Accessibility links

وردەکاری سەردانی وەفدی پارتی بۆ لای حزب و لایەنەکان


سەرچاوەیەکی ئاگادار لە سەردانی وەفدی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ لای حزب و لایەنە سیاسییەکان ڕایدەگەیەنێت، پارتی دەیەوێت ڕوونکردنەوە لەبارەی هۆکاری بەشداری نەکردنیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بداتە حزب و لایەنە سیاسییەکان.

ڕۆژی دووشەممە، 18 ی مانگی 3 ی 2024، مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداری نەکردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاند، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گێڕایەوە نایانەوێت بەشداربن لە پرۆسەیەکدا کە نایاسایی، نادەستوری و لە سایەی سیستمێکی سەپێنراودا بێت.

بە کەمتر لە 24 کاتژمێر دوای ڕاگەیەنراوەکەی، مەکتەبی سیاسی پارتی جوڵەی سیاسی دەستپێکردو سەردانی حزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و تاوتوێی بارودۆخی ئێستای هەرێمیان لەگەڵ دەکات.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە سەردانی وەفدی پارتی بۆ لای حزب و لایەنەکان کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"پارتی ڕوونکردنەوە لە بارەی ڕاگەیەنراوەکەی بۆ بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردن دەداتە حزب و لایەنەکان."

بەپێی وتەی سەرچاوەکە، پارتی پەیامی ئەوە دەگەیەنێتە حزب و لایەنەکان کە دژی ئەنجامدانی هەڵبژاردن نییەو خۆی بۆ هەڵبژاردن ئامادە کردووە، بەڵام ناچێتە ژێر باری بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و ئەو کۆت و بەندانەی بۆ هەڵبژاردن دروستکراون.

سەرچاوەکە وتیشی،"پارتی بە لایەنە سیاسییەکان دەڵێت، کێشەکان تەنها گرێدراو نین بە مەسەلەی هەڵبژاردنەوە، بەڵکو گرفتەکان بڕیارەکانی دادگای فیدراڵین بۆ لێدان لە قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان."

ڕۆژی 10 ی مانگی 6 ی ساڵی 2024، وەکو وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوەو کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکە دەکات، بەو پێیەی تەمەنی یاسایی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێم بەسەرچووە.

کاوە گەردی، ئەندامی مەکتەبی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، تەنها ئەوەندەی بە دەنگی ئەمەریکا ڕاگەیاند،"پارتی دەمێکە خۆی بۆ هەڵبژاردن ئامادە کردووە."

ڕاگەیەنراوەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، چارەنووسی ئەنجامدانی پرۆسەکەی لەوادەی دیاریکراودا خستووەتە دۆخێکی نادیارەوە.

ئەکرەم ساڵەح، بەرپرسی لقی 22 ی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرکردەی ئەو حزبە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە بێ پارتی دیموکراتی کوردستان هیچ واتایەکی نییە."

لە مانگی 2 ی ساڵی 2022 ەوە، سێ جار مەرسومی هەرێمی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەرکراوەو لە ڕۆژنامەی وەقایع دا بڵاوکراوەتەوە، بەڵام لە هیچکام لەو وادانەدا هەڵبژاردن ئەنجام نەدراوە.

دکتۆر خامۆش عومەر، مامۆستای زانکۆو چاودێری سیاسی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"پارتی هێشتا نەیوتووە لە هەولێرو دهۆک ڕێگری لە هەڵبژاردن دەکات، تەنها وتوویەتی بەشداری ناکەم. گەر هەڵبژاردن ئەنجامدراو ڕێگری کرد لە ئەنجامدانی، لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێم و عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش گرفت دروست دەبێت."

دەشڵێت،"گەر هەڵبژاردن لە سلێمانی و هەڵەبجە ئەنجامدراو لە هەولێرو دهۆک نەکرا، قسە لەسەر شەرعییەتی هەڵبژاردنەکە دروست دەبێت. ئەمە جگە لەوەی حکومەتی هەرێم کار بەڕێکەرەو گەر هەڵبژاردن نەکرێت پرسیار لەسەر شەرعییەتی دام و دەزگاکانیش دروست دەبێت."

گەر لە ڕۆژی 10 ی مانگی 6 ی ساڵی 2024، هەڵبژاردن ئەنجام نەدرێت و ناڕەزایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان ببێتە هۆی دواخستنی هەڵبژاردن، دەبێتە چوارەم مەرسوم کە بۆ هەڵبژاردن دەرکراوەو پرۆسەکە ئەنجام نەدراوە.

جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"کۆمیسیۆن پابەندە بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی دیاریکراودا بە پێی ئەو مەرسومەی دەرکراوە، ئێستا کاتی ڕادەستکردنی لیست و ناوی کاندیدەکانە."

دەشڵێت،"دادوەرێکی کۆمیسیۆن چاودێری بەڕێوەچوونی ئیش و کارەکان لە نوسینگەکانی هەڵبژاردن لە چوار بازنەکەی هەرێم دەکات، چاودێری بنکەکانی تۆمارکردن و بنکەکانی دەنگدان دەکات."

ڕۆژی 21 ی مانگی 2 ی 2024، دادگای فیدراڵی عێراق دوو سکاڵای یاسایی لەسەر یاسای هەڵبژاردن و شایستە داراییەکانی موچەخۆرانی هەرێم یەکلایی کردەوە، سکاڵای یەکەمیان لەلایەن فراکسیۆنی یەکێتی و سکاڵاکەی دووەمیشیان لەلایەن سێ هاوڵاتییەوە تۆمارکرابوون.

سکاڵاکەی یەکێتی لە دادگای فیدراڵی گۆڕینی شێوازی هەڵبژاردنی لە یەک بازنەییەوە بۆ چوار بازنەیی، لابردنی 11 کورسی کۆتاو کەمکردنەوەی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستانی لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی لێکەوتەوە.

XS
SM
MD
LG