Accessibility links

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق: کارەکانمان لەسەر سکەی خۆیان دەچنە پێشەوە و هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ئەنجام دەدرێت


کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی خۆیدا ئەنجام دەدرێت و هیچ پێشنیازێک نیە بۆ دواخستنی و ڕۆژانە لایەنە سیاسیەکان و کاندیدانی سەربەخۆ سەردانی کۆمسیۆن دەکەن و ناویان تۆماردەکەن بۆ بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنەکە.

پارتی دیموکراتی کوردستان ڕۆژی 18ی3ی 2024، بڕیاریدا بایکۆتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکات کە بڕیارە لە 10ی 6ی 2024 بەڕێوەبچێت، بە هۆکاری ئەوەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق زۆریەک لە بڕیارەکانی کە دەیدات دژ بە هەرێمی کوردستان و لاوازکردنی قەوارەی هەرێم و دەستوەردان دەکات لە کارەکان بە تایبەت ئەو یاسایانەی کە پەرلەمانی کوردستان دەریکردووە، لەگەڵ ئەوەشدا تەواوی لایەنە سیاسیەکانی ناو چوار چێوەی کۆتا جگە لە بەرەی تورکمانی عێراق بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان کردووە.

فەرهاد ئەسعەد شێتنە بەرپرسی هۆبەی کاروباری پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لقی هەولێر بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" کۆمسیۆن بەردەوامە لە تۆمارکردنی ناوی لیستی لایەنە سیاسیەکان و هاوپەیمانێتیەکان و کاندیدانی سەربەخۆ، تا ئیستا 12 لیست قبوڵکراوە و کۆدیان پێدراوە، لەگەڵ ئەوەشدا نزیکەی 25 کاندیدی سەر بەخۆ و دوو هاوپەیمانێتی لە هەولێر تۆمارکراون هاوپەیمانێتیەکان بریتین لە سەردەم و هاوپەیمانێتی هەرێمی کوردستان، بەو میکانیزمەی بۆمان دیاریکراوە هەڵبژاردن لە کاتی و ساتی خۆیدا لە 10ی 6ی 2024 ئەنجامدەدرێت."

لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، هەرێمکراوە بە چوار بازنەی هەڵبژاردن و هەر بازنەیەک بە پێی ژمارەی دانیشتوانەکەی کورسی پەرلەمانی بۆ دیاریکراوە، کۆمسیۆنی باڵای سەر بەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق 1266 ناوەندی دەنگدان و 6 هەزار و 542 وێستگەی بۆ هەڵبژاردنەکەی پەرلەمانی کوردستان ئامادە دەکات و لە هەر ناوەندێکی دەنگدان چوار کامێرای چاودێری و لە هەر وێستگەیەک دوو کامێرای چاودێری جێگیر دادەنێت، تا پرۆسەیەکی شەفاف و بێ کێشە بەڕێوەببات.

پارتی دیموکراتی کوردستان، بەمەبەستی ڕوونکردنەوەی بڕیاری بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان سەردانی لایەنە سیاسەکان دەکات و مەبەستێتی هۆکاری سەرەکی بڕیارەکەیان و مەترسییەکانی سەر هەرێمی کوردستانیان بۆ ڕوونبکاتەوە، بە بڕوای شارەزایەکی هەڵبژاردن ، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کات و ساتی خۆیدا ئەنجامدەدرێت گەر پارتیش بە شداری لە پرۆسەکەدا نەکات.

دەشتی سدیق شارەزا و چاودێری هەڵبژاردن بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" لە ڕووی یاساییەوە هەڵبژاردن هیچ گرفتێکی نیە، ڕووەکەی تر کە پەیوەندی بە لایەنە سیاسیەکەوە هەیە ئەوە کێشەی تێدایە، گەرچی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی بە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕاگەیاندووە کە 10ی 6 هەڵبژاردن دەکرێت و کۆمسیۆنی عێراقیش لە شوێنی کۆمسیۆنی هەرێمی کوردستانە و ڕێکارەکان بەردەوامە بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەکە."

بڕیارە یەک لە دوایەکەکانی دادگای فیدراڵی عێراق، لە بارەی نەوت و غاز و موچە و دواین بڕیاریشی لە 21ی 2ی2024 بڕیاردان لە بارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و نەهێشتنی کورسی کۆتاکان، ئەوەش توڕەی و نیگەرانی زۆری لای پارتی دیموکراتی کوردستان دروستکرد و پارتی پێیوایە دادگای فیدراڵی بە مەبەست دەیەوێت قەوارەی هەرێمی کوردستان لاواز بکات.

فەرهاد ئەسعەد شێتنە بەرپرسی هۆبەی کاروباری پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لقی هەولێر ئەوەشی بە دەنگی ئەمەریکا وت،" کۆمسیۆن پەیوەندی بەو دۆخە سیاسیەوە نیە کە لە ئارادایە، چونکە کۆمسیۆن سەربەخۆیە و لە کارەکانی خۆیی بەردەوامە تا لە 10ی 6ی2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببات و هیچ گرفتێکی یاسایی لە پێشدا نیە، بە نیسبەت پارتی دیموکراتی کوردستانەوە پارتی ناوی تۆمارکردووە بۆ بەشداریکردنی لە هەڵبژاردنەکە و کۆدی پێدراوە."

لەلایەکی ترەوە سەرچاوەیەک لە کۆمسیۆنی باڵای سەر بەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت ئەوەی بە دەنگی ئەمەرکیا وت،" کارەکانی کۆمسیۆن زۆر بەباشی بەڕێوەدەچن و لەسەر سکەی خۆیەتی و هەڵبژاردن لە کات و ساتی خۆیدا ئەنجام دەدرێت، چونکە هیچ گرفتێکی یاسای لەپێش کۆمسیۆندا نیە."

ڕۆژی 3ی 3ی 2024، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە فەرمانێکی هەرێمی ڕۆژی 10ی 6ی2024ی دیاریکرد بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دیاریکردنی ڕۆژەکە بە پشتبەستن بە بڕگەی دووەم لە ماددەی دەیەم لە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ژمارە 1ی ساڵی 2005 ی هەموارکراو و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی پابەند کرد بە ئەنجامدانی کاری پێویست بۆ هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق.

دەشتی سدیق شارەزا و چاودێری هەڵبژاردن وتیشی،" ئەوەی لەمپەڕە لەپێش پرۆسەی هەڵبژاردن دۆخە سیاسیەکەیە، من پێموایە پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەیاننامەکەیاندا بە ڕوونی ئەوە باسی ئەوەیکرد و ناڵێت من بایکۆتی هەڵبژاردنەکە دەکەم، بەڵکو دەڵێت مەرجم هەیە لە بەرامبەر بەژداریکردنم و بارودۆخەکە نالەبارە، هەروەها بڕیارێکی دادگای فیدراڵ کە کەمینەکان بێبەشکرد ئەوەش لەپرۆسەی هەڵبژاردنەکە و پیشلکاری بوو ئەوەش پارتی نیگەرانتر کردووە، گەر پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان و دۆستەکان پارتی هەوڵەکانیان بخەنە کار بۆ قەناعەتکردن بە پارتی، ئەو کات من پێم وایە پارتی بەشدار دەبێت و هەڵبژاردنێکی باش بەڕیوەدەچێت."

XS
SM
MD
LG