بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن کەمایەتییە ئاینی و نەتەوەییەکان و هەڵوێست وەرگرتنی ئەندامێکی کوردی دادگای فیدراڵی عێراق بەرامبەر بڕیارەکانی ئەو دادگایە، بە دەستپێکی کاردانەوەکان لە ناوخۆی هەرێمەوە بەرامبەر بڕیارەکانی دادگا دادەنرێن.
ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، 11 ی مانگی 3 ی 2024، پارتەکانی سریان ، ئاشور، کلدان و ئەرمەنی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانیان ڕاگەیاند وەکو هەڵوێستێک بەرامبەر لابردنی کورسی کۆتاکان.
ئەمڕۆ سێشەممە، 12 ی مانگی 3 ی 2024، دوانزە لایەن و کەسایەتی تورکمانیش بڕیاری بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان ڕاگەیاند، تا ئەو کاتەی کورسی کۆتا بۆ پێکهاتەکان دەگێڕدرێتەوە.
ئازاد کورەچی، سەرۆکی لیستی میللەت ی تورکمانی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"کورسی کۆتا لەپەرلەمانی کوردستان دراوەتە پێکهاتەکان، چونکە دەنگی پێویست ناهێنن و دەیانەوێ بەشداری سیاسی بکەن."
دەشڵێت،"بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان پێکهاتەکان کاردانەوەیە بەرامبەر بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، چونکە بڕیارەکان بۆنی سیاسییان لێدێت."
ڕۆژی 21 ی مانگی 2 ی 2024، دادگای فیدراڵی عێراق دوو سکاڵای یاسایی لەسەر یاسای هەڵبژاردن و شایستە داراییەکانی موچەخۆرانی هەرێم یەکلایی کردەوە، سکاڵای یەکەمیان لەلایەن فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و سکاڵای دووەمیان لەلایەن سێ هاوڵاتی دانیشتووی هەرێمەوە تۆمارکرابوون.
ئەنجامی سکاڵاکەی یەکێتی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، گۆڕینی شێوازی هەڵبژاردنی لە یەک بازنەییەوە بۆ چوار بازنەیی و کەمکردنەوەی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی لێکەوتەوە.
لەسەر بنەمای سکاڵای سێ هاوڵاتییە کوردەکەش، دادگای فیدراڵی عێراق سەرۆک وەزیرانی عێراق و هەرێمی پابەندکرد بەچەندین بڕیاری کارگێڕی و دارایی و بڕیاری ڕادەستکردنی نەوتی هەرێمیشی بە حکومەتی عێراق دەرکرد.
ئەمڕۆ سێشەممە، 12 ی مانگی 3 ی ساڵی 2024، بەچەند کاتژمێرێک دوای هەڵوێست وەرگرتنی کەمایەتییە ئاینی و نەتەوەییەکان، عەبدولرەحمان سلێمان یەکێک لە دوو ئەندامە کوردەکەی دادگای فیدراڵی عێراق، کشانەوەی لەو دادگایە ڕاگەیاندو هۆکارەکەی بۆ دژایەتیکردنی سیستەمی فیدراڵی لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە گێڕایەوە.
شوان محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"سەرۆکایەتییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەنجومەنی دادوەری هەرێمیش بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بە ستەم کردن لە هەرێم پێناسە دەکەن، چونکە بڕیارەکانی لەبەرژەوەندی هەرێم نین و کاریگەری سیاسییان پێوە دیارە."
بڕیارە ڕۆژی 10 ی مانگی 6 ی 2024، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت و هەڵبژاردنەکە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار لە هەولێر کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"پارتی دیموکراتی کوردستان جگە لەوەی لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی توڕەو نیگەرانە، ترسیشی لە دەستوەردانی ئێران لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان هەیە."
سەرچاوەکە دەڵێت،"پارتی بەشێک لە حزب و لایەنەکانی لە ئەگەری دەستوەردانی ئێران ئاگادارکردووەتەوە و پێیوتوون، گەر هەست بە دەستوەردان بکات ئەنجامی هەڵبژاردن ڕەتدەکاتەوە."
هاوکات شوان محەمەد ڕۆستەم ڕوونیکردەوە، دادگای فیدراڵی لە ڕوانگەی هەرێمی کوردستانەوە سەرکەوتوو نەبووە لە پاراستنی دەستورو دەرکردنی بڕیاری دادپەروەرانە، بە تایبەت ئەو بڕیارانەی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی هەرێم دەریکردوون.
شوان محەمەد وتی،"دادگای فیدراڵی خۆی خستووەتە جێگەی دەسەڵاتی یاسادانان و بڕیاردەدات، ئینجا لەسەر ئاستی کەسایەتی دادوەری لێدوانی نەرێنی و دژە دەستوری لەبارەی هەرێمی کوردستان و دروستبوونی هەرێمی تر لە چوارچێوەی عێراق دەدرێت."
بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق بەرامبەر هەرێمی کوردستان یەکدەنگی لە نێوان هێزو لایەنە سیاسییەکان دروست نەکردووەو ناکۆکی نێوانیان بەردەوامی هەیە، ئەمەش وایکردووە نەتوانن پێکەوە بەرەنگاری فشارەکانی عێراق ببنەوە.