ڕاوێژکارێکی سەرۆکی یەکێتی ڕایدەگەیەنێت، سیاسەت ڕوئیای یەکێتی نوێ ئەوەیە ڕێگری بکرێت لەو کارانەی کە لە ڕابردوودا بە نایاسایی کراون و یەکێتی ڕێگە نادات ئۆرگانەکانی بۆ بەرژەوەندی کەسی بەکار بهێندرێن. وتیشی، ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەرامبەر ئەفسەرەکەی یەکێتی کرا، دۆسیەی یاسایی بووە و هیچ پەیوەندی بە تەوەجوهاتی سیاسیەوە نەبووە.
بێستون فایەق، ڕاوێژکاری بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئەوەی کرا لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا سیاسەتی سەرۆکی یەکێتیە، کە لە چوارچێوەی بەرنامە و پرۆگرامی ئەم یەکێتیە تازەیەی کە هەیە، ڕوئیای سەرۆکی یەکێتی ڕوونە بۆ چەسپاندنی یاسا، ڕیگری کردن لەو جۆرە ڕووداوانەی کە لە ڕابردوودا هەبووە."
وتیشی،" یەکێتی ڕێگە نادات کەوادر و ئۆرگانەکانی ببنە شوێنی ئەو ئیشانە و پەناگەیەک بۆ داڵدەدانی ئەو کەسانە. سەرۆکی یەکێتی دەسەڵاتی دادوەری و دەزگا ئەمنیەکانی دەست واڵا کردووە بۆ ئیجرائات کردنی ئەو کەیسانە لە هەرشوێنێک بێت. ئەوە ستراتیژی یەکێتی و سەرۆکی یەکێتیە."
ئەم هەڵوێستەی یەکێتی لە کاتێکدایە کە ڕۆژی دووشەممە، 12 ی مانگی 2 ی 2024، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی قەڵای "عوزێری"ییان ڕووخاند و تەقاندەوە، کەسێک بە ناوی کوێخا دێرین ئەحمەد خاوەندارێتی قەڵاکەی دەکرد و لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە بە "سەرانە"وەرگرتن لەسەرمایەداران تۆمەتبارکرابوو.
کوێخا دێرین ئەحمەد، پلەی نەقیبی هەبووە لە نێو هێزەکانی 70 ی پێشمەرگەدا، لەلایەن دادگای سلێمانییەوە بە تۆمەتی سەرانە سەندن و تەقەکردن لەسەرمایەدارێک داواکراوە، بەڵام تا ئێستا دەستگیرنەکراوەو هەڵهاتووە بەرەو شوێنێکی نادیار.
دۆسیەکەی کوێخا دێرین کاردانەوەی زۆری ناوخۆیی لێکەوتەوە، لە بەشیک لە میدیاکانیش وا بڵاوکرایەوە، کە پرسەکە سیاسیە و کوێخا دێرین تۆمەتبار کرا بە هەبوونی پەیوەندی بە وڵاتێکی دەرەکی و فشارە ئیقلیمیەکانیش سەرۆکی یەکێتیان ناچارکردووە کە هەڵوێست بەرامبەر بە نەقیبەکەی یەکێتی وەربگرێت. بەڵام بێستون فایەق ئەوە هەواڵەی ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند، پرسی کوێخا دێرین یاساییە و سکاڵای خەڵکی لەسەرە. ئەو موڵک و ماڵەش کە داگیری کردووە، ڕوونە بە پارەی ئەفسەرێک و هەزار ئەفسەریش دروست ناکرێت. خانوو قەڵاکەی لەسەر زەوی زیادەڕۆیە، کە بە یاسا لەسەر موڵکی دەوڵەت خانوو دروستکردن زیادەڕۆییە، دادگا لەم کەیسەدا بڕیاری دەرکردووە هێزی ئەمنی دەوڵەتی بڕیارەکەی دادوەریان جێبەجێکردووە بە ڕاسپاردەی بافڵ تاڵەبانی."
وتیشی،" ئەمەش بابەتێکی یاساییە و بە فەرمانی دادوەرکراوە، بە ڕاسپادەی سەرۆکی یەکێتی بووە، لەسەر سکاڵای خەڵک. ئەمە دۆسیەیەکی یاساییە نەک تەوەجوهی سیاسی."
بەشێک لە ئەندامانی عەشیرەتی عوزێری، کە کوێخا دێرین بە کوێخای عەشیرەتەکەیان دەزانن، لە ڕاگەیەندنەکانەوە تۆمەتەکانی سەر کوێخا دێرینیان ڕەت کردەوە و ڕایانگەیاند، ئەوەی کراوە وەک "سوکایەتی و لێدان لە شکۆی عەشیرەتەکەیان" دەزانن.
ئەمڕۆش دایکی کوێخا دێرین لە ڕاگەیاندنەکانەوە گلەیی و گازندەی لە دەزگا ئەمنیەکان و یەکێتی کرد، بەوەی مامەڵەیەکی "تەندروست" لەگەڵ دۆسیەی کوڕەکەی و خێزانەکەیدا نەکراوە، وەک دایکی "شەهید"ێکی یەکێتی " بێڕێزییان" پێکراوە و تەنانەت بەشێکی زۆر لە پێداویستی و کەلوپەلی ناو ماڵەکەی کە بە پارەی "شەهیدانەی" کوڕەکەی کڕیوێتی تێداچوون.
لەو بارەیەوە بێستون فایەق وتی،" لە ڕاستیدا قسەکانی دایکیم گوێ لێبوو، بەڵام بەو جۆرە نییە کە باس دەکرێت، چونکە خەڵک سکاڵای کردووە و پارەی لێوەرگیراوە و بریندار کراوە، ئەمە گرنگترە لەوەی کۆمەڵێک شتی ماڵ براوە یان فەوتاوە."
وتیشی،" یاسایەک هەیە بۆ چۆنیەتی تەعامل کردن لەسەر زیادەڕۆیی، حکومەت مافی وەرگرتنەوەی هەیە ، نەک ئەوە هەر جێگەیەکی تر کە زیادەڕۆ بێت دەڕووخێندرێت. کە کاتێک ئەرزەکە موڵكی دەوڵەتە بە زەوی حکومەت بۆی هەیە وەریبگرێتەوە."