Accessibility links

لە سلێمانی واژۆ دژی هەژماری من براوەتە قوتابخانەکان و پەروەردەش بێ ئاگایی خۆی پیشاندەدات


هەڵمەتێک دژ بە پرۆژەی "هەژماری من" لە سلێمانی زیاتر لە 90 هەزار واژۆی کۆکردۆتەوە. سەرپەرشتیارانی هەڵمەتەکە دەڵێن دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی لایەنی بەرپرس هەڵمەتەکەیان بردووەتە دەیان قوتابخانەی شارەکە. بەڵام بەرپرسانی پەروەدەی سلێمانی بێ ئاگایی خۆیان لە هەڵمەتەکە دەردەبڕن و دەڵێن کارێکی نایاساییە.

ئاوات ئازاد، یەکێک لەو مامۆستایانەی سەرپەرشتی هەڵمەتەکەی کردووە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "زیاتر لە 93 هەزار واژۆمان کۆکردەوە و ئەمڕۆ گەیاندمانە بەغداد؛ پێشکەشی وەزارەتی دارایی، دادگای فیدڕاڵی، لیژنەی داراییمان کردووە. دەشمانەوێت بیگەیەنینە پەرلەمانی وڵاتانی دەرەوە. لێرەش پێیان وتین سورین لەسەر ئەو بڕیارەی داومانە بۆ بە نیشتیمانی کردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم."

هەژماری من یەکێک لە پرۆژە سەرەکییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و تایبەتە بە ئەلیکترۆنیکردنی وەرگرتنی مووچە. ئەم پڕۆژەیە ئێستا مەترسی کەوتۆتە سەر بەهۆی ئەوەی حکومەتی عێراق دەیەوێت لە ڕێگەی بانکە حکومییەکانی خۆیەوە پارەی مووچەخۆرانی هەرێم دابینبکات، لە کاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتیبەستووە بە چەند بانکێکی ئەهلی لە پرۆژەکەیدا.

بەشێک لە مامۆستایان و مووچەخۆرانی ناڕازی لە هەرێمی کوردستان متمانەیان بە پرۆژەکە نییە و دەڵێن بۆ گەرەنتی وەرگرتنی مووچەکانیان لە کاتی خۆیدا دەیانەوێت هەژماری بانکی لە بانکە فیدڕاڵییەکانی حکومەتی عێراقەوە بکەنەوە.

دیمەنی هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژۆ دژ بە پرۆژەی هەژماری من لە سلێمانی.
دیمەنی هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژۆ دژ بە پرۆژەی هەژماری من لە سلێمانی.

لە کاتێکدا پارتی لە ناو حکومەتی هەرێم، وە وەزارەتی دارایی کە وەزیرەکەی لەسەر بزووتنەوەی گۆڕانە، بە ئاشکرا پاڵپشتی بۆ هەژماری من دەردەبڕن، بەڵام هەڵوێستی یەکێتی تا ئێستا بە ناڕوونی ماوەتەوە.

بۆ وەرگرتنی ڕای فەرمی یەکێتی، دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی کرد بە چەند بەرپرسێکی ئەو حزبە بەڵام هەوڵەکان بێ ئەنجامبوون.

ڕۆژی 28ی مانگی سێ ژمارەیەک لە مامۆستایانی سلێمانی دەستیانکرد بە هەڵمەتێک بۆ کۆکردنەوەی واژۆ لە دژی هەژماری من. هەڵمەتەکە لە ژێر ناوی "نەخێر بۆ هەژماری من بەڵێ بۆ بە نیشتیمانی کردنی مووچەکانمان" لەسەر شەقامە گشتیەکانی سلێمانی دەستی پێکرد و دواتر لە چەندین شارۆچکەی تری سنوری سلێمانی بەردەوام بوو. ئێوارەی دوێنێش، 4-4-2024، دوای 7 ڕۆژ کۆتاییان بە هەڵمەتەکە هێنا.

دەنگی ئەمەریکا زانیویەتی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەڵمەتەکە براوەتە بەشێک لە قوتابخانەکان و داوا لە مامۆستایان کراوە دژی هەژماری من واژۆ بکەن. بەڕێوبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانیش لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا بێ ئاگایی خۆی لەو کارە نیشاندا و بە "نایاسایی" ناوی برد و ڕایگەیاند ئەوان بەشداریکردن لە پرۆژەی هەژماری من بە پەسەند دەزانن.

عومەر حەمە ئەمین، جێگری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی پارێزگای سلێمانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " کردنەوەی هەژماری من ئازادانەیە، کێ دەیکات یان نایکات ئازادە. واتە کەس ڕێگر نیە لە کردن یان نەکردنی، بەڵام کردنی باشترە."

وتیشی، "ئەم فۆڕمە ئێمە ئاگادار نین لەلایەن کێوە هاتووە بۆ قوتابخانەکان، بەڵام لە ڕێگەی پەروەردەوە نەهاتووە و لە ڕووی یاساییشەوە نابێت. بە دڵنیاییەوە ئێمە بەدواداچوونی بۆ دەکەین."

فۆڕمی هەڵمەتی دژ بە ‌"هەژماری من" کە لەلایەن هەزاران کەس لە سلێمانی پڕکراوەتەوە
فۆڕمی هەڵمەتی دژ بە ‌"هەژماری من" کە لەلایەن هەزاران کەس لە سلێمانی پڕکراوەتەوە

دەنگی ئەمەریکا لەسەر ئەم پرسە پەیوەندی کرد بە چەند سەرپەرشتیارێکی هەڵمەتەکە، دوان لە سەرپەرشتیارەکان جەختیان کردەوە کە ئەوان بە فەرمی مۆڵەتیان وەرگرتووە بۆ ئەو کارە، بەڵام ئامادە نەبوون ناوی لایەنی مۆڵەت پێدەر ئاشکرا بکەن.

یەکێک لە سەرپەرشتیارانی هەڵمەتەکە، کە ئامادە نەبوو ناوی خۆی ئاشکرابکات، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "پەروەردە ئاگادار نییە لە بردنی واژۆکە بۆ قوتابخانەکان و ئێمە مۆڵەتمان لە لایەنێکی حکومی وەرگرتووە بۆ ئەو کارە، بەڵام ئامادە نین ناوەکەی ئاشکرا بکەین."

وتیشی،" ئەوەی مۆڵەتەکەی پێداین کەسایەتییەکی حکومییە."

هەروەها ئاوات ئازاد، یەکێکی تر لەسەرپەرشتیارانی هەڵمەتەکە، لە بەغداوە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئێمە داوای مۆڵەتمان کرد لە سلێمانی؛ سەرەتا وتیان نەخێر بۆتاننییە بچن بۆ قوتابخانەکان، تا کۆتا ڕۆژ وتیان بەڵێ مۆڵەت هەیە دەتوانن بچن. ئەوەبوو دوێنێ چووین بۆ هەندێک لە قوتابخانەکان. فریای هەمووی نەکەوتین. نزیکەی 50 قوتابخانە فریاکەوتین و واژۆیان لێ وەربگرین."

لە ئێستادا هەڵمەتەکە کۆتایی هاتووە؛ سەرلەبەیانی ئەمڕۆش واژۆکان گەیەندرانە بەغداد و بە قسەی سەر پەرشتیارەکان چاوەڕێن بۆ ئەوەی بزانن هەڵوێستی بەرپرسان لە بەغدا چی دەبێت.

دوێنێ بەپرسێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەرجی بڵاونەکردنەوەی ناوی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "گفتووگۆی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر هەژماری من بەردەوامە، بانکی ناوەندی عێراق هاتووەتە سەر هێڵ بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتە تا بڕیار لەسەر تەوتین یان هەژماری من بدرێت."

XS
SM
MD
LG