Accessibility links

گەشتی فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی بۆ ماوەیەکی کاتیی ڕادەگیرێن


شەوی شەممە لەسەر یەکشەممە پاش هێرشە مووشەکی درۆنییەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، گەشتی فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی لە هەرێمی کوردستانی عێراق ڕاگیران.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە زاری ئەحمەد هۆشیار بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی هەولێرەوە ڕایگەیاند "بە هۆی نائارامیی ئاسمانی عێراق و ناوچەکە، بە هۆکاری گرژیی سەربازی لە ناوچەکەدا، بڕیار دراوە بۆ ماوەیەکی کاتی گەشتی فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی و تەواوی فڕۆکەخانەکانی عێراق ڕابگیرێن".

ئەمەش لە کاتێکدایە زۆربەی گەشتە ئاسمانییەکان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاگیراون بەهۆی مەترسی پەرەسەندی شەڕ لە ناوچەکە لە پاش ئەوەی سوپای پاسدارانی ئێران هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان بۆ سەر ئیسرائیل ڕاگەیاند.

سوپای پاسداران لە بەیاننامەیەکدا شەوی شەممە گوتی، ئەو هێرشانە لە وەڵامی چەندین هێرشی ئیسرائیلدا ئەنجامدراون، لەوانە هێرشکردنە سەر بەشی کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق و کوشتنی ژمارەیەک لە "فەرماندە و ڕاوێژکاری سەربازی".

XS
SM
MD
LG