Accessibility links

ئەمەریکا دەڵێت لە هێرشەکەی بەغدادا بەرپرسێکی کەتایب حزبوڵای کوشتووە


فەرمادەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (CENTCOM ) ڕادەگەیەنێت هێرشەکەی ئەمڕۆی بەغدا لەلایەن ئەمەریکاوە ئەنجام دراوە.

CENTCOM دەڵێت لە تۆڵەی هێرشەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا هێرشێکی یەکلایەنەی ئەنجام داوە و " بەرپرسێکی کەتایب حزبوڵای کوشتووە کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی هەبووە بە هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە."

هەروەها دەشڵێت لە ئێستادا هیچ ئاماژەیە بۆ زیانی سڤیلی نییە "ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری هەنگاوی پێویست بۆ پاراستنی هاووڵاتیانمان. ئێمە درێغی ناکەین لە بەرپرسیارکردنی هەموو ئەو کەسانەی کە هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی هێزەکانمان."

بە پێی زانیارییە سەرەتاییەکان ئەو ئۆتۆمبێلەی لە ناوچەی مەشتەلی بەغدا کراوەتە ئامانج دوو سەرکردەی کەتایب حزبوڵای عێراقی، ئەبو باقر ساعدی و ئەرکان عەلیاوی تێدا بووە.

هەندێک لە سەرچاوە هەواڵییەکان دەڵێن ئۆتۆمبێلەکە سێ کەسی تێدا بووە.

ئەم هێرشە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئەمەریکا بۆ سەر ئۆتۆمبێلێکی کەتایب حزبوڵای سەربە ئێران، چەند ڕۆژێک دوای دەستپێکردنی هێرشە ئاسمانی سوپای ئەمەریکایە بۆ سەر دەیان ئامانجی گرووپەکانی سەر بە ئێران لە ناو عێراق و سوریا و یەمەن وەک تۆڵەسەندنەوەیەک بۆ هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە لە کۆتایی مانگی یەکدا سێ سەربازی ئەمەریکایی لە ئوردن تێدا کوژران.

ئەمەریکا مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق کە هاوپەیمانێکی نزیکی سەر بە ئێرانە، بە هۆکاری هێرشەکەی ئوردن دەزانێت و بەرپرسانیش ڕایانگەیاندووە کە گومانیان هەیە حزبوڵڵای لوبنان بە تایبەتی سەرکردایەتی بکات.

XS
SM
MD
LG