Accessibility links

دۆخی ئازادی ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا


سبەی ڕۆژی ئازادی ڕۆژنامەگەرییە و جارێکی دیکە پیاداچوونەوەیەک بە دۆخی ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان دەکەین. بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکان و هەروەها ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ، لە ماوەی ساڵی ڕابردوو دەیان ڕۆژنامەوان لە هەرێمی کوردستان دەستگیرکراون یان هەراسانکراون و یانیش ڕێگرییان لێکراوە لە ڕووماڵکردنی ڕووداوەکان و کەموکوڕییەکان.

دەپرسین:

دۆخی ئازادی ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی ڕابردوو باشتر بووە لە ساڵی پێشووتری یان بە پێچەوانەوە؟

هەتا چەند ئەو قسانە ڕاستن کە دەڵێن دەسەڵات کە بیەوێت ڕۆژنامەوانێک لە کارەکەی ڕابگرێت کەیسێکی بۆ دروستدەکات؟

هەتا چەند ئەو قسانەش ڕاستن کە دەوترێت حزبە دەسەڵاتدارەکان بوجەیەکی لە ڕادەبەدەر بۆ میدیاکانی خۆیان تەرخان دەکەن؟

چی بکرێت بۆ ئەوەی ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان ببێتە دەسەڵاتی چوارەم؟

لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەم پرسە کرا بە میوانداری:

کاروان ئەنوەر، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان.

سەلام عەبدوڵڵا، نووسەر و ڕۆژنامەنووس، سەرنووسەری ڕۆژنامەی خەبات.

please wait

No media source currently available

0:00 0:57:36 0:00

کاروان ئەنوەر

لە هەرێمی کوردستان لە ڕووی چەندایەتی دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە هیچ گرفتێکمان نییە، چونکە نزیکەی ١٧٠٠ دەزگای ڕاگەیاندن بە جۆراوجۆرییەوە هەیە، هەروەها نزیکەی نۆ هەزار ڕۆژنامەنوس ئەندامی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانین، جگە لەوەی بە سەدان و هەزاران خەڵکی پڕۆفیشناڵ و ئەکادیمی میدیایی هەن، ئەوە لە ڕووی چەندایەتی، لە ڕووی چۆنایەتی، لە هەندێک شوێن هەموو شت دەڵێن، کە خۆی نابێ هەموو شت بوترێت، لە هەندێک شوێنیش هیچ ناڵێن، بابەتی ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان چەند ساڵێک زۆر باشبوو، چەند ساڵێکیش باش نیە، سەردەمی زێڕینی ئازادی ڕادەربڕین لە ٢٠٠٥ بۆ ٢٠١٢بوو، کە میدیای ئەهلیش هەبوو، لە دادگا کەیسەکان یەکلایی دەکرانەوە لە دوای ٢٠١٢ کێرڤەکە ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە، لێرە و لەوێ چەند ڕۆژنامەنوسێک تیرۆر کران، بەداخەوە تائێستا کەیسی تیرۆرکردنی پێنج ڕۆژنامەنوس یەکلایی نەکراوەتەوە، واتە کیرڤەکە لە هەڵبەز و دابەزدایە، لە هەندێک ڕووەوە پاشەکشەمان لەئازادی ڕادەربڕین کردووە، چونکە پێشتر هیچ ڕۆژنامەنوسێک لەسەر وتن و نوسین و چات و گروپی چات کەس حکوم نەدرابوو بەڵام ئێستا دەبینین کۆمەڵێک حکومدراومان هەیە، لە ڕاپۆرتە نێوەدەوڵەتییەکان ئاماژەی پێدەکرێث، جگە لە کۆمەڵێک کۆت و بەند کە بۆ ڕۆژنامەنوسان دروستکراون، هەر لەگرێبەستی کار و ڕێگەنەدان بەڕوماڵ و هاتوچۆ، بۆیە ناتوانم بڵێم لە ١٠٠% پاشەکشەی کردووە بەڵام دەتوانم بڵێم، بە بەراورد بەساڵانی تر چوارچێوەی کارکردنەکەی لێ تەسککراوەتەوە.

ڕاستە ئەم هەرێمەی ئێمە جەهەنەم نیە بۆ ڕۆژنامەنوسان بەبەراورد بەهەندێک وڵاتی ئەفەریقا و ئێران و سورییا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەخوا بەهەشتی عەدەن نیە بۆ ڕۆژنامەنوسان.

زوو وڵاتانی دەرەوە و ڕێکخراوەکان بە هەرێمی کوردستانیان دەوت مێرگە سەوزەکەی ئازادی، جا ئازادی بۆ کاری ڕۆژنامەوانی و مافی ژنان و هەمووان، بەڵام بەخوا ئێستا ڕاپۆرتەکان وامان پێناڵێن و خۆشمان هەستمان بەو پاشەکشە کردووە، ئێستا ڕاپۆرتی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان پێمان دەڵێن لە پاشەکشەدان ئاگاداربن، خۆ ڕاستە نەبۆتە دۆزەخ بەڵام ئێمە لە میدیای ئەهلی و ئازادەوە هاتبێتینە سەر پاشەکشە.

پاشەکشەکەی ئێمە لە پاشەکشە مەترسیدارەکان نیە، ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش ئاماژەی بەوە کردووە و ئێمەش خۆمان دەزانین کە سنوردارکردنی میدیا هەنگاوی بۆ دەنرێت.

خاڵی نەنگی هەرێم ئەوەیە کە زانیاری بۆ هەندێک ڕۆژنامەنوس بەردەستە بۆ ئەوانی تر بە گشتی بەردەست نین، من سەرم سپی کردووە لە میدیادا کەچی لەوە تێناگەم بۆچی جێ بە چەکردنی یاسای بەدەستهێنانی زانیاری دراوە بە دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن نوێنەرەکانی میللەت کە پەرلەمانتارانە.

ئەوکاتەی یەکەم ڕۆژنامەنوس تیرۆرکرا ئەگەر حکومەت و دەسەڵاتی دادوەری و سەندیکاکەی من کە هی ڕۆژنامەنوسانە بەجدی بهاتنایە دەنگ و بکوژانیان دەستگیربکردایە بەدڵنیاییەوە ڕۆژنامەنوسی دووەم و سێیەم و چوارەم و پێنجەم تیرۆر نەدەکران.

کە باسی ئاازادی ڕۆژنامەگەری دەکەین دوو سەرییە، هەرچۆن گللەیمان لە حکومەت و دەسەڵات ئاواش گللەیمان لە هەندێک ڕۆژنامەنوس و هەندێک دەزگا هەیە، بەڕاستی جاری واهەیە هەندێک کار دەکەن کە کاری ڕۆژنامەوانی نیە.

سەلام عەبدوڵڵا

پەوەری ئازادی ڕادەربڕین لە هەر وڵات و کۆمەڵگایەک جیاوازە، وە ئەوەی لە ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا سەبارەت بە ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمدا هاتووە، دەکرێت بپرسین ئایا ئەو پێوەرەی لەو ڕاپۆرتەدا بۆ ئازادی هاتووە، پێوەرێکی ڕاستە، بەداخەوە لای ئێمە ئازادی واتێگەیشتوین کە ئازادی واتای هەموو شتێک بوترێت و بکرێت، مادام نازناو و ناسنامەی ڕۆژنامەنوسی هەیە کەواتە دەتوانێت بێ سنور هەرچی ویست بیڵێ و بیکات، خۆی لە هیچ شوێنێک ئازادی چ بۆ تاک چ بۆ ڕۆژنامەوان بێ سنور نیە بەڵکو چوارچێوەیەک هەیە، وە هەندێک لەو ڕێوەشوێنانەی بەرامبەر هەندێک ڕۆژنامەنوسی بەڕێز گیراوەتەبەر ڕەنگە هەر بە هەمان هۆکار بێ کە هەموو شتێک وتراوە، دەبێت ڕۆژنامەنوسیش باوەڕی بە دادگا هەبێ، چاوەرێی دادگا بکات بۆ یەکلاییکردنەوەی کەیسەکان، وە ڕۆژنامەنوس نابێ هەڵپەی هەبێ، بۆ نمونە لە هەموو وڵاتێک هەندێک شوێن هەیە کە هێما دانراوە هی کامێرا و هێمای قەدەغە کە ڕۆژنامەنوسیش ناتوانێ وێنە بگرێ، یا لەه ەموو وڵاتێکی ئازادیش قەدەغەیە بۆ نمونە نوسین و پاڵپشتی بۆ داعش و گروپە تیرۆریستییەکان دەرببڕێت، چونکە ئەوە ناچێتە چوارچێوەی ئازادی کاری ڕۆژنامەوانی.

لای من ئێستاش ئازادی ڕۆژنامەگەری لە پارچەکەی ئێمە لە هەرێمی کوردستان، زۆر باشترە لە زۆر وڵات و تەنانەت وڵاتانی دراوسێش، زۆر وڵاتی دراوسێ ڕەنگە لەسەر باسی سەرۆک کۆمار زیندانی بکرێیت، بەڵام لە هەرێم جۆرەها تەنانەت ئیهانەش بە بەرپرسان دەکرێ ئەگەر کەسێکیش دەستگیر بکرێ دەوترێ ئازادی سنوردار دەکرێ، لای من مەترسییەک لەسەر کاری ڕۆژنامەوانی نیە لە هەرێم تائێستاش، بەڵام ڕەنگە پێوەرەکانی ئێمە بۆ ئازادی لای ئەوان زۆر تەواو نەبێ بە بۆچونی من بەلێکتێگەیشتن دەکرێت ئەوەش چارەسەر بکرێ.

بە گشتی لای ئێمە وڵاتی ئێمە جەهەنەمێک نیە بۆ ڕۆژنامەنوسان و وەکو ئەفغانستانی تاڵیبان بێت، یا وەک کۆریای باکور بێت، من لە دیدی خۆمەوە ڕازیم بەو چوارچێوەی ئازادیەی کە هەیە و دەتوانین کاری تێدا بکەین، من وتم دۆزەخ نیە، بەهەشتیش نیە، لەو نێوانەدا ماوەیەکی زۆر هەیە.

سەرۆکی هەرێم ماوەیەک لەمەوبەر سەردانی ئێرانی کردبوو گلەیی لە یەکێک لە ڕۆژنامەکانی ئێران کردبوو کە زۆر خراپ تا ڕادەی دەستدرێژی کردن لەسەر هەرێم دەنوسێت، ئەوانیش بە سەرۆکی هەرێمیان وتبوو ڕۆژنامەکانی خۆتان زۆر خراپتر دەنوسێت ئێمە لە ئێوەوە فێربووین.

XS
SM
MD
LG