Accessibility links

محەمەد موخبر، سەرۆکی کاتیی ئێران کێیە؟


محەمەد موخبر جێگری یەکەمی سەرۆکی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی دووشەممە وەک سەرۆکی کاتیی یان بەوەکالەتی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستنیشان کرا، دوای مەرگی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆکی وڵاتەکە بەهۆی ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرەکەی لە باکووری ڕۆژاوای وڵات.

موخبر تەمەن 68 ساڵ، تائاستێکی زۆر لەبەرچاو نەبووە بە بەراورد لەگەڵ سیاسەتمەدارانی دیکەی دەسەڵاتی ئاینزا شیعەی ئێران. مەرگی ڕەئیسی بووە مایەی ئەوەی بەپێی دەستوور، موخبری بخرێتە بەرچاوی خەڵک. چاوەڕوان دەکرێت وەکو سەرۆکێک بۆ ماوەی نزیکەی 50 ڕۆژ کارەکان بەڕێوەببات بەرلەوەی هەڵبژاردنی ناچاری سەرۆکایەتی لە ئێران ئەنجام بدرێت.

ئایەتوڵا خامنەئی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لە پەیامێکی سەرەخۆشیدا کە بۆ مەرگی ڕەئیسی لە ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەدا ئاڕاستەی گەلانی ئێرانی کرد؛ دەستبەکاربوونی موخبری ڕاگەیاند.

هەلیکۆپتەرەکە رۆژی دووشەممە لە باکووری ڕۆژئاوای ئێران دۆزرایەوە و سەرۆک و وەزیری دەرەوە و سەرنشینەکانی تێکڕا گیانیان لەدەستدابوو.

سەرەڕای ئەوەی کە موخبر لە ئاستی گشتیدا ناوبانگێکی کەمی هەیە، بەڵام پۆستی دیار و بەرچاوی لەناو پێکهاتەی دەسەڵاتی وڵاتەکەدا هەبووە، بەتایبەتی لە گرووپە خێرخوازەکانی ناسراو بە بونیاد.

دارایی ئەو گرووپانە بە کاری خێرخوازی یان ئەو سەروەت و سامانانەی کە دوای شۆڕشی ئیسلامی ساڵی 1979ی ئێران دەستیان بەسەردا گیرابوو دابین دەکرێت، بەتایبەتی ئەوانەی پێشتر پەیوەندییان بە شای ئێرانەوە هەبوو یان ئەوانەی لە حکومەتەکەیدا بوون.

موخبر سەرپەرشتی گەنجینەی بونیاد یان سندوقی خێرخوازی لە ئێران کردووە کە بە زمانی ئینگلیزی بە جێبەجێکردنی فەرمانی ئیمام خومەینی یان EIKO ناسراوە، بە ئاماژەدان بە ئایەتوڵڵا خومەینی ڕێبەری باڵای کۆچکردووی کۆماری ئیسلامی ئێران.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە کە ڕێکخراوەکە سەرپەرشتی ملیاران دۆلاری سەروەت و سامانی کردووە وەک "هێزی دارایی بازرگانی لە ژێر چاودێری ڕاستەوخۆی عەلی خامنەئی ڕێبەری باڵای ئێستای ئێران کە پشکی لە نزیکەی هەموو کەرتەکانی ئابوری ئێراندا هەیە، لەوانە کەرتی وزە، پەیوەندییەکان و خزمەتگوزارییە داراییەکان."

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا لە ساڵی 2021 دا لە میانەی سزادانی موخبردا ڕایگەیاند "دامەزراوەی بونیاد EIKO بە شێوەیەکی سیستماتیک مافی خەڵکی ناڕازی پێشێلکردووە لەریی داگیرکردنی زەوی و موڵک و ماڵی نەیارانی ڕێژیم، لەوانە نەیارانی سیاسی، کەمینە مەزهەبییەکان و ئێرانییە تاراوگەنشینەکان." هەروەها یەکێتیی ئەورووپاش بۆ ماوەیەک لەگەڵ کەسانی تر سزای موخبری دابوو بەهۆی نیگەرانی ئەو کاتەوە سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.

موخبر وەک سەرۆکی دامەزراوەی بونیاد- EIKO سەرپەرشتی هەوڵێکی کردووە بۆ دروستکردنی ڤاکسینی کۆڤید-19 لە کاتی تاوسەندنی پەتاکەدا، بەڵێنیدابوو دەیان ملیۆن ڤاکسین دروست بکات. بەڵام لە ڕاستیدا تەنها بەشێکی کەم لەو ڤاکسینانە گەیشتنە خەڵک و خەڵکانێکیش هەرگیز دەستیان ڕانەگەیشت بەو ڤاکسینە، بەبێ ئەوەی ڕوونکردنەوەیەک لەو بارەیەوە بدرێت.

موخبر پێشتر لە بواری بانکی و پەیوەندییەکان کاری کردووە. هەروەها لە دامەزراوەی (موستەعزەفان) کاری کردووە، کە دامەزراوەیەکی دیکەیە و کۆمەڵەیەکی گەورەی پڕۆژە گەورە و بازرگانییەکانی وڵاتەکە بەڕێوەدەبات. لەو ماوەیەدا کە لەوێ بووە؛ دووچاری ناکۆکییەکی یاسایی درێژخایەن بووەتەوە لە نێوان کۆمپانیاکانی دابینکەری خزمەتگوزاری مۆبایل تورکسێڵ و کۆمپانیای MTNی ئافریکای باشوور سەبارەت بە ئەگەری چوونە ناو بازاڕی ئێرانەوە.

لە کۆتاییدا کۆمپانیای MTN چوونە ناو بازاڕی ئێرانەوە. لە تۆمارێکی تورکسێڵدا هاتووە کە گوایە موخبر داوای یارمەتی لە کۆمپانیای MTN کردووە بۆ دەستەبەرکردنی "هەندێک ئامێری بەرگری لەشکری" لە بەرامبەردا ئەگەری کارکردن لەگەڵیاندا فەراهەمدەکات بە پێچەوانەوە تورکسێڵ وەرنەگیراوە.

دواتر تورکسێل لە تۆمارێکی یاساییدا ئیدعای ئەوەی کردووە کە موخبر "کاریگەری نادروستی بەکارهێناوە و لەگەڵ رێبەری باڵای ئێراندا لە بری کۆمپانیای MTN کەوتۆتە سازکردنی ریکەوتنێک لە بەرژەوەندی MTN". دواتر ڕاپۆرتێکی MTN ڕاگەیاندرا کە بە هیچ شێوەیەک چەکیان نەگواستۆتەوە، هەرچەندە دان بەوەدا دەنێت کە موخبر ڕۆڵێکی کارای هەبووە لە بڕیارەکەی ئێران بۆ ڕەزامەندی لەسەر هاتنە ناووەوەی کۆمپانیای MTN بۆ ناو بازاڕەکانی ئێران.

ڕاپۆرتە میدیاییەکانی ئێران ئاماژە بەوە دەکەن کە موخبر کە خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە یاسای نێودەوڵەتیدا، رۆڵێکی گرنگی هەبووە لە کۆششەکانی ئێران بۆ تێپەڕاندنی سزاکانی ڕۆژئاوا بەسەر پیشەسازی نەوتی وڵاتەکەیدا.

موخبر لە ساڵی 2022 ەوە ئەندامی ئەنجومەنی بەرژەوەندی ئێرانە، کە ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای ئێران دەکات، هەروەها ناکۆکییەکانی نێوان پەرلەمان و ئەنجومەنی چاکسازی دەستوور یەکلایی دەکاتەوە کە ڕێکخراوی چاودێری دەستووری ئێرانە و هەروەها سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکانی وڵاتەکە دەکات.

موخبر لە 1ی مانگی 9 ی ساڵی 1955 لە شاری دێزفول لە پارێزگای خوزستانی باشووری ڕۆژئاوای ئێران لە بنەماڵەیەکی پیاوانی ئایینی لە دایک بووە. ناوبراو لە کاتی شەڕی ئێران و عێراق لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا وەک ئەفسەرێک لە فەیلەقی پزیشکی سوپای پاسداراندا کاری کردووە، ئەمەش بەپێی گرووپی فشاری یەکگرتوو دژی ئێرانی خاوەن ئەتۆم UANI.

گروپەکی UANI دەڵێت "موخبر ئەو سەروەت و سامانە زۆرەی بەکارهێنا کە لەلایەن دامەزراوەی بونیاد-ئیکۆوە کۆکرایەوە - لەسەر حیسابی گەلی ئێران بۆ پاداشتکردنی کەسانی ناوخۆیی ناو ڕژێمەکە وەک خودی خۆی." هەروەها دەشڵێت "بەڕێوەبردنی تۆڕی دامەزراوەی بونیاد-ئیکۆ لەلایەن موخبرەوە واییلێکرد زیاتر و زیاتر لەلای ڕێبەری کۆماری ئسلامی ئێران عەڵی خامنەیی خۆشەویستر بێت، بەڵام زۆر لەسەری کەوت."

سەرچاوە: ئەسۆشەیەیتد پرێس

XS
SM
MD
LG