Accessibility links

شارەزایەکی ژینگە: دەکرێت خۆرگیرانی تەواوەتی زیان بە ڕووەک بگەیەنێت


ڕۆژی دووشەممە لە باشوری ڕۆژئاوای مەکسیکەوە بگرە تا دەگاتە ڕۆژهەڵاتی کەنەدا بە پانتایییەکی نزیکەی 115 کیلۆمەتر بە تەواوەتی خۆر دەگیرێت بەڵام بە پانتایی سەدان کیلۆمەتریش خەڵکی دەتوانن خۆرگیرانەکە ببینن بەڵام لەو بەشانەدا بە تەواوەتی خۆرەکە ناگیرێت.

بە ملیۆنان کەس هەر لە مەکسیکەوە بگرە تا دەگاتە ئەمەریکا و کەنەدا خۆیان ئامادە کردووە بۆ چێژوەرگرتن لەو دیمەنە گەردوونییە.

لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی کە ئەم دیمەنە گەردوونییە ناوازەیە دەردەکەوێت، چەندین بۆنەی جۆراروجۆر ڕێکخراوە تا خەڵکی پێکەوە لەو دیمەنە بڕوانن، هەرچەندە لە هەندێک شوێن بەهۆی هەورەوە ڕەنگە نەتوانرێت دیمەنەکە بەدی بکرێت.

واشنتنیش یەکێکە لەو شوێنانە و چاوەڕوان دەکرێت پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە هەزاران کەس لە گۆڕەپانی نیشتمانی (ناشناڵ مۆڵ) واشنتن ئامادە بن و چێژ لە دیمەنە ناوازەیە ببینن، هەرچەندە لە ناوچەی واشنتن خۆرەکە بە تەواوەتی ناگیرێت.

لەو کاتەدا پاراستنی چاو زۆر پێویستە، دەبێت بە چاویلکەی تایبەتی خۆرگیران و فلتەری دروست سەیری خۆر بکرێت، تەنها ئەو کاتە نەبێت کە خۆر بە تەواوەتی لە چاو ون دەبێت و دنیا تاریک دەبێت دەتوانن چاویلکەکە لاببەن.

خالد سولەیمان، ڕۆژنامەوانی بواری زانستی و ژینگە
خالد سولەیمان، ڕۆژنامەوانی بواری زانستی و ژینگە

خالد سولەیمان ڕۆژنامەوانی بواری ژینگەو و زانستی باسی لە کاریگەرییەکانی ئەم دیاردە گەردوونیە کرد بۆ سەر گیانلەبەران و ڕووەک.

بەڕێز سولەیمان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " بە شێوەیەکی گشتی زیانی نییە، تاکە شتێک کە ڕەنگە کە لەم دیاردە گەردوونییەدا زیانی پێگات ڕووەکە، ڕووەک توشی جۆرێک لە شۆک دەبێت چونکە ڕووک پەیوەندی بە تیشکی خۆرەوە هەیە و وزە لە تیشکی خۆر وەردەگرێت. لەکاتی خۆرگیراندا ڕووەک توشی شۆک دەبێت کاتێک لە گەرمەی وەرگرتنی وزەدایە لە هەتاوەوە دەبینێت هاتاو دەستبەجێ نامێنێت. پاشانیش کە دوای چەند خولەکێک هەتاو دەردەکەوێتەوە بۆ ڕووک قورسە جارێکی تر بێتەوە سەرخۆی، جا بۆیە ڕەنگە کاریگەری نەرێنی لاوەکی هەبێت بۆ ڕووەک."

سەبارەت بە کاریگەرییە لاوەکییەکان بۆ سەر گیانلەبەرانی دیکە گوتی " گیانلەبەرانی دیکەی وەکو ئاژەڵ توشی جۆرێک لە سەرلێشوان دەبن، هەرچەندە لە ڕووی زانستییەوە زیانیان پێناگات، بەڵام سەریان لێدەشێوێت چونکە ئەوان لە ناوەڕاستی ڕۆژدا لە گەرمەی چالاکی خۆیاندان کە بە دوای خواردن دەگەڕێن کاتێک لە پڕێکدا تاریک دەبێت ئەوان وا بیر دەکەنەوە ئیتر شەوە و کاتی خەویانە، باڵندەکان بە تەواوەتی بێدەنگ دەبن، و ئەمەش تەنها بۆ چەند خولەکێکە جارێکی تر دنیا ڕووناک دەبێتەوە بەم جۆرە سەریان لێ دەشێوێت."

خالد سولەیمانی بنکە لە کەندەدا کە لە دەمی قسەکانیدا بۆ بەشی کوردی باسی لەوەش کرد لەو شوێنەی تیایدا نیشتەجێیە بە تەواوەتی بۆ نزیکەی 20 چرکە ئەمڕۆ تاریک دەبێت و خۆرگیرانی تەواو دەبینێت، گوتیشی " لە دەمی ئەم دیاردە گەردوونییەدا گیانلەبەرە ئاوییەکانیش جۆرێک توشی سەرسوڕمان دەبن، کاتێک دەبینن دنیا تاریک دەبێت و ئەوان سەر ئاو دەکەون بەڵام هەر زوو ئەو تاریکییە نامێنێت، بەڵام لە ڕووی زانستییەوە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر مرۆڤ نییە بە مەرجێک لە دەمی تەماشاکردنی خۆر چاویلکەی تایبەت بە خۆرگیران بەکاربهێنێت."

تاریکی تەواو لە هەندێک شوێندا هەتا 4 خولەک و 28 چرکە بەردەوام دەبێت. زانایان دەڵێن خۆرگیرانی تەواوەتی تری لەم جۆرە هەتا 21 ساڵی دیکە لە ئەمەریکا نابینرێت.

دواین جار لە ساڵی 2017 دیمەنێکی تری هاوشێوە لە بەشێکی ئەمەریکا بینرا.

خۆرگیران بە شێوەیەکی گشتی هەر چەند ساڵ جارێک ڕوودەدات لە جیهاندا، بەڵام زۆربەی جار دیمەنەکە تەنها لە جەمسەرەکانی زەوی یان لە ناوەڕاستی زەریانکانەوە دەبینرێن.

XS
SM
MD
LG