Accessibility links

سەردار عەزیز: چیتر تورکیا پشتگیری هەرێم ناکات بۆ ململانێکردن لەگەڵ عێراقدا


لێکۆڵەرێکی سیاسی نێودەوڵەتی ڕایدەگەیەنێت، تورکیا هاوشێوەی جاران پشتگیری هەرێمی کوردستان ناکات بۆ ململانێکردن لەگەڵ عێراق، بەڵکو دەیەوێت باڵانس لەنێوان هەردوولادا ڕابگرێت، بەوپێیەی دەیەوێت عێراق و هەرێم بکاتە بەشێک لە بازاڕی وڵاتەکەی.

دکتۆر سەردار عەزیز، لێکۆڵەری سیاسی نێودەوڵەتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "سەردانەکەی سەرۆکی تورکیا بۆ هەولێر لای بەرپرسانی هەرێمی کوردستان وەها لێکدەدرێتەوە، هەرێم هێشتا پشتگوێ نەخراوە +و بەشێکە لە پرۆسەی نێوان هەردوو وڵات. ئەوەی لە تورکەکان بیستم تورکیا نایەوێت وەکجاران پشتگیری هەرێم بکات بۆ ململانێکردن لەگەڵ عێراق، بەڵکو تورکیا دەیەوێت عێراق و هەرێم بکاتە بەشێک لە بازاڕ و ئابورییەکەی."

دەشڵێت، "عێراق یەکەم وڵاتی کڕیاری کاڵای تورکییە لەسەر ئاستی جیهان، بۆیە تورکیا لە دۆخێکی ئابووری سەختدایە و وەکو کڕیار و ڕێڕەویش پێویستی بە عێراقە و هەوڵدەدات باڵانس لەنێوان هەرێم و عێراق ڕابگرێت. هەرێم دەزانێت ڕێگەی گەشە و دروستکردنی بۆری لە کەرکوکەوە بۆ تورکیا دەبێتە دروستکردنی پەیوەندی ڕاستەوخۆ لە نێوان هەردوو وڵات و سەنگ و توانای کەمدەکاتەوە، بەڵام دەبێت مامەڵە لەگەڵ واقعدا بکات."

ڕۆژی دووشەممە، 22ی مانگی 4ی 2024، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا سەردانی عێراقی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی عێراق چەندین ڕێککەوتنامە و لەیەکتێگەیشتنی جیاوازی لەبوارەکانی ئاسایش و ئابووری و گەشەپێدان لە نێوان هەردوو وڵات واژۆکرد.

دواتر سەرۆکی تورکیا سەردانی شاری هەولێری کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێم کۆبوویەوە.

کاروخ خۆشناو، سەرۆکی ئنستتیوی توێژینەوەی ئەمەریکایی - کوردی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هاتنی ئەردۆغان بۆ هەولێر پەیامە بۆ ئەوەی تورکیا مامەڵەی یاسایی و دەستوری لەگەڵ هەرێم لەچوارچێوەی عێراق دەکات، واتە هەولێریش چەقی بڕیاری سیاسییە نەک بەغدا بەتەنها."

هەروەها وتیشی، "پێشتر دەنگۆی داخستنی نوێنەرایەتییەکانی هەرێم لەلایەن بەغداوە هەبوو، بەڵام سەردانەکەی ئەردۆغان دەرخەری ئەوەیە بەشێک لە بڕیارەکان لەهەولێر یەکلایی دەکرێنەوە."

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و بەرپرسانی باڵای عێراق، 26 ڕێککەوتن و یاداشتی لێکتێگەیشتنیان لەبوارەکانی ئاسایش، بازرگانی، ئاو، ڕێگەی گەشەپێدان و چەند بوارێکی دیکە واژۆکرد.

دکتۆر سەردار عەزیز ڕوونیکردەوە، لێکتێگەیشنە واژۆکراوەکانی نێوان عێراق و تورکیا شتی نوێی تێدایە، بە تایبەت تورکیا دەیەوێت کۆمپانیا تورکییەکان ببنە بەشێک لە دروستکردنی بەنداو و سودمەندکردنیان لە کەرتی ئاوی عێراق.

دکتۆر سەردار عەزیز وتی، "ڕێککەوتنی سەربازی لەنێوان عێراق و تورکیا نوێ بوو، بەتایبەت تورکیا لەڕووی سەربازییەوە پێشکەوتووە و دەیەوێت ببێتە بەشێک لە ڕاهێنان و پێدانی کەرەستەی جەنگی بە عێراق. ڕێگەی گەشەش پرۆژەیەکی ئابووری بوو، بەڵام ئێستا ڕەهەندی سیاسیشی پەیداکردووە و تورکیا بێزارە لەوەی پرۆژەی ئەمەریکا وئەوروپا بۆ ڕاکێشانی ڕێگایەک لە هندستانەوە بۆ ئەوروپا بەناو وڵاتەکەیدا تێناپەڕێت، بۆیە دەیەوێت لە ڕێگەی عێراقەوە وڵاتەکەی بە کەنداوەوە ببەستێت."

سەبارەت بە پەکەکە لە ڕێککەوتنە نوێێیەکی نێوان عێراق و تورکیا، دکتۆر سەردار عەزیز وتی، "وادیارە ئەوەی تورکیا ویستی عێراق پەکەکە بەتیرۆر بناسێنێت دەستی نەکەوت، لەڕووی کردارییەوە هاوکاری عێراق بۆ تورکیا دژی پەکەکە قورسە، چونکە مەسەلەکە ڕەهەندی جیۆپۆلەتیکی و ئیقلیمیشی هەیە."

بەپێی وتەی سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دەنگی ئەمەریکا، سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق و واژۆکردنی ڕێککەوتنامە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق، بەشێکبوو لە ڕێککەوتنی سێ قۆڵی نێوان عێراق، تورکیا و ئێران.

دکتۆر سەردار عەزیز پێیوایە، بێدەنگی ئێران و ناڕەزایەتی دەرنەبڕینی دۆستەکانی ئێران لەبەرامبەر سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق جێی سەرنج بوو، هەرچەندە ئێران و هێزە دۆستەکانی لەناوچەکە لە ژێر فشاردان.

ئەو وتی، "ئایا ئێران ڕازی دەبێت هێزێکی سەربەناتۆ لە عێراق ببێتە کارەکتەری سەرەکی و ڕکابەری جێی پرسیارە. هێزەکانی حەشدی شەعبیش لەناوچەی شەنگال بەهێزن و گەر تورکیا لێیان نزیک ببێتەوە ڕەنگە ڕکابەریان بۆ دروست ببێت، بۆیە گەر ئێران ڕازی بێت جێی گومانە."

هەرچەندە حکومەتی عێراق و تورکیا ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنیان بەپێنوسی ئەردۆغان و محەمەد شیاع سودانی واژۆکرد، بەڵام ماوەی حکومەتەکەی سودانی کەمی ماوە و ئەمەش گومان دروست دەکات لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنامە واژۆکراوەکان لەلایەن سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراقەوە.

دکتۆر سەردار عەزیز دەڵێت، "سودانی ساڵێکی ماوە و زەحمەتە ببێتەوە بە سەرۆکوەزیران، ئەم پرۆژانەی نێوان عێراق و تورکیا لە بودجەی عێراق دا پارەیان بۆ تەرخان نەکراوە و ساڵێکیش کەمە بۆ جێبەجێکردنیان، بۆیە گەرەنتی نییە دوای سودانی ببنە پرۆژەی سەرەکی عێراق."

هەروەها وتیشی، "گەر ئێران ڕەزامەندبووبێت لەسەر ڕێککەوتنەکان ڕەنگە ببنە ڕێککەوتنی درێژخایەن، گەر ئێران ڕێگری نەکات و بەپارەی وڵاتانی کەنداو خواستی تورکیا جێبەجێ ببێت و عێراق لێی سودمەند بێت، ڕەنگە ڕێککەوتنەکان بەردەوامییان هەبێت."

please wait

No media source currently available

0:00 0:13:16 0:00

XS
SM
MD
LG