ئەندامێکی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت، گەر پارتی بایکۆت بکات و بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەکات، پێناچێت ڕێگە بە ئەنجامدانی پرۆسەکە لە هەولێر و دهۆک بدات.
سەفین مەلا قەرە، ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان و ئەندامی وەفدی حزبەکەی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"وەفدی پارتی باسی ڕێگری کردنیان لە هەڵبژاردن لەگەڵ ئێمە نەکرد، بەڵام گەر بەشداری نەکەن، پێموایە ناهێڵن هەڵبژاردن لە هەولێر و دهۆک ئەنجام بدرێت."
ڕۆژی 20 ی مانگی 3 ی 2024، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ئەلینا ڕۆمەنسکی باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق کۆبوویەوە، بارزانی ڕەتیکردووەتەوە بایکۆتی هەڵبژاردنیان کردبێت، بەڵام جەختیکردووەتەوە لەگەڵ هەڵبژاردنێکی پاک و دوور لە دەستوەردانی دەرەکییە.
سەبارەت بەوەی لە حاڵەتی ڕێگریکردن دا لە هەڵبژاردن تا چەند ئەگەری ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە هەیە، سەفین مەلا قەرە دەڵێت،"پێناچێت هەڵبژاردن لە سلێمانی و هەڵەبجەش بەڕێوەبچێت گەر لە هەولێر و دهۆک نەکرێت، بەڵام گەر پارتی ڕێگری بکات عێراق و دادگا هەڵوێست وەردەگرن."
ڕۆژی 18 ی مانگی 3 ی 2024، مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداری نەکردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاند، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گێڕایەوە نایانەوێت بەشداربن لە پرۆسەیەکدا کە نایاسایی، نادەستوری و لە سایەی سیستمێکی سەپێنراودا بێت.
ڕاگەیەنراوەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی لەکاتێکدایە، ڕۆژی 10 ی مانگی 6 ی ساڵی 2024 وەکو وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوە و هەڵبژاردنەکە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بەڕێوەدەبرێت.
سەفین مەلا قەرە دەڵێت،"پێموانیە پارتی بچێتە ژێر باری ئەنجامدانی هەڵبژاردنەوە، گەر هەڵبژاردنیش ئەنجام نەدرێت کاریگەری خراپی دەبێت و دام و دەزگاکانی هەرێم دەکەونە بۆشایی دەستورییەوە."
ڕۆژی 19 ی مانگی 3 ی 2024، وەفدێکی باڵای مەکتەبی سیاسی پارتی سەردانی بۆ لای حزب و لایەنە سیاسییەکان دەستپێکردو لەو چوارچێوەیەدا لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان کۆبوونەوە.
سەفین مەلا قەرە، کە بەشداری کۆبوونەوەی نێوان پارتی و گۆڕانی کرد وتی،"پارتی هیچ داواکارییەکیان نەبوو، ڕوونکردنەوەیان دا لەسەر هۆکاری بەشداری نەکردنیان لە هەڵبژاردن، وتیان ئێمە هەڵبژاردنی پاک و بێگەردمان دەوێت و گومانمان هەیە لەوەی هەڵبژاردنە پاک بێت."
ئەو وتیشی،"پارتی وەڵامی ئێمەیان نەویست، تەنها بۆ پێدانی ڕوونکردنەوە سەردانی حزب و لایەنەکانیان کرد."
ڕۆژی 21 ی مانگی 2 ی 2024، دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر سکاڵایەکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، شێوازی هەڵبژاردنی لە یەک بازنەییەوە بۆ چوار بازنەیی گۆڕی و 11 کورسی پێکهاتەکانی لابردو ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی کەمکردەوە.