وتەبێژی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکا ڕادەگەیەنێت، وەفدی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عێراق ڕێککەوتووە لەسەر دوورخستنەوەی پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە ناکۆکییە سیاسییەکان و دابەشکردنی هاوشێوەی مووچەخۆرانی ناوچەکانی تری عێراق لەکاتی خۆیدا.
هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "بابەتی مووچە تاڕادەیەک چارەسەربووە، بەڵام بابەتی پلەبەرزکردنەوە و شیکردنەوەی جیاواز بۆ داهاتی ناوخۆ و هەژماری بانکی فەرمانبەران دوای جەژن لەگەڵ عێراق گفتووگۆی لەسەر دەکەین."
دەشڵێت، "دەبێت ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بەردەوام بێت و گرفتی بۆ دروست نەکرێت."
ڕۆژی 2-4-2024، وەفدێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی بۆ گفتووگۆکردن لەسەر شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و پرسی بودجەی هەرێم سەردانی بەغدایان کرد.
دوو ڕۆژ دوای ئەمە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "دوای هەوڵ و کۆششێکی زۆر، بەهاوکاری هەردوو تیمی سەرۆک وەزیرانی عێراق و حکومەتی هەرێم، توانرا چارەسەرێکی گونجاو بۆ کێشەی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم دابنرێت."
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "وەفدی هەرێم بۆ سێ بابەت سەردانی بەغدای کرد: خەرجکردنی مووچەی مانگی 3، خەرجکردنی مووچەی هێزە ئەمنییەکان و سەربازییەکان بەکۆد و مەسەلەی هەژماری من."
هەروەها وتیشی، "کێشەی مووچەی مانگی 3 و هێزە ئەمنییەکان چارەسەرکرا، بۆ هەژماری منیش لێکتێگەیشتن دروستبووە و وەزارەتی دارایی عێراق پێویستی بە ڕوونکردنەوەی دادگای فیدراڵییە و چاوەڕوانی ڕوونکردنەوەی دادگان."
جەختیشیکردەوە، "ئەگەر دادگای فیدراڵی ڕوونکردنەوە بدات کە تەوتین لە ڕێگەی بانکە ئەهلییەکانەوە و لە ژێر چاودێری و ڕەزامەندی بانکی ناوەندی بکرێت، ئەم کێشەیەش چارەسەر دەبێت و حکومەتی هەرێم لاری نییە."
بەپێی وتەی سەرچاوەکەی هەرێم، دوای جەژنی ڕەمەزان گفتووگۆکانی نێوان هەرێم و بەغدا دەست پێدەکەنەوە لەبارەی "تەوتین" و داهاتی گومرگ و خاڵە سنورییەکان و فەرمانگە فیدراڵییەکان.
سوران عومەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک، وێنەی نوسراوێکی نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراقی بڵاوکردووەتەوە، گوایە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پابەندبوونی خۆی بە کارکردن بەیاسای بودجە و بڕیاری دادگای فیدراڵی لەبارەی سێ مووچەی دابەشنەکراوی کۆتایی ساڵی 2023 نیشانداوە.
بەڵام سەرچاوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی، "لەسەردانەکەی وەفدی هەرێم دا بۆ بەغدا، باسی ئەو سێ مووچەیەی ساڵی ڕابردووی مووچەخۆرانی هەرێم نەکرا کە پاشەکەوت کراون."
هەرچەندە بەرپرسانی هەرێم و بەغدا جەخت لەسەر ڕێککەوتن لەسەر بەردەوامیدان بەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەکەنەوە، بەڵام هێشتا ترسێک هەیە لەوەی لەکاتی گفتووگۆکردندا لەسەر داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنورییەکان گرفت سەرهەڵبداتەوە.
شوان محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" گەرەنتی بەردەوامیدان بە ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم وەرگیراوە؛ بابەتی گەڕانەوەی داهاتی خاڵە سنورییەکان بۆ عێراق بەلای هەرێمەوە ڕەنگە کێشە نەبێت."
دەشڵێت، "بەپێی یاسای بەڕێوبردنی دارایی، دەبێت 19%ی داهاتی هەرێم بۆ بەغدا بگەڕێتەوە، بەڵام پێشتر ئەوان داوای 100%ی داهاتی ناوخۆیان دەکرد. گەر یاسای بودجە هەموار بکرێتەوە و پشکی هەرێم بەتەواوەتی بدرێت، هیچ کێشەیەک نامێنێت."
ڕۆژی 21-2-2024، دادگای فیدراڵی عێراق سکاڵای سێ هاوڵاتی دانیشتووی هەرێمی کوردستانی یەکلایی کردەوە، ئەنجامی سکاڵاکەش پابەندکردنی سەرۆک وەزیرانی عێراق و هەرێم بوو بە دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم هاوکات لەگەڵ فەرمانبەرانی عێراق.