جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان سەردانەکەی سەرۆککۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی بایەخداری سیاسی و ئابوری و ئاسایشی ناودەبات و دەڵێت هاتنی ئەردۆغان بۆ هەولێر "دڵنیایی دانە بەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان پارێزراوە."
مونا قەهوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لەم کاتوساتە هەستیارەدا کە لێکترازانێکی سیاسی هەیە و لە دۆخێکی نا هەموارداین، هاتنی سەرۆکی وڵاتی تورکیا و هەر وڵاتێک بۆ هەرێمی کوردستان بێگومان بایەخی خۆی هەیە لە ڕووی سیاسی و ئابوری و ئەمنیەوە."
وتیشی، "وڵاتی تورکیا دراوسێیە و دەکرێت هەندێک لە کارەکان پێکەوە لە بەرژەندی هەردوولادا بکرێت. [سەردانی ئەردۆغان] بۆ پێگە و بەهێزی قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە، کە هەمیشە ئەو قەوارەیە بە پارێزراوی بمێنێتەوە."
دوێنێ دووشەممە، 22-4-2024، سەرۆکی تورکیا پاش نزیکی 13 ساڵ جارێکی تر سەردانی عێراقی کرد و لە بەغدا نزیکی 25 ڕێککەوتن و تێگەیشتنی لەگەڵ حکومەتی عێراق لە بوارەکانی ئاسایش، بازرگانی، ئاو، ڕێگەی گەشەپێدان و چەند بوارێکی دیکە واژۆکرد.
دوای بەغدا، ئەردۆغان ئێوارەی دوێنێ گەیشتە هەولیر و لەلایەن سەرۆکی هەرێم و بەرپرسانی تری باڵای حکومەتی هەرێم پێشوازی لێکرا.
ڕازاندنەوەی شەقامەکانی هەولێر و قەڵای هەولێر بە ئاڵای تورکیا و کوردستان بۆ پێشوازی لە ئەردۆغان کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتەوە.
زاگرۆس هیوا، وتەبێژی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)، دوێنێ بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هەڵکردنی ئەو ئاڵایە بێڕێزییە بە خۆێنی هەموو ئەو سەدان هاوڵاتییە مەدەنیانەی باشوری کوردستان و عێراق کە لە ئەنجامی هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا دا گیانیان لە دەست داوە، ڕەوایەتیدانە بە داگیرکاری و کردەوە کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی تورکیا لە سەر باشوری کوردستان."
بەڵام پارێزگاری هەولێر هەڵکردنی ئاڵاکەی وەک بەشێک لە پرۆتۆکۆڵی پێشوازی برد و بە دەنگی ئەمەریکای وت، "یهکهمجار نییه له کاتی هاتنی سهرۆکی وڵاتان ئاڵا له قهڵات ههڵبکرێ. ههروهها تهنها ئاڵای تورکیا نییه، بهڵکو ئاڵای کوردستان و عێراق و تورکیا بهیهکهوه دروستکراوه."
جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان پێیوایە ناڕەزایەتییەکان بەرامبەر بە هەڵکردنی ئاڵای تورکیا ناڕەوان.
مونا قەهوەچی بە دەنگی ئەمەریکای وت، "ئەوەی بۆ ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا و پاپای ڤاتیاکان کرا و ئاڵای وڵاتەکانیان هەڵکرا، بە هەمانشێوە بۆ سەرۆک کۆماری تورکیاش کرا و لە ڕووی پرۆتۆکۆڵییەوە هیچ نا یاسای بوونێکی تێدا نەبوو. ئەوانەی کە چەواشەکاریان بڵاودەکردەوە لە سۆشیاڵ میدیا و بە نایاسایییان زانی ئەوانە هەمیشە نا حەزانن."
ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکان
ئەردۆغان و بەرپرسانی باڵای هەرێم دوای کۆبوونەوەکانی دوێنێ ئێوارە هیچ کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی یان ڕاگەیەندراوێکیان بڵاونەکردەوە لەسەر ئەو پرسانەی لە نێوان تیمی حکومەتی هەرێم و حکومەتی تورکیادا باسکراون.
ئەمڕۆ سێشەممە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک ڕایگەیاند، " بەشداربووم لە کۆبوونەوەی سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەتی هەرێم لەگەڵ سەرۆکی تورکیا و وەفدی یاوەریان. لە کۆبوونەوەکەدا داوام لە بەڕێز رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا کرد کە پێداچوونەوە بکەن بە بڕیاری داخستنی ئاسمانی تورکیا بەڕووی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیدا."
بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ هەولێر بە ڕووداوێکی گرنگ وەسفدەکەن.
ڕزگار ئەژی گۆران، ئەندامی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە و ڕاپەڕین بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "دوای ئەم هەموو قەیرانەی کە لە عێراق سەریانهەڵداوە، لە ڕووی ئابوری و سیاسی و ئەمنی و بەتایبەتی تر لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق، گرفت دروستکردن لە ڕێگای دادگای فیدراڵی کە بە سیاسیکراوە و بڕیارەکانی ڕەنگدانەوەی خراپیان بۆ سەر پەیوەندیەکانی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی بووە، بە دڵنیاوە سەردانەکەی سەرۆکی تورکیا بۆ کوردستان بایەخی خۆیی هەیە و گرنگە."
پێش گەیشتنی ئەردۆغان بۆ هەولێر، لە تویتێکدا نێچیرڤان بارزانی لە پەڕەی خۆیی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، "سهردانى مێژوويی سهرۆك ئهردۆغان بۆ بهغدا و ههولێر له كاتێكى ههستيارى ناوچهكهدا دێت، ئاماژهیه بۆ پهيوهنديى سياسى و ئابوورى و ئهمنيى به هێزى عێراق و ههرێمى كوردستان لهگهڵ توركيادا. خۆشحاڵم كه له ههولێر پێشوازى له سهرۆك ئهردۆغان دهكهم و لهسهر چهند پرسێكى گرنگى وهك ئاشتى و سهقامگيرى و پهرهپێدانى ئابوورى، گفتوگۆ دهكهين."
بە پێی ئەو زانیاریانەی کە دەست دەنگی ئەمەریکا کەوتوون، سەرۆکی تورکیا لەکاتی سەردانەکەیدا نیگەرانی خۆیی نیشانداوە لە نەمانی کورسی کۆتاکان بە تایبەت کورسی تورکمانەکان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان.
هەر بە پیی زانیارییەکان، لە هەفتەی داهاتوودا شاندێکی سەرۆکایەتی هەرێم لەسەر گەڕانەوەی کورسی کۆتاکان سەردانی بەغدا دەکەن و لەگەڵ بەرپرسانی حکومەت کۆدەبنەوە.
دادگای فیدڕاڵی عیراق ڕۆژی 21ی مانگی دووی 2024 لەسەر دوو سکاڵای یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەبارەت بە سیستەمی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و بڕیاریدا کە 11 کورسی کۆتا لە پەرلەمانی کوردستان نەمێنن و ژمارەی کورسیەکانی بۆ 100 کورسی کەمکردەوە. لەگەڵ ئەوەشدا شێوازی هەڵبژاردنی لە یەک بازنەییەوە گۆڕی بۆ چوار بازنەی هەڵبژاردن، ئەوەش ناڕەزایی پێکهاتەکان و پارتی دیموکراتی کوردستانی لێکەوتەوە و سەرئەنجام، پارتی و کۆمەڵێک حزبی پێکهاتەکان بڕیاریان دا بەشداری هەڵبژاردن نەکەن تا نیگەرانییەکانیان چارەسەردەکرێن.
مونا قەهوەچی جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان ڕایگەیاند، "سەرۆک کۆماری تورکیا لەگەڵ پێکهاتەکان لە کوردستان کۆنەبووەتەوە، تەنها بەرنامەی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی و سەرۆکی هەرێم و سەرۆکوەزیران بوو. ئەوەی کۆبوونەوەی سەرۆکی تورکیا لەگەل لایەنی تورکمانی کرابێت تەنها لە بەغدا بوو، لەگەڵ نوێنەرانی تورکمان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و لایەنە سیاسیە تورکمانیەکان کە کورسیەکان لە پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکان هەیە، بەتایبەت کەرکوک."
سەردانەکەی سەرۆککۆماری تورکیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە، بەرپرسانی باڵای تورکیا ئاماژە بە ئەنجامدانی هێرشێکی بەرفراوان لە ماوەکانی داهاتوودا دەکەن بۆ سەر ناوچە سنورییەکانی هەرێم بە بیانووی بوونی چەکدارانی پەکەکە لەو ناوچانەدا.
دوێنێ ئەردۆغان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغدا ڕایگەیاند، "پێشوازی لەوە دەکەین پەکەکە وەکو ڕێکخراوێکی قەدەغەکراو لە عێراق دانراوە. گفتووگۆمان کرد لە بارەی هەنگاوی هاوبەشمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەکەکە."
لای خۆیشیەوە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق وتی، "ڕێگە بە هیچ هێزێک نادەین خاکی عێراق بەکاربهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر خاکی دراوسێمان."
ڕزگار ئەژی گۆران، ئەندامی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە و ڕاپەڕین بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەو ڕێکەوتنانەی کە لە ئایندەدا لە نێوان عێراق و تورکیا، یاخود تورکیا و هەرێمی کوردستان کاری لەسەر دەکرێت، هەڵبەتە بابەتە ئەمنیەکانیش دەگرێتەوە. پاراستنی ئەمنیەتی تورکیا سەبارەت بە نەمانی هێزە چەکداریەکانی پەکەکە لەسەر سنور، ئەمە بیانووبێت یاخود چی لەپشتەوەیە و چۆن پلان و بەرنامەی بۆ دادەڕێژێت، ئەمانە لەناو ڕێکەوتنەکە لەنێوان دوو دەوڵەت واژووکراوە."
وتیشی، "بۆ ئێمە برادەرانی پەکەکە کە بوونیان لەسەر سنورەکان هەیە، کێشەی دروست دەکات. لە بارێکی دیکە دەبێت ئێمەش بەشێوازێکی دیکە هەڵسوکەوت بکەین، ئەگەر لەسەر ئەوە ڕاوەستابێت هەرێمی کوردستان بیەوێت گوندەکانی سنوری ئاوەدان بکاتەوە، ئەوە بوونی ئەو هێزانە ڕێگرە لە پیش هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم، واتا ئەو هێزانە سەرئێشەن. تورکیا ئەو شەڕانەی ڕووبەڕووی دەبێتەوە لەلایەن پەکەکەوە دیسانەوە کێشەیەترە لەو سنورانە."
ئەو بەرپرسەی پارتی دەڵێت پێیوایە چارەسەری کۆتایی بۆ کێشەی نێوان تورکیا و پەکەکە دەبێت بە ڕێگەی ئاشتیانەبێت و دەڵێت، "گومانم نییە لە کۆتایدا کێشەی ئەمنی سنورەکان دەبێت بە ڕێکەوتن چارەسەر بکرێت و کارێک بکرێت نە شیش بسوتێت نە کەباب. دڵنیام حکومەتی کوردستان زۆر حەکیمانە مامەڵە لەگەڵ ئەم بارودۆخەدا دەکات، تا خوێن لە پەنجەی ڕۆڵەیەکی کورد نەیەت."