Accessibility links

یوسف کیلابی بۆ VOA: هەرێمی کوردستان دووچاری زیانێکی گەورە دەبێتەوە ئەگەر بەردەوام بێت لە "ئاژاوە نانەوە"


یوسف کیلابی ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە و یەکێکە لە بزوێنەرە سەرەکییەکانی هەوڵی کۆنترۆڵکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە. ئەو لە لیدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی نێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان بە "ئەوپەڕی خراپ" ناودەبات و دەڵێت پێویستە هەرێمی کوردستان خۆی یەکلایی بکاتەوە لەوەی ئایا دەیەوێت لە عێراق جیاببێتەوە یاخود وەک هەرێمێک لە چوارچێوەی وڵاتێکدا مامەڵە بکات.

یوسف کیلابی لە بەغداوە بە ڕێگەی تەلەفۆنەوە بە دەنگی ئەمەریکای وت، "هەرێم دەیەوێت ئەوەی پێشتر بە دەستیهێناوە کە پێچەوانەی دەستووربووە بەردەوام بێت، ئەمەش بە هیچ شێوەیەک دروست نییە و قبووڵ ناکرێت. دوای ئەوەی حکومەتی فیدراڵی دەستیکرد بە ڕاستکردنەوەی هەڵەکان و جێبەجێکردنی دەستور و یاساکان کەوتنە سەر ڕێچکەی ڕاستی خۆیان، بە تایبەتی دوای ڕزگارکردنی عێراق لە چنگی ڕێکخراوی داعش، هەرێم ئەمەی پێ قبووڵ نییە و دەیەوێت بەردەوامبێت لەسەر ئەو پێشێلکارییانەی کە پێشترهەبوون."

کیلابی وتیشی، "ئێمە دەمانەوێت لایەنە سیاسیەکانی هەرێم خۆیان یەکلابکەنەوە؛ ئایا ئەوان چیان دەوێت؟ ئایە دەیانەوێت لە عێراق جیاببنەوە وەک ئەوەی پێشتر پارتی کردی و ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ڕاگەیاند، یان دەیانەوێت لە چوارچێوەی عێراقێکی فیدراڵی بمێننەوە و پابەندبن بە دەستوری عێراق و دامەزراوە فیدراڵییەکان؟ دەستور دەسەڵاتی هەرێمەکان و حکومەتی فیدراڵی دیاریکردووە لە چوارچێوەی سیستەمێکی لامەرکەزییەت."

وێنەی ئاهەنگێکی بەر لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان
وێنەی ئاهەنگێکی بەر لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان

لە دەستوری عێراقدا ماددەی 117 دان بە هەرێمی کوردستاندا دەنێت وەکو هەرێمێکی فیدڕاڵی. ئەمە جگە لەوەی ماددەکانی 118 و 119 ماف بە پارێزگاکانی تری عێراق دەدەن بۆ ئەوەی هەرێمی نوێ دروستبکەن لەسەر بنەمای داواکاری یەک لەسەر سێی ئەندامانی پارێزگا یاخود یەک لەسەر دەی دەنگدەرانی پارێزگاکە.

بەڵام سەرەڕای ئەم ماددانەی ناو دەستور، حکومەتی عێراق لە چەند ساڵێ ڕابردوودا ڕووبەڕووی چەندین هەوڵ بووەتەوە بۆ ڕاگەیاندنی هەرێمی بەسڕا و دروستکردنی هەرێمی سوننە لە پارێزگاکانی وەک ئەنبار و سەڵاحەدین.

بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان بەردەوام ڕەخنەی ئەوە لە دەستەڵاتدارانی عێراق دەگرن بەوەی گوایە تەنها ئەو بڕگانەی دەستور جێبەجێدەکەن کە لەبەرژەوەندی حکومەتی ناوەندن، وە جێبەجێ نەکردنی ماددەی 140 سەبارەت بە کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان وەک نمونە دەهێننەوە.

بەڵام یوسف کیلابی ئامادەنەبوو لەسەر پرسی کەرکوک لێدوان بدات و ڕایگەیاند دەستەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان ئێستا "زۆر زیاترن" لەوەی دەستوری عێراق دیاریکردووە.

کیلابی دەڵێت، "ئێمە دەمانەوێت بزانیین لە ئێستادا هەرێم چی نییە؟ هەرێم بەشداری لە هەموو شتێکی حکومەتی عێراقدا دەکات، لەکاتێدا بەغداد بەشدار نییە لە هیچ شتێکی هەرێم. بەغداد تەنها فەرمانبەرێک یان پۆلیسێکی لەهەرێمدا نییە. من باوەڕم وایە ئەو دەسەڵاتانەی کە دراون بە هەرێم لە هیچ شوێنێکی ئەم دونیاییدا نەدراون بە هیچ هەرێمێک لەناو وڵاتێکی فیدراڵیدا. ئەودەسەڵاتانەی کە لە ئێستادا هەرێم هەیەتی هەندێک لە وڵاتانی جیهان نیانە. بۆیە من پێموایە دەبێت هەرێم خۆی یەکلاییبکاتەوە، ئایا دەیەوێت جیاببێتەوە، یان دەیەوێت لەچوارچێوەی عێراق بمێنێتەوە. ئەگەر بژاردەی دووەم هەڵبژێرێت ئەوا دەبێت هەرێم پابەندبێت بە دەستوورەوە، بە پێچەوانەوە گەرهەرێم بەردەوامبێت لە ئاژاوەنانەوە وشەڕانگێزی ئەوا بە هەموو پێوەرێک دووچاری زیانێکی گەورە دەبێتەوە."

لەپاش تەواوبوونی پڕۆسەی کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکانی ژێر دەستەڵاتی داعش و ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2017، حکومەتی هەرێمی کوردستان جگە لە لەدەستدانی دەستەڵاتی لە ناوچە کێشەلەسەرەکان، لە چەندین قۆناغێکی جیاوازدا دەستەڵاتەکانی بەرامبەر بەغدا لاوازبووە.

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، دادگای فیدڕاڵی عێراق چەندین بڕیاری گرنگی لەسەر هەرێمی کوردستان داوە کە دیارترینیان بریتین لەمانە: لە ڕۆژی 15-2-2022 داگاکە بڕیاریدا بەوەی یاسای نەوت و گازی هەرێم و هەناردەی نەوتی هەرێم نادەستورییە؛ لە ڕۆژی 30-5-2023 بڕیاریدا بەوەی کە درێژکرنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان نادەستورییە؛ وە لە 24-9-2023 بە هەمانشێوە بڕیاری نادەستوری بوونی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی دا.

لەمساڵێشدا، دادگاکە چەند بڕیارێکی تری سەرەکی دەرکرد کە گرینگترینیان بریتی بوو لە بڕیاری 21-2-2024 تایبەت بە جێگیرکردنی (تەتوینی) مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە لایەن بانکە مەرکەزییەکانی عێراق و گۆڕینی سیستەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان.

یوسف کیلابی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی وهەرێمی کوردستانی بە "زۆر خراپ" ناوبرد و وتی، "بەردەوام حکومەتی هەرێم سکاڵای ئەوە دەکات کە بەغداد دەیەوێت دەسەڵاتەکانی زەوتبکات، بەڵام ئەوەی ڕاستی بێت ئەولایەنەی کە زۆر پەرۆشە بۆ هەرێم، حکومەتی عێراقە. حکومەتی ئێستای هەرێم لە ڕاستییدا تەنها لەلایەن یەک ڕەنگ و یەک لایەنی سیاسی سەرکردایەتی دەکرێت و بەڕێوەدەبرێت، ئەویش پارتی دیموکراتی کوردستانە. چونکە هیچ کێشەیەک لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا نییە، کێشەکە تەنها لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستانە؛ بە داخەوە شێوازی ئیدارەدانەکەی هۆکاربووە بۆ شکستهێنانی لە هەندێک دۆسییەدا."

پارتی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی عێراقی بە "نادەستوری" و بۆ بچوککردنەوەی حکومەتی هەرێم ناودەبات.

لە ڕۆژی 12-3-2024، حاکم عەبدولڕەحمان، یەکێک لە دوو ئەندامە کوردەکانی دادگای فیدڕاڵی کە بە نزیک لە پارتی دادەندرێت، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا دەستلەکارکیشانەوەی خۆی ڕاگەیاند بەهۆی ئەوەی بڕیارەکانی دادگای "دژی بنەماکانی سیستەمی فیدراڵیین."

شەش ڕۆژ دوای ئەمە مەکتەبی سیاسی پارتی بەشدارینەکردنی لە هەڵبژاردنی مانگی شەشی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاند.

وێنەی کۆبوونەوەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی، لەگەڵ جنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق ڕۆژی 3-4-2024 کە تێیدا بارزانی سوربوونی پارتی لەسەر بایکۆتی هەڵبژاردن دەردەبڕێت. .
وێنەی کۆبوونەوەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی، لەگەڵ جنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق ڕۆژی 3-4-2024 کە تێیدا بارزانی سوربوونی پارتی لەسەر بایکۆتی هەڵبژاردن دەردەبڕێت. .

یوسف کیلابی دەڵێت، "ئەو قسەیە ڕاستنییە کە دەڵێن عێراق دەستوور پێشێلدەکات، ئەوەی پابەندە بە دەستوورە حکومەتی عێراقە، ئەو قسانە تەنها پارتی دەیکات، ئێمە گوێمان لە برادەرانی یەکێتی و گۆڕان نەبووە کە بەغداد تۆمەتباربکەن بە پێشێلکردنی دەستوور. ئەوەی ڕاستییە ئەوەیە کە پارتی پابەند نییە بە دەستووری عێراقەوە. ئێمە هەرچوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستانمان خۆشدەوێت، چونکە ئەوان بەشێکی نەبڕاوەن لە عێراق؛ خەڵکی کوردستانیش خەڵکی خۆمانن و ڕێزیان لێدەگرین."

یوسف کلابی لە ساڵی 1979 لە قەزای نەعمانییەی پارێزگای واست لەدایکبووە. ئەو پێشتر ئەندامی فراکسیۆنی نەسری حەیدەر عەبادی بووە، بەڵام لە هەڵبژاردنی ساڵی 2021 وەک سەربەخۆیەک خۆی بەربژێرکرد و بوو بە ئەندامی پەرلەمانی عێراق.

یوسف کیلابی ئەندامی پەرلەمانی عێراق
یوسف کیلابی ئەندامی پەرلەمانی عێراق

ئەو پەرلەمانتارە لە ڕابردوودا بەردەوام ڕەخنەی لە شێوەی مامەڵەی حکومەتی عێراق گرتووە لەگەڵ هەرێمی کوردستان و کۆتایی ساڵی ڕابردوو ڕایگەیاند سکاڵایەک لە دژی حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانی تۆماردەکات بەهۆی ناردنی قەرز بۆ حکومەتی هەرێم.

کیلابی بەهۆی هەڵوێستەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی ڕەخنە بۆتەوە بەوەی گوایە دژی هەرێمی کوردستانە.

ڕۆژی 11-6-2023، کیلابی داوای لێبووردنی کرد بەهۆی بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی دوای پەسەندکردنی ماددەکانی 13 و 14 لە رەشنووسی بودجەی عێراق سەبارەت بە هەرێمی کوردستان. لە ڤیدیۆکەدا کیلابی دەڵێت، "دوای تۆمارکردنی گۆڵی 13 و 14 لەلایەن شێرەکانی هۆڵەکانەوە، ئەو کێشەیەی لەلایەن جەماوەرەکانی یەکێتی یونایتد و پارتی یونایتد روویدا هەوڵماندا نێوەندگیرییان بۆ بکەین و سوپاس بۆ خوا کردمان و پاکتاومانکردن."

یوسف کیلابی لەم بارەیەوە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" هیچ کەسێک نیە لە هەرێمی کوردستاندا ڕەخنە لە من بگرێت، هەروەها لە دەزگا میدیایەکانیش ئەوەی من وتوومە ڕاستییە و هیچیتر. ئەوەی ڕاستی بێت لە کوردستان حزب موسەیترە وەک دیکتاتۆریەک بەسەر هەرێمی کوردستانەوە، ئێمە گەر باسی 30 ساڵ لەمەوپیش بکەین، ئەوە دەسەڵاتەکان لە نێوان بارزانی و بنەماڵەکەی دەرنەچووە. من دژی فەسادم و لەگەڵ خەڵک و لەگەڵ دزینی نەوتم لە هەرێمی کوردستاندا، وەک چۆن هەندێک خیزان دەستیان بە سەر نەوتدا گرتووە و کەس نازانێت ئەو پارەیە چێلێکرا."

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا کاتێک پرسی ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ڕاستەوخۆ لەلایەن حکومەتی عێراقەوە کەوتە بەرباس، چەند بەرپرس و سیاسەتمەدارێکی هەرێمی کوردستان ڕایانگەیاند کە یوسف کیلابی هەڵسوڕێنەری سەرەکی ئەم هەوڵانەیە.

لە مانگی دەی ساڵی ڕابدوو، شوان کەلاری، بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لە لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند "هەموومان دەزانین عەرابی پرۆژە و داواکاری (پێدانی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن بەغدادەوە) یوسف کیلابییە."

هەر هەمانگ، غالب محەمەد، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند ژمارەیەک لە مامۆستا و فەرمانبەر و 111 ئەندامانی پەرلەمانی عێراق لە خولی ئێستا و پێشوو پڕۆژەیەکیان داوەتە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بۆ ئەوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بخرێتە سەر عێراق.

غالب محەمەد، ڕایگەیاند، "لە ڕێگەی یوسف کیلابی واژۆکان گەیەنراونەتە سەرۆک وەزیرانی عێراق و ئەویش بەڵێنی هاوکاری کردنی داوە."

سەرەڕای ڕەخنەکانی لە حکومەتی هەرێم، یوسف کیلابی دەڵێت لە ماوەی 30 ساڵی ڕابردووی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان "کاری باش کراوە."

یوسف کیلابی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ناڵێین هیچ نەکراوە لە کوردستان لە 30 ساڵی ڕابردوو. بۆنموونە لایەنی ئەمنی و پرۆژە خزمەتگوزاریەکان و لە بواری وەبەرهێنان کاری باش هەبووە. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ توانای بەڕێز نیچیرڤان بارزانی. گۆرانکاریەکانیش بە تایبەت لە دهۆک و هەولێر بووە. بەڵام گەر باسی ئەو هەموو داهاتەی فرۆشتنی نەوت و خاڵە سنوریەکان و داهاتی ناوخۆ بکەین، ئەو گەشەسەندنە لە کوردستان بەس نیە و زۆر نیە."

XS
SM
MD
LG