ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ڕایدەگەیەنن خەسرەو بەشارەت، زیندانی کوردی خەڵکی مەهاباد دوای زیاتر لە 14 ساڵ زیندانیکردن لە زیندانی قزڵحەساری شاری کەرەج لەسێدارەدراوە.
رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان و هەنگاو ڕایانگەیاندووە ئەو زیندانییە کوردە بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە 15ی مانگی پێنج لە سێدارە دراوە.
بە پێی ڕاپۆرتی ئەو دوو ڕێکخراوە، خەسرەو بەشارەت لە یەکی مانگی پێنج بۆ جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانەکەی گواسترابووە بۆ ژووری تاکەکەسی و ڕۆژی دووشەممەش بۆ دواجار بۆ ماوەی بیست خولەک چاوی بە بنەماڵەکەی کەوتووە.
کۆماری ئیسلامی ئێران پێشتر لە چەند مانگی ڕابردوودا سزای لەسێدارەدانی 5 تۆمەتباری هاودۆسیەی دیکەی ئەم زیندانییە کە بریتی بوون لە قاسم ئابستە، ئەیوب کەریمی، داود عەبدوڵڵاهی، فەرهاد سەلیمی، ئەنوەر خێزری جێبەجێ کردبوو. بابەتێک کە ڕەخنەی بەربڵاوی لەلایەن دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤەوە لێکەوتەوە.
ئەنوەر خزری، پوورزای خەسرەو بەشارەت یەکێکی دیکە لە تۆمەتباران بوو کە لە یەکی مانگی پێنجدا لە سێدارە درا.
خەسرەو بەشارت، تەمەن 39 ساڵ، لە ساڵی 2010 لە شاری مەهاباد لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دوای کوشتنی مەلا عەبدولڕەحیم تینا لە لایەن کەسانی نەناسراوەوە لە پێوەندی لەگەڵ ئەم ڕووداوەدا دەستبەسەر کرا و بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ گوازرایەوە و بۆ ماوەی ساڵانێک لەژێر گوشاری دەروونی و جەستەیی و ئەشکەنجەدا ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ کرابوو.
خەسرەو بەشارەت لەگەڵ شەشی کەسی دیکە لە دۆسیەیەکی هابەشەدا بە تۆمەتی 'موحاریبە'، 'گەندەڵی لەسەر خاک'، 'پشتیوانی لە گروپە سەلەفیەکان' و 'کوشتنی عەبدولڕەحیم تینا' لە ساڵی 2016 لەلایەن دادگای ئینقلابی تارانەوە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا.
سزای لەسێدارەدانی ئەو چەند کەسە دوای داواکاریان بۆ پێداچوونەوە بە سزاکانیاندا لە ساڵی 2017 لەلایەن دادگای باڵاوە هەڵوەشێندرایەوە و ئەو دادگایە دۆسیەکەیانی ڕەوانەی دادگای ئینقلابی کردبووە بۆ ئەوەی دووبارە دادگایی بکرێنەوە، بەڵام دادگای ئینقلاب جارێکی دیکە لە ساڵی 2018 سزای لەسێدارەدانی بەسەر هەر حەوت زیندانییەکە کوردەکەدا سەپاندەوە.
لەنامەیەکی دایکی خەسرەو بەشارەتدا کە بۆ نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤی ئێرانی نووسیوە و لەلایەن تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستانەوە بڵاو کراوەتەوە، هاتووە کە کوڕەکەی بە شێوەیەک لە شێوەکان قوربانی پیلان و یارییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد و ورمێیە و لەژێر گوشاری ئەواندا ئەو سزایە بەسەر کوڕەکەیدا سەپێندراوە.
بەشارەت و تۆمەتبارانی دیکە لەو دۆسیەیەدا چەندین جار لە نامەکانیاندا کە لە ساڵانی ڕابردوودا بڵاویانکردبووە، جەختیان لەسەر بێ بنەمایی ئەو تۆمەتانە کردبووەوە کە خراونەتە پاڵیان.
هەروەها ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ چەندین جار ڕەخنەیان لە "ئەشکەنجەدانی توند"ی ئەو زیندانیانە و وەرگرتنی "دانپێدانانی زۆرەملێ" گرتبوو.