Accessibility links

دادگای فیدراڵی عێراق: دەبێت هەردوو حکومەتی فیدراڵ و هەرێم مووچەی مووچەخۆرانی حکومی هەرێمی کوردستان بدەن


دادگای فیدراڵی عێراق لە بڕیارێکیدا ڕۆژی چوارشەممە لە بارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت دەبێت هەردوو سەرۆک وەزیرانی حکومەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان "مووچەی تەوای مووچەخۆرانی حکومی لە هەرێمی کوردستان بدەن."

سەرۆکی دادگای فیدراڵی عێراق جاسم محەمەد عەبوود بڕیاری کۆتایی خوێندنەوە و گوتی "ئه‌ركی ده‌سه‌ڵاتی فیدڕاڵییە یه‌كپارچه‌یی عێراق بپارێزێت و سیستمی فیدڕاڵی بپارێزت و دادپەروەری مسۆگەر بكات له‌كاتی ته‌رخانكردنی پاره‌ بۆ حكومه‌ته‌ خۆجێییه‌كان و هه‌رێمه‌كان و دڵنیابون له‌ دابه‌شكردنی دادپەروەرانە به‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ پارێزگاكاندا ده‌ژین".

بە پێی بڕیارەکەی دادگا دەبێت وەزارەت و دەزگاکانی هەرێم مانگانە زانیاری لەسەر بودجەکانیان بدەن بە حکومەتی ناوەندی هاوشێوەی ئەوەی کە وەزارەتەکانی حکومەتی فیدڕاڵی دەیکەن.

لە بڕگەی سێهەمی ئەو بڕیارەدا دادگای فیدراڵی دەڵێت " دەبێت سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو داهاتە نەوتی و نانەوتییەکانی هەرێم ڕادەستی حکومەتی فیدراڵ (خەزێنەی دەوڵەت) بکات."

لە بڕگەیەکی تریشدا دەڵێت " دەبێت سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێگە بدات بە دیوانی چاودێری دارایی حکومەتی فیدراڵ، بە هەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداچوونەوە بەسەر هەژمارە بانکییەکانی هەرێمدا بکەن کە لە بانکی ناوەندی عێراقدا هەن. هەروەها پێداچوونەوە بە لیستی فەرمانبەران، خانەنشینان و ئەوانەشدا بکەن کە کۆمەکی کۆمەڵایەتی حکومەت لە هەرێمی کوردستان وەردەگرن."

ئەم بڕیارەی دادگای باڵای عێراق لەسەر سکاڵای سێ هاووڵاتی هەرێمی کوردستان بوو بە ناوەکانی بوخاری جەمیل، عەدالەت ڕەحیم و حەیدەر محەمەد.

ئەم هاووڵاتیانە لە سکاڵاکەیاندا داوایان کردووە دادگای فیدراڵی سەرۆک وەزیرانی عێراق و هەرێم پابەند بکات بە دابینرکدنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.

ئەوان لە سکاڵاکەیاندا ئەوەشیان خستووەتە ڕوو کە کێشەکانی نێوان حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێم وایکردووە یاسای بودجە جێبەجێ نەکرێت.

هەر ئەمڕۆ چوارشەممە لە بڕیارێکی جودادا دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاری لەسەر یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند و گوتی 11 کورسی پێکهاتەکان نادەستورییە و پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیش لە 100 کورسی پێکدێت. ئەم بڕیارەش لەسەر بنەمای سکاڵایەکی ئەندامێکی پێشووی پەرلەمانی یەكێتی نیشمانی کوردستان درا.

پێگەی دادگای باڵای فیدراڵی لە دەستوری عێراقی فیدراڵدا پێگەیەکی گرنگ و هەستیارە کە خاوەن بڕیاری کۆتاییە و چوارچێوەی هێڵە گشتیەکانی دەسەڵات و ئەرک و شێوازی پێکهێنانی لە مادەکانی (92, 93, 94) دەستور ڕوونکراوەتەوە، لە مادەی (13) ی دەستوریشدا ئەو پێگە و باڵایە ڕەنگی داوەتەوە.

XS
SM
MD
LG