یەکێک لە پرۆژە سەرەکییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە تایبەتە بە ئەلیکترۆنیکردنی وەرگرتنی مووچە ئێستا مەترسی کەوتۆتە سەر بەهۆی ئەوەی حکومەتی عێراق دەیەوێت لە ڕێگەی بانکە حکومییەکانی خۆیەوە پارەی مووچەخۆرانی هەرێم دابینبکات، لە کاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتیبەستووە بە چوار بانکی ئەهلی لە پرۆژەکەیدا.
مانگی 2ی 2023 حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی "هەژماری من"ـی راگەیاند "بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان ببێت بە ناوەندێک کە تیایدا مامەڵە بە پارەی کاش نەمێنێت،" وە بڕیاریدا نزیکەی هەزار ئامێری ڕاکێشانی پارەش لەماوەی دووساڵدا لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێم جێگیربکرێن.
کۆتایی مانگی ڕابردوو حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند 200 هەزار فەرمانبەری هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەکە هەژماری بانکییان لە چوار بانکی ئەهلی دروستکردووە و سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانیش وتی ئامانجی حکومەتەکەی ئەوەیە تا کۆتایی ئەمساڵ یەک ملیۆن هاونیشتمانی دەستیان بە خزمەتگوزاری بانکی بگات.
هەریەک لە بانکەکانی بی بی ئەی سی و بانکی جیهان وبانکی نشتیمانی عێراق و بانی ئاڕتی، هاوبەشن لە پڕۆژەی هەژماری من کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم بانکانەوە مووچە دابەش بکات. بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت پێویستە هەژمارەکان سەربە بانکە حکومییەکانەوە بن، تا مووچەخۆران بتوانن پارەکانیان وەرگرن.
ئەحمەدی حاجی ڕەشید، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " جێگیرکردنی مووچە (تەوتین) پەیوەندی بەو وەزارەتەوە هەیە کە بڕیارەکە دەدات. ئەو بانکانەی لە هەژماری من هەن، حکومی نین. لە عێراق نزیکەی 86 بانک هەن و چەند لقێکیان هەیە؛ 6 بانکیان حکومین کە پێکهاتوون لە تی بی ئای، ڕافیدەین ، ڕەشید، بانکی بازرگانی، بانکی پیشەسازی و بانکی وەبەرهێنان. بە پێی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی دەبێت هەژمارە بانکیەکان لە ڕێگەی ئەو بانکانەوە بێت."
ئەو ئەندامەی خولی پێشووی پەرلەمان وتیشی، " لقەکانی بانکی ڕافیدەین لە سلێمانی 8 لق و لە هەولێر 8 لق و لە دهۆک 5 لق دەستیانبەسەرداگیراوە لەلایەن حیزبە دەستەڵاتدارەکانەوە. ئەوان ئامادەیی خۆیان بۆ کردنەوەی لقەکان دەربڕیوە، بەجۆرێک کەتەنها 2 لقیان پێبدەنەوە، بەڵام لەلایەن حیزبەکانەوە پێیاننەدراونەتەوە وئێستا هەندێکیان کراونەتە بینای بازرگانی."
ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، 21ی مانگی 2ی 2024، دادگای فیدراڵی عێراق دوو سکاڵای یەکلایی کردەوە و یەکێک لە سکاڵاکان پەیوەندیداربوو بە شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم لەسەر بنەمای سکاڵایەک کە لەلایەن سێ هاوڵاتی دانیشتووی هەرێمی کوردستانەوە تۆمارکرابوو.
دادگای فیدراڵی عێراق سەرۆک وەزیرانی عێراق و هەرێمی کوردستانی پابەندکرد بە چەندین بڕیاری دارایی کە گرنگترینیان بریتیبوون لە ڕادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بە حکومەتی عێراق و پابەنکردنی حکومەتی عێراق بە دابەشکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم.
دوای بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی، وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بەڵام لە ڕێگەی بانکە حکومییەکانی عێراقەوە.
لە ڕۆژی 26ی مانگی 2ی 2024، لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بانگهێشتی تەیف سامی وەزیری دارایی عێراقی کرد. بە پێی وتەی ئەندامانی لیژنەکە، وەزیری دارایی لە کۆبوونەوەکە ڕایگەیاندووە تەنها ئەم مانگە بەپێی لیستی مووچەخۆران کە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە نێردراوە پارە ڕەوانەی هەرێم دەکات، بەڵام بۆ مانگەکانی داهاتوو دەبێت هەر مووچەخۆرێکی هەرێم هەژماری تایبەت بەخۆی لە بانکە حکومییەکانی عێراق هەبێت بۆ ئەوەی مووچەکەی وەربگرێت.
بە بڕوای چاودێرانی ئابووری، ئەم پێشهاتە مەترسی دەخاتە سەر پرۆژەی هەژماری من کە حکومەتی هەرێم بەردەوام وەک یەکێک لە پرۆژە گرنگەکانی باسی کردووە، ئەمە جگە لەوەی ئەو 200 هەزار کارمەندانەی حکومەتی هەرێم کە هەژماری بانکییان دروستکردووە ڕووبەڕووی زیانی ئابووری دەبنەوە.
سەرکۆ یونس لێێسراوی لقی هەڵەبجەی سەندیکای ئابوریناسی کوردستان لە لێدوانێکدا بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " ئەو بانکانەی کە لە پڕۆژەی هەژماری من هاوبەشی حکومەتی هەرێمی کوردستانن، بانکی تایبەتن و حکومی نین. لەبەرامبەر کردنەوەی هەر هەژمارێک عمولەیەک وەردەگرن کە نزیکەی 2 هەزار و 500 دینارە."
سەرکۆ یونس وتیشی، " ئەو هەژمارانەی کە لە هەژماری من ئەکاونتیان دروستکردوە، بە پێی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی دەبێت لە بانکە فیدڕاڵییە حکومییەکان دروستی بکەن. پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان لیژنەیەک بنێرێتە بەغدا تا لێکتێگەشتنێک بدۆزرێتەوە بۆ ئەو هەژمارانەی کە لە پڕۆژەی هەژماری من دروستکراون."
بە گوێرەی وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو هەژمارە بانکییانەی دروستکراون بە گشتی لە هەولێرن و ئێستا پڕۆژەی هەژماری من خەریکە لە پارێزگاکانی سلێمانی و دهۆک دەستپێدەکات و ئەو بانکانەی کە هەژمارەکانیان لێ دروستکراوە لەلایەن بانکی ناوەندی عێراق پەسەند کراون.
هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم، دوێنی لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا وتی، "بانکی حکومی لە هەرێم نییە. ئەوە ڕێگە ڕاستەکەیە کە لە ڕێگەی هەژماری منەوە مووچەی فەرمانبەران بدرێت. بانکە فیدڕاڵیەکان لە هەرێم لقیان نییە. هەژماری من جۆرەها کارئاسانی سەردەمییانە و خزمەتگوزاری بۆ خەڵك تێدایە، تێچووەكەشی لە عێراق کەمترە، یەکێکە لە هەرە ڕێگە باشەکان، لە ماوەی شەش مانگی داهاتوودا هەموو فەرمانبەران داخڵدەبن."
وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێم ڕەخنەی لە حکومەتی عێراق گرت و وتی، "بە ماوەی هەشت ساڵ نەیتوانیوە هەژمار بۆ فەرمانبەرانی خۆی بکاتەوە، چۆن دەتوانێت بە مانگێک هەژمار بۆ فەرمانبەرانی هەرێم بکاتەوە؟ لەبەر ئەوە ئەمانە زیاتر بیانووگرتنن و کێشەن وەک چۆن لە ڕابردوودا درێغیان نەکردووە، هەر کاتێک ویستویانە کێشەیان بۆ بەشە بودجە و پشکی هەرێم دروستکردووە."
بەرپرسانی هەرێم بەردەوام دەڵێن حکومەتی عێراق دەیەوێت بە بیانووی جیاواز سزای خەڵکی هەرێمی کوردستان بدات و حکومەتی هەرێم لاواز بکات.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی دووشەممە لەتۆڕی ئێکس لەدوای دیداری لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە واشنتن ڕایگەیاند، "باسمان لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد و داوای پشتیوانیی بەردەوامی ئەمریکام کرد لە فیدرالیزم و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان.
مەسرور بارزانی مانگی دەی ساڵی ڕابردوو لە زانکۆی سەڵاحەدین ڕایگەیاند، "هەرێمی کوردستان کیانێکی دەستوری عێراقە، ئەگەر مووچەش لە بوارەکانی دیکە جیادەکرێتەوە، دیسان دەبێت لە ڕێگەی دامودەزگا پەیوەنیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دابەشبکرێت."
دەنگی ئەمەریکا لەسەر ئەم پرسە پەیوەندیکرد بە پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەو ڕایگەیاند، "سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە لەگەڵ تیمی حکومەتدا لە ئەمەریکان، زانیاریەکان لەلای ئەوانن."
بەپێ ئامارە ناڕەسمییەکان، نزیکەی یەک ملیۆن و 200 هەزار مووچەخۆر لە هەرێمی کوردستاندا هەن، بەڵام زۆربەیان هەژماری بانکییان نییە. بۆ کردنەوەی هەژماری تایبەت بۆ تەواوی مووچەخۆرانی لە بانکە فیدڕاڵیەکان، حکومەتی هەرێم پێویستی بەکاتێکی زیاترە لەوەی کە وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق داوایکردووە.