Accessibility links

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق: پزیشکی دادی بەغدا لە پرسی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ئەنفال "دەستیدەستی" دەکات


دیمەنی کەللەسەری یەکێک لە ڕووفاتەکانی گۆڕی بەکۆمەڵی ئەنفالکراوەکان لە بیابانێکی باشوری بەغدا. وێنەکە 3ی شەشی 2006 گیراوە.
دیمەنی کەللەسەری یەکێک لە ڕووفاتەکانی گۆڕی بەکۆمەڵی ئەنفالکراوەکان لە بیابانێکی باشوری بەغدا. وێنەکە 3ی شەشی 2006 گیراوە.

ئەندامێکی لیژنەی کاروباری شەهیدانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، سکاڵای یاسایی لەسەر پزیشکی دادی بەغدا تۆمارکردووە، بەهۆی "دەستیدەستی پێکردن" و ئەنجام نەدانی پشکنینی دی ئێن ئەی (DNA) بۆ قوربانییانی ئەنفال لە نێو گۆڕە بەکۆمەڵەکان و کەسوکارەکانیان.

شوان محەمەد، ئەندامی لیژنەی کاروباری شەهیدانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "بەپێی یاسا دەبێت پزیشکی دادی بەغدا پشکنینی دی ئێن ئەی بۆ ڕووفاتی نێو گۆڕە بەکۆمەڵەکان و کەسوکارەکانیشیان بکات، بەڵام تا ئێستا نزیکەی 3 هەزار ڕووفات بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوەتەوە و یەک پشکنین دیارنییە."

بەپێی یاسای ژمارە 13ی ساڵی 2015ی پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان کە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە پەسەند کراوە، ئەرکی ئەنجامدانی پشکنینی دی ئێن ئەی بۆ ڕووفاتی نێو گۆڕە بەکۆمەڵەکان و کەسوکارەکانیان سپێردراوە بە پزیشکی دادی بەغدا.

شوان محەمەد دەڵێت، "کاتێک لەبارەی هۆکاری ئەنجامنەدانی پشکنینی دی ئێن ئەی بۆ ڕووفاتەکان لە پزیشکی دادی بەغدا دەپرسین، پاساو دەهێننەوە، جارێک دەڵێن گروپێکمان بۆ خوێنوەرگرتن ئامادە کردووە، جارێک داوای تەرخانکردنی پارەی زیاتر دەکەن لە بودجەی عێراق."

هەروەها وتیشی، "لە خشتەی بودجەی ساڵی 2023، بڕی ملیار و نیوێک دینارمان بۆ پزیشکی داد زیادکرد، پێشنیاری تەرخانکردنی چوار ملیار دیناری تریشمان بۆ کردوون، تا پشکنینەکان ئەنجام بدات."

لە مانگی 7ی ساڵی 2019، ڕووفاتی 172 ئەنفالکراو لە گۆڕێکی بەکۆمەڵی بیابانی سەماوەی پارێزگای موسەنا دەرهێنران، بەڵام بەهۆی ئەنجام نەدانی پشکنینی دی ئێن ئەی بۆیان، ماوەی چوار ساڵ لە پزیشکی دادی بەغدا هێڵرانەوە هەتا لە مانگی دووی ئەمساڵ گەڕێنرانەوە بۆ چەمچەماڵ و نێژران.

دیمەنی گریانی ژنێک لە هەولیر لە کاتی مەراسیمی بەخاکسپاردنی 365 ڕوفاتی قوربانیانی ئەنفال لە 14ی یەکی 2007.
دیمەنی گریانی ژنێک لە هەولیر لە کاتی مەراسیمی بەخاکسپاردنی 365 ڕوفاتی قوربانیانی ئەنفال لە 14ی یەکی 2007.

دوو گۆڕی تری بەکۆمەڵ لە تەنیشت ئەو گۆڕە بەکۆمەڵەدا دۆزراونەتەوە کە 172 ڕووفاتی ئەنفالکراوەکەی لێ دەرهێنرا، بەڵام هێشتا ئەو دوو گۆڕە بەکۆمەڵە هەڵنەدراونەتەوە.

بەختیار رەئوف، چالاکوانی بواری ئەنفال، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەگەڵ ژمارەیەک لە کەسوکاری ئەنفالکراوەکان سەردانی بیابانی سەماوەی کردووە، دەڵێت، "ئەو دوو گۆڕە بە کۆمەڵەی دۆزراونەتەوە بە شۆفڵ و حەفارە تێکدراون."

بەختیار رەئوف بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "دوو گۆڕە بەکۆمەڵەکە تازە شۆفڵ و حەفارەیان لێدراوە، چونکە کاتێک چەند ڕۆژێک لەمەوبەر سەردانی سەماوەمان کرد هەستمان کرد تازە دەستکاری گۆڕەکان کراوە."

بەڵام شوان محەمەد ڕۆستەم دەڵێت، "ئەو دوو گۆڕە لەلایەن فەرمانگەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عێراقەوە کاری تێدا کراوە و هەنگاوی سەرەتایی بووە بۆ هەڵدانەوەیان."

بەپێی ڕاگەیەنراوێکی فەرمانگەی کاروباری پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عێراق، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پشکنینی سەرەتاییان بۆ ژمارەیەک شوێن لە بیابانی سەماوەی پارێزگای موسەنا ئەنجامداوە.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، دوو شوێن دۆزراونەتەوە و دەستنیشانکراون، کە گۆڕی بە کۆمەڵن و بەپێی شێوەی جلوبەرگ و پۆشاکەکانیان، قوربانییەکانی نێو هەردوو گۆڕە بەکۆمەڵەکە کوردن.

تەیموری ئەنفال، یەکێک لە ڕزگاربووانی نێو گۆڕە بەکۆمەڵەکانی بیابانی سەماوەی پارێزگای موسەنا، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەو دوو گۆڕە بەکۆمەڵەی بە شۆفڵ و حەفارە لێیاندراوە و تێکدراون، من لە یەکێک لەو دوو گۆڕە ڕزگارم بووە، ڕووفاتی 115 کەس لە خانەوادەکەم لەو دوو گۆڕەدان."

لە ساڵی 2005 و دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، یەکەم قۆناغی گێڕانەوەی ڕووفاتی ئەنفالکراوەکان بۆ هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، کە لە قۆناغی یەکەمدا ڕووفاتی 503 ئەنفالکراوی بارزان گەڕێنرانەوە بۆ ناوچەکانیان.

ڕێوڕەسمی گێڕانەوەی ڕووفاتی 150 ئەنفالکراو لە بەغداوە بۆ هەولێر لە ڕۆژی 20ی یازدەی 2008.
ڕێوڕەسمی گێڕانەوەی ڕووفاتی 150 ئەنفالکراو لە بەغداوە بۆ هەولێر لە ڕۆژی 20ی یازدەی 2008.

ژمارەی سەرجەم ئەو ڕووفاتانەی لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە بۆ هەرێمی کوردستان گەڕێنراونەتەوە نزیکەی 2500 ڕووفاتە، کە لە ناوچەکانی بارزان، چەمچەماڵ، ناحیەی ڕزگاری و ناوچەی دوکان بەخاکسپێردراون.

جەبار عومەر، بەڕێوەبەری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوەکانی گەرمیان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "دەبێت وەزارەتی شەهیدانی حکومەتی هەرێم و دامەزراوەی شەهیدانی عێراق هەماهەنگی بکەن بۆ هەڵدانەوەی سەرجەم گۆڕە بەکۆمەڵەکان، چونکە وردە وردە شوێنی گۆڕەکان بزردەبن."

پێشبینی بوونی سەدان گۆڕی بە کۆمەڵی ئەنفالکراوەکان لە ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێت، بەو پێیەی هێشتا ڕووفاتی هەزاران ئەنفالکراو نەدۆزراونەتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:38 0:00

XS
SM
MD
LG