Accessibility links

بەرپرسان و شارەزایانی یاسایی دەڵێن نووسراوەکەی وەزیری دارایی بە واتای پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران نییە


درەنگانی شەوی 24ی مانگی سێی 2024 وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نوسراوێکدا داوای لە سەرجەم وەزارەتەکان و فەرمانگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، لیستی موچەی فەرمانبەرەکانیان بۆ مانگی سێ بە پلە بەرزکردنەوەوە بنێرن. ئەم نوسراوە هەر زوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە و بووە جێی دڵخۆشی بەشێک لە خەڵکی، بە تایبەت فەرمانبەرانی مەدەنی هەرێم کە لە ساڵی 2016وە پلە بەرزکردنەوەیان وەستاوە، بەڵام بۆ هەندێکیش جێی پرسیارە و بە دوای ڕوونکردنەوەی زیاتری ئەو داواکارییەی وەزیری داراییەوەن.

دەپرسین:

ئایا ئەو نوسراوە بە مانای دەستپێکردنەوەی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی مەدەنی دێت؟

بۆچی ئەو نوسراوە لەم مانگەدا لە کاتێکدا بڕیاری دادگای فیدراڵی مانگی پێشتر دەرچوو بوو؟

ئایا لە ڕووی یاساییەوە ئیدارییەوە دەکرێت بە نوسراوێک پلە بەرزکردنەوە بکرێت؟

ئایا ئەو نووسراوە واتای ئەوە دەگەیەنێت کە ئەم چەند ساڵەی فەرمانبەران پلە بەرزکردنەوەیان وەستاوە شایستەی ئەو ساڵانەیان(زیادەی موچەیان) بۆ بگەڕێتەوە؟

بۆچونی بەغداد چی دەبێت و چییە لەسەر ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی مەدەنی؟

ئایا بەغداد ئامادەیە موچەی مانگی سێ بە پلە بەرزکردنەوەوە بنێرێت؟

پرۆسەی پلە بەرزکردنەوەکە چەند کاتی دەوێت؟

بیسەرانی بەڕێز من ژیار محەمەدم لە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکاوە لە بابەتی ڕۆژی بەشی کوردی تاوتوێی پرسی نوسراوەکەی وەزیری دارایی هەرێم سەبارەت بە پرسی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێم دەکەین بە میوانداری بەڕێزان:

1- محەمەد عەبدولقادر، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی دارایی هەرێم.

3- دکتۆر محەمەد زراری، بەڕێوەبەری گشتی لەدیوانی چاودێری دارایی هەرێم و ئەندامی لیژنەی لیستی وردبینی موچە بۆ بەغداد.

3- عەبدولقادر ساڵح، شارەزایی یاسایی و توێژەر لە بواری وەزیفەی گشتی.

4- دارا سێکانیانی، پەرلەمانتاری عێراق.

محەمەد عەبدولقادر:

محەمەد عەبدولقادر
محەمەد عەبدولقادر

بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراقی دەبێت موچە لەسەرتاسەری عێراق هاوتا بکرێت، ئێمەش وەک جێبەجێکردنی ئەرکی خۆمان لەسەر داوای بەڕێز وەزیری دارایی هەستاین بە ئامادەکردنی ئەو نوسراوە وەک ئامادەکارییەک و ناردنی هاوتای لیستی ناوی فەرمانبەران بۆ مانگی ٣ وەک ڕێوشوێنەکان، نەک ئەوەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێم دەستیپێکردبێتەوە و موچەی مانگی سێ بەپلەبەرزکردنەوەوە بدەین، خۆی تائێستا تەمویلی تەواوەتی مانگی ٢مان بۆ نەهاتووە بۆ موچەی فەرمانبەران، بەڵام ئێمە لیستەکە ئامادە دەکەین دەینێرین بۆ بەغداد تا بەو شێوەیە تەمویلی موچەمان بکات، ئەگەرنا خۆی پڕۆسەکە پڕۆسەیەکی دورودرێژە کار و کاتی زۆری دەوێ، واتە بە بڕوای من ڕەنگە مانگێکی بوێ کە ژمێریارەکان بتوانن ئەو لیستە ئامادەبکەن، ئەوەش چاڵنجێکە لەبەردەمییان، ئەگەر حکومەتی عێراقی پابەندی بڕیاری دادگای فیدراڵی بێت دەبێت موچە بەپلەبەرزکردنەوەوە بنێرێت، ئێمەش ئەو نوسراوەمان کرد تا خەڵک بزانێ لای ئێمە بابەتی خەڵک جێی گرنگی پێدانە، ئەگەر ئێمە حسابی شایستە داراییەکانی هەرێم لەسەر عێراق بکەین لە ٢٠١٦وە ئەوا زیاتر لە ١٥ ترلیۆن دینارە.

عەبدولقادر ساڵح:

بەداخەوە لە هەرێمی کوردستان پلەبەرزکردنەوە بەپێی یاساکەی خۆی کەیاسای موچەیە مامەڵەی لەگەڵ نەکراوە، بەڵکو وەک سەرە موچە مامەڵەی لەگەڵ کراوە، بۆیە ئەگەر لە هەرێم بەیاسایی پلەبەرزکردنەوە بکرایە، ئەوکات حکومەتی هەڕێم بەپاساوی قەیرانی دارایی پلەبەرزکردنەوەی ڕانەدەگرت، ئەو نوسراوەی وەزارەتی دارایش کەکردویەتی ڕێک چۆتەوە سەر هەمان هەڵەی پلەبەرزکردنەوە کەلەڕابردوودا ئەنجامی داوە، ئەمە حکومەتی عێراقی قەناعەتی پێناکات چونکە پێچەوانەی ماددە ٦ و ٧ی یاسای موچەیە.

عەبدولقادر ساڵح
عەبدولقادر ساڵح

ئەو نوسراوەی وەزارەتی دارایی واتای پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران نیە، چونکە پلەبەرزکردنەوە بەپێی یاسا دیاریکراوە، من دەڵێم دەبوو پێش ئەو نوسراوەی وەزیری دارایی هەرێم، وەفدێکی وەزارەتی دارایی سەردانی وەزارەتی دارایی عێراقی بکردایە و تاووتوێی ئەوە بکەن ئەم بابەتە چۆن بکەن، من هەست دەکەم نوسراوەکەی وەزیری دارایی هەرێم لەباربردنی بابەتی پلە بەرزکردنەوە و دانێتی بە دیوارێکی ئەستور و قایمدا چونکە بەم جۆرە پلەبەرزکردنەوەیە ناکرێت، ئەگەر سبەی ئەم لیستی پلەبەرزکردنەوەیە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە ڕەتبکرێثەوە ئەوکاتە حکومەتی هەرێم دێتەدەر لە بابەتەکە ئەڵێت فەرموو من کردم ئەوە وەزارەتی دارایی عێراقە پلەبەرزکردنەوەکە ڕەتدەکاتەوە و گلەیی فەرمانبەرانی هەرێم دەگوازێتەوە بۆ سەر عێراق، لەکاتێکدا ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێم بە فەرمانی حکومەتی هەرێم خۆی بووە، حکومەتی هەرێم بەرپرسیارێتی هەموو ئەو ماوەیە هەڵدەگرێت کە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی ڕاگرتووە، چونکە وەک مامۆستا دارا سێکانانی باسی کرد، حکومەتی هەرێم خۆی بڕیاری ئابوری سەربەخۆی دا و بودجەی لە بەغداد بڕدرا، ئەوە کاری خۆیەتی و دەبێت خۆی بەرپرسیارێتی خۆی هەڵبگرێت، فەرمانبەری هەرێم بەپێی بڕیاری حکومەتی هەرێم پلەبەرزکردنەوەی وەستاوە نەک بڕیاری حکومەتی عێراق، فەرمانبەرانی عێراق پلەبەرزکردنەوەیان نەوەستاوە.

بۆیە نوسراوەکەی وەزیری دارایی هیچ مەدروس نیە لە ڕووی قانونیەوە و بەرپرسیارێتی لەسەر حکومەتی عێراق دروست ناکات، تەنها ئەوەیە وەک بڵێی هەڵدانی تۆپەکەیە بۆ گۆڕەپانی حکومەتی عێراقی تا سبەی حکومەتی هەرێم بڵێ من نوسراوی پلەبەرزکردنەوەم کرد بەس عێّراق نەیکرد، چونکە پلەبەرزکردنەوە و ڕێوشوێنەکانی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران بەوجۆرە ناکرێت لەڕووی یاساییەوە، ئەوە تەنها خۆلادان بووە.

دکتۆر محەمەد زراری:

ئێمەش وەک خەڵک لەدرەنگانی شەو نوسراوەکەی وەزیری داراییمان لە درەنگانی شەو لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بینی و پێشتر ئاگادار نەبووین، کورد دەڵێ ئەو هەویرە ئاوی زۆری دەوێت، بەڵام من پێم وایە ئەم بابەتە (پلەبەرزکردنەوە) ئاوێکی ئێجگار زۆری دەوێت، واتە ئەوەنیە ئێمە بەشەو و ڕۆژێک یا مانگێک بتوانین پلەبەرزکردنەوە لە کوردستاندا وەک خۆی لێبکەینەوە، ئەگەر سەیری نوسراوەکەی وەزیری دارایی بکەین لەکۆتایدا نوسراوە بۆ کاری پێویست نەنوسراوە بۆ بەرزکردنەوەی پلەی فەرمانبەران، پێمخۆشە بابەتی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران ببێتە مژدەی جەژنانە، بەڵام بەڕاستی من واینابینم کە ئێستا خەڵک پێی وایە پلەبەرزکردنەوە دەستپێبکاتەوە، نەخێر من پێم وایە ئەوەندە ئاسان نیە، بەبۆچونی من ئەوە تەنها بۆئەوەیە وەزارەتی دارایی بزانێ پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران چەندی دەوێ، بەبڕوای من ڕەنگە ١٠٠ملیاری بوێت.

د.محەمەد زراری
د.محەمەد زراری

حکومەتی هەرێم ڕاستە سەرەڕای کەموکوڕی و تێبینی کە خۆمان لەسەریمان هەیە، بەڵام بەڕاستی غەدری لێکراوە لەساڵی ٢٠١٤وە کە بودجەی بڕدراوە نازانم پاساوی بڕینی ئەو بودجەیە چی بوو، هەموو ئەوانەش ڕاوەستانی پلەبەرزکردنەوەیە شوێنەواری ئەو بودجە بڕینەیەی حکومەتی عێراقی بوو، ئەگەر هەڵەش بوبێ.

مامۆستا دارا سێکانیانی:

بەڕاستی گرفتەکان لەهەرلایەکەوە سەیر دەکەی گرفتە، فەرمانبەری هەرێم نەک هەر پلە بەرزکردنەوەیان وەستاوە بەڵکو ساڵ هەبووە بۆ نمونە وەک ٢٠٢٠ چوار موچەی لە ساڵەکەدا وەرگرتووە، کێشەی هەرێم و بەغداد هەر موچە نیە، بەڵکو کێشەکان زۆر زیاترن، پێم وانیە وابەئاسانی چارەسەر ببن، من ئەمە لێرەدا باس دەکەم، وەزیری دارایی عێراق هاتە لیژنەکەمان لە پەرلەمان وتی، لە کۆی هەژدە پارێزگای عێراق کە ١٥ییان لەدەست عێراقە و هەرێم بە تەنها ٣پارێزگای لەژێر دەستە کەچی لە ٥٧%ی پلە باڵاکانی عێراق هی هەرێمی کوردستانن، تەنها لە ٤٣%ی هی ١٥ پارێزگاکەی تری عێراقە.

دارا سێکانیانی
دارا سێکانیانی

ئێمە وەک پەرلەمانتارانی کورد وەک فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بنەمای کارەکانمان بەرژەوەندی خەڵکە هەرچی لە بەرژەوەندی خەلک بێ بەرگری لێدەکەین، هەرچیش دژی بەرژەوەندی خەڵک بێت، هەوڵدەدەین ڕێگری لێبکەین، سەبارەت بەوەی بێیین داوای قەرەبووی چەند ساڵەی ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوەی هەرێم لە بەغداد بکەین بەبۆچونی من ئەوکات بەغداش نایکات و کۆمەڵێک بابەتی تر دەهێنێتە پێشەوە بۆمان، وەک بابەتی فرۆشتنی نەوت بەسەربەخۆیی و ئابوری سەربەخۆ، بۆیە هەرێمی کوردستان نابێت بیانوو بگرێت لەم دۆخەدا چونکە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و وڵاتان و دراوسێکانمان و نەتەوە یەکگرتووەکان جەخت لەوەدەکەنەوە لەگەڵ عێراق ڕێکبکەوین و ئەوان پێییان وتوین لە چوارچێوەی عێراق مامەڵەتان لەگەڵ دەکەین، بۆیە دەبێت هەرێمی کوردستان ڕێز لەبڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق بگرێت.

XS
SM
MD
LG