مهسعود بارزانی، سهرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، بڕیارەکانی ئەم دواییەی دادگای فیدڕاڵی عێراقی تایبەت بە هەرێمی کوردستان بە سیاسی لەقەڵەمدا بۆ "شکاندنی پارتی."
مهسعود بارزانی ئەمڕۆ چوارشەممە (27-3-2024) لە کاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، ڕایگەیاند، "ماوەی دووساڵە كە هەڵبژاردنەكان بە بیانووی جۆراوجۆری سیاسی و هاندانی دەرەكی دوادەخرێت، ئێستاش كە بە بڕیاری سیاسی دادگای فیدڕاڵ و بەپێی ئەجێندای دەرەكی دەسكاریی یاسای هەڵبژاردن كراوە، ئینجا دەڵێن با هەڵبژاردن بكرێت."
بهگوێرهی راگهیهندراوێكی بارهگای بارزانی، سەرۆکی پارتی وتووشیەتی، "ئێمە خوازیاری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنین بەڵام دوور لە دەستێوەردانی دەرەكی و بڕیارە سیاسییە مەبەستدارەكانی دادگەی فیدڕاڵ كە ئامانج لێی شكاندنی پارتی بێت."
مەسعود بارزانی بە باڵیۆزی بەریتانیای گوتووە کە پارتی ناچێتە ژێرباری بڕیاری "نادەستووری" دادگای فیدڕاڵی عێراق پەیوەست بە سیستەمی هەڵبژاردنەکانی هەرێم و دادگاکەی بەوە تۆمەتبار کردووە کە گوایە خۆی خستووەتە جێگەی دەستەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردن.
لە راگهیهندراوەکەی بارهگای بارزانی هاتووە کە باڵیۆزی بریتانیا بە سەرۆکی پارتی وتووە، "لە نیگەرانییەكانتان تێ دەگەین و بۆیە لێرەین بۆ ئەوەی بزانین چۆن بەشدار و هاوكار بن بۆ چارەسەری كێشەكان و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی ئازاد و پاك و بێگەرد."
دادگای فیدڕاڵی عێراق ڕۆژی 21-2-2024 سکاڵایەکی یاسایی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی هەرێم لە بەرژەوەندی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان یەکلاییکردەوە و سیستەمی هەڵبژاردنی هەرێمی بەسەر چوار بازنەدا دابەشکرد و 11 کورسی کۆتاکانی پەلەمانی هەرێمی کوردستانی هەڵوەشاندەوە.
لە کاتیکدا پارتی دیموکراتی کوردستان ئەو بڕیارە لە دژی قەوارەی هەرێم دەبینێت، بەڵام بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشمانی کوردستان ڕۆژی 22 ی مانگی سێ لە ڕاگەیاندێکدا پشتیوانی بۆ دادگای باڵا دەربڕی و گوتی "سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری یەکێکە لە پایە بنەڕەتییەکانی سیستمی دیموکراسی و رەوتی حوکمڕانی وڵاتانی پێشکەوتوو. چەسپاندنی سەروەری یاسا و دادپەروەری لە پایەکانی سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتین کە زامنی مافی هاووڵاتیان و کۆمەڵگەیە لە عیراق و هەرێمی کوردستان."
دوای ئەم بڕیارەی دادگا، دادوەرێکی ئەندام لەم دادگایە کە بە نزیک لە پارتی دادەندرێت دەستیلەکارکێشایەوە و پارتی ڕۆژی 18ی ئەم مانگە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند بەمشێوەیە بەژداری هەڵبژاردنی 10ی مانگی شەش ناکات.