێتەوە و هەروەها باڵیۆزی ئێرانیش بۆ پاکستان کە ئێستا بە سەردانێک لە ئێرانە، وەک دەڵێت "ڕەنگە لە ئێستادا نەگەڕێتەوە."
پێشتر تاران و ئیسلام ئاباد نیگەرانی ئاسایشییان هەبووە بەرامبەر بە یەکتر.

دەسەڵاتدارانی ئێران دەڵێن لەو هێرشەیاندا بۆ سەر پاکستان، ڕێکخراوی جوندوڵا ئامانج بووە. جوندوڵا ڕێکخراوێکی توندڕەوی سوننە ئاینزایە و وەهای ڕاگەیاندووە داکۆکی لە سوننەکانی ناو ئێران دەکات.
ئیسلام ئاباد، نیگەرانی هەیە سەبارەت بە بوونی هەندێک دەستە و تاقمی بەلوچ کە دژی پاکستانن و لە هەندێک ناوچەی ئێراندان.

شیکەرەوە دەڵێن لە وەڵامی ئەو هێرشەی ئێراندا، دەشێت پاکستان ڕێکخراوە چەکدارە بەلوچییەکان بە ئامانج بگرێت، بەڵام جەختیش دەکەنەوە لەوەی پێویستە لە سەرەتادا هەنگاوی دیپلۆماتی بگیرێنەبەر.

دکتۆر قەمەر چیما، بەڕێوبەری نێوەندی سنوبەر، دەڵێت "ئێران وەک ئامانجێکی ئاسان هێرشی کردە سەر پاکستان و ئامانجەکەش ئەوەیە تواناییە لەشکرییەکانی خۆی نیشانی خەڵکی خۆی بدات."

دکتۆر قەمەر، لە لێدوانەکەیدا بۆ بەشی ئوردوو لە دەنگی ئەمەریکا، دەشڵێت " ئێران بەو هێرشانەی ئەم دواییەی، پەیامێکیشی ناردووە بۆ زلهێزەکانی جیهان کە توانایی هەیە و دەشتوانێت کاردانەوەی توندی هەبێت ئەگەر دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆی ئێراندا بکرێت."

بە ڕوانینی دکتۆر قەمەر، پاکستان دەتوانێت هێرشی بەرپەرچ دەرەوەی خۆی بکات، بەڵام دەشڵێت "پرسیارەکە لەوەدایە کێ بە ئامانج بکرێت لە ئێراندا؟ پاکستان لەوانەیە دەستە و تاقمە چەکدارەکانی بەلوچ لە ئێراندا بکاتە ئامانج."

عەلاء ئەلهویجل، نوسەر و ڕۆژنامەوانێکی عێراقییە و لەوبڕوایەدایە کۆمەڵێک فاکتەر هەن باڵیان کێشاوە بەسەر کاردانەوەکانی حکومەتی عێراقدا لەسەر دەستدرێژی و پێشێلکارییەکانی ئێران دەیانکات وەک دەڵێت "فاکتەرە سیاسی و ئاسایشی و ئابوریی و تەنانەت کلتورییەکانیش کاریگەرییان هەیە لەسەر سنوردارکردنی کاردانەوەی دەسەڵاتدارانی عێراق."

بەڕێز ئەلهویجل دەڵێت "سەرەک وەزیری عێراق حکومەتێکی هەیە کە زۆربەی لایەنە بەشدارەکان لەو حکومەتەیدا، با نەڵێین سەر بە ئێرانن بەڵام زۆر دۆستی ئێرانن، هەربۆیەشە کاردانەوەی بەڕێز سودانی هەرگیز ناگاتە ئەو ئاستەی ئەو لایەنانە توڕە بکات، چونکە ئەو لایەنانە ئێران وەک هاوپەیمانێکی ستراتیژی و وەک هاوپەیمانێکی ئاینی و ئاینزایی دەبینن، هەربۆیە هەرگیز پێموانییە ئەو لایەنانە ڕێگەبدەن بە سەرەک وەزیر، پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێراندا بپچڕێنێت یان هەنگاوێکی توند بگرێتەبەر لەبەرامبەر تاران."

عەلاء ئەلهویجل، ئاماژەش بەوە دەکات، چۆن عیراق دەتوانێت هەنگاوێکی هاوشێوەی پاکستان بنێت لە کاتێکدا وەک دەڵێت "وڵاتەکە پشتێکی تەواوەتی بەستووە بە گازی ئێران بۆ کارکردن بە وێستگە ئەلیکتریکییەکانی، عێراق پشتێکی گەورەی بەستووە بە کەرەستە و کاڵاکانی ئێران، جا ڕاگرتنێکی کەمیش لەو بازرگانییەی کە هەیە دەبێتە مایەی دروستبوونی قەیرانێکی گەورە لە بازاڕی عێراقدا. ئەگەر ئاوەها شتێک ڕووبدات ئەوا حکومەتی عێراق دەکەوێتە ڕەوشێکی زۆر سەخت و قورستر لەوەی کە ئێستا تیایدایەتی، هەربۆیە سودانی بە ناچاری دەبێت هاوسەنگییەک دروست بکات لە نێوان ئەوەی دەتوانێت بیکات و ئەوەی ناتوانێت بیکات."

سکاڵای عێراق و پەنابردنە بەر ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، وەک دکتۆر فارس دەڵێت "هەنگاوێکی بێ پێشینە و گرنگە لەو ڕوانگەیەوەی کۆماری ئیسلامی ئێرانی خستۆتە بەردەم لێپێچینەوەی نێونەتەوەیی لەبەردەم باڵا ترین سەکۆی جیهانیدا، ئەمەش دەشێت کاریگەرییەکی نەرێنی هەبێت لەسەر پەیوەندییەکانی بەغدا و تاران و هەروەهاش وەک ڕووبەڕووبوونەوەیەکی دیپلۆماتیانە لێی بڕوانرێت."

عەلاء ئەلهویجل، نوسەر و ڕۆژنامەوان لەوبڕوایەدایە پێدانی یاداشتی ناڕەزایی بە باڵیۆزی ئێران، هەنگاوێکی گرنگ بووە لەو سۆنگەیەوەی هێڵە سوورەکانی بەزاندووە لە پەیوەندییەکانی عێراق و ئێراندا.

ئەلهویجل، گەشبین نییە بەوەی سکاڵای عێراق لەناو ئەنجومەنی ئاسایشدا بەرەنجامێکی ئەوتۆی هەبێت و دەڵێت " ئەو سکاڵایەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق خستویەتیە بەردەم نەتەوە یەکگرتووەکان، لەوانەیە لە ڕووی مەعنەویەوە کاریگەرییەکی هەبێت یان نەبێت؛ سکاڵاکەش نابێتە مایەی ڕاگرتنی هیچ دەستدرێژییەکی ئێران لە ئایندەدا. تاران هەمیشە وەها وێنای خۆی دەکات کە هاوپەیمانێکی زۆری هەیە لە ناوچەکەدا، بەڵام ئێستا عێراق کە هاوپەیمانی سەرەکییەتی، سکاڵای لە دژ تۆمار دەکات، ئیتر تاران دەکەوێتە ئاڵۆزییەکی مەعنەوییەوە، بەڵام ئەو ئاڵۆزییە ئێران ناگەیەنێتە ئەو بڕیارەی بگوترێت ئەو دەستدرێژیانەی بۆ سەر هەرێمی کوردستان و عێراقیش ڕادەگرێت."

تاران دەڵێت لە بنکەیەکی مۆسادی ئیسرائیلی داوە لە شاری هەولێر، بەڵام گەورە کاربەدەستانی هەردوو حکومەتی هەرێم و نێوەندیش دەڵێن هیچ بنکەیەکی مۆساد لە هەرێمی کوردستان نییە.

عێراق و ئێران ڕێککەوتنێکی ئاسایشی هەیە لە نێوانیاندا. بەپێی ڕای زۆرێک لە شیکەرەوە، هێرشە موشەکییەکانی ئەم دواییەی ئێران بۆ سەر شاری هەولێر کە 4 کەسی سیڤیلی تیادا کوژران، پێشێلکردنێکی بێ چەندوچوونی ئەو ڕێککەوتنەیە.

XS
SM
MD
LG