Accessibility links

ڕێوڕەسمی ماتەمینی بۆ ئیبراهیم ڕەئیسی و هاوەڵانی لە تەورێز


ئێرانییەکان ڕۆژی سێشەممە لە شاری تەورێز لە باکووری ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە گردبوونەوە بۆ ماتەمینی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری کۆچکردوو کە ڕۆژی یەکشەممە بەهۆی کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرەکەی لە ناوچەکە گیانی لەدەستدا.

خەڵکی کە لە شەقامەکاندا کۆببونەوە، دروشمی هەڵواسرا و وێنەی ڕەئیسیان بەرزکردبووەوە لەگەڵ ئەوانی دیکەی کە لە ڕووداوەکەدا گیانیان لەدەستدا، لەنێویاندا حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە.

ئەم ڕێوڕەسمە یەکێکە لەو چەند ڕێوڕەسمەی کە لەم هەفتەیەدا بەڕێوەدەچێت لە کاتێکدا ئێران پێنج ڕۆژ ماتەمینی ڕاگەیاندووە.

هەروەها پێش بەخاکسپارنی ڕەئیسی ڕۆژی پێنجشەممە لە زێدی خۆی لە مەشهەد، بڕیارە ڕێوڕەسمی ماتەمینی لە قوم و تارانیش بەڕێوە بچێت.


تا ئێستا بەرپرسانی ئێران بە ئاشکرا هۆکاری کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەیان ڕانەگەیاندووە. هەلیکۆپتەرەکە ڕۆژی یەکشەممە لە ناوچەیەکی شاخاوی هاوکاتی کەشوهەوایەکی تەموژاویدا کەوتە خوارەوە لەو کاتەی کە شاندە باڵاکەی ئێران لە مەڕاسیمی کردنەوەی پرۆژەی بەنداوێک لە سنووری ئێران و ئازەربایجان دەگەڕانەوە.

محەممەد جەواد زەریف وەزیری پێشووی دەرەوەی ئێران هەوڵیدا ئەمەریکا و گەمارۆکانی دژی ئێران تۆمەتبار بکات. زەریف بە ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێسی ڕاگەیاندووە، ئەمەریکا "سزازی خستووەتە سەر فرۆشتنی فڕۆکە و پارچەی فڕۆکەوانی بە ئێران و ڕێگە بە خەڵکی ئێران نادات کە چێژ لە دامەزراوە باشەکانی فڕۆکەوانی وەربگرن."

ئەمەریکا ئەو قسانەی ڕەتکردەوە و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە ئێران "فڕۆکەکانی خۆی بۆ گواستنەوەی کەرەستەی پشتیوانی لە تیرۆر بەکارهێناوە."

مەتیو میلەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند " ئێمە بەردەوام دەبین لە جێبەجێکردنی گەمارۆکانمان بە توندی، لەوانەدا ئەو سزایانەش کە لەسەر ئەو فڕۆکانەیە کە لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە بەکاردەهێنرێن."

گوتیشی " لە کۆتاییدا ئەوە حکومەتی ئێرانە کە بەرپرسیارە لە بڕیاری فڕینی هێلیکۆپتەرێکی 45 ساڵ کۆن لە دۆخێکی خراپی کەشوهەوادا، نەک هیچ لایەنێکی دیکە."

ڕێبەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی، دوای کۆچی دوایی ڕەئیسی، محەمەد موخبر جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێرانی وەکو سەرۆکی کاتیی دەستنیشان کرد. بە پێی دەستور دەبێت لە ماوەی 50 ڕۆژدا هەڵبژاردن بۆ سەرۆکی نوێ ئەنجام بدرێت.

عەلی باقری کەنی، جێگری وەزیری دەرەوە وەک وەزیری دەرەوەی بە وەکالەت دەستنیشانکرا.

بەشێک لە زانیارییەکان لە ڕۆیتەرز و ئەسۆشیەیتد پرێس وەرگریراوە

XS
SM
MD
LG