وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە یادی شۆڕشی ئیسلامی ئێراندا پەیامێکی بڵاو کردەوە و تیایدا بە گەلانی ئێرانی ڕاگەیاند ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنیان لە خەبات بۆ داهاتوویەکی ئازاد و دیموکراتیک.
جێگری نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران، ئەبراهم پێڵی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا باسی لەوە کرد کە 45 ساڵ لەمەوبەر لەم ڕۆژەدا شۆڕش لە ئێران بووە هۆی دامەزرانی "ڕژێمێک" کە لەسەر بنەمای ترس و توندوتیژی و سەرکوتکردن دامەزرا.
دەشڵێت " کۆماری ئیسلامی لەبری ئەوەی ئاشتی و خۆشگوزەرانی بهێنێت، تەنیا بووەتە مایەی توندوتیژی و گەندەڵی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتیش."
ڕووی دەمیشی کردە گەلانی ئێران و گوتیشی "ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنتان و لەگەڵ هاوبەشەکان کاردەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی پشتیوانیی ڕژێمەکە بۆ تیرۆر، کە تەنها لەسەر حیسابی ئێوەیە."
ئاماژە بەوەش دەکات پێشێلکارییە ئاشکراکانی مافەکانی مرۆڤ لە دژی جودابیران، ڕۆژنامەنووسان، هونەرمەندان و کەمینەکان ڕۆژانە بەردەوامن و لاوازی ڕژێم زیاتر نیشان دەدات.
ئەم دیپلۆماتە ئەمەریکاییە لە درێژەی پەیامەکەیدا گوتیشی " کۆماری ئیسلامی لە جیاتی دابین کردنی پێداویستییەکانی خەڵکی ئێران، پارەکانیان بۆ فراوانکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی خەرج دەکات بە شێوەیەک کە هیچ متمانەیکی باوەڕپێکراو نییە کە بە ئامانجی ئاشتیانەبێت، ناسەقامگیری لە سەرانسەری ناوچەکە هان دەدات، چەکی مەترسیدار بلاودەکاتەوە لە شوێنەکانی وەکو ڕووسیا، و بازرگانی نێودەوڵەتی دەشێوێنێت."
ناوبراو ئاماژەی کرد بە گۆشەگیری بێپێشینەی کۆماری ئیسلامی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا و گوتی " خەڵکی ئێران ئازایەتی و خۆڕاگرییان لە دژی ڕژێم کە خەریکی سانسۆرکردن، دەستبەسەرکردن، ئەشکەنجەدان و لە سێدارەدانە، نیشان دا."
ڕۆژی یەکشەممە ئێران یادی 45 ساڵەی شۆڕشی ئیسلامی کردەوە، لە مەراسیمێکدا کە سەرۆکی وڵاتەکە ئیبراهیم ڕەئیسی تێیدا سەرکۆنەی ئیسڕائیلی کرد لەسەر جەنگەکەی لە غەززە و داوای کرد ئەو وڵاتە لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەربکرێت.
شۆڕشی 1979 ی ئێران بووە هۆی دوورخستنەوەی شا محەمەد ڕەزا پەهلەوی کە لەلایەن ئەمەریکاوە پشتگیری لێدەکرا، لەو کاتەوە ئێران پەیوەندییەکی زۆر خراپ و دژواری هەبووە لەگەڵ ئیسڕائیل و ئەمەریکا و بەڕیتانیادا.
سەرچاوە:ئۆفسی نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێڕان، تویتەر، ڕۆیتەرز،