ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەهەمان میکانیزمی مانگی ڕابردوو کۆدی مووچەی هێزەکانیان لە ڕێگەی وەزارەتی داراییەوە ناردووە بۆ بەغداد و بە پێی بەدواداچوونەکانیان لەسەر دواکەوتنی مووچەی پێشمەرگە بۆ نزیکی پەنجا ڕۆژ، لیستەکەیان لە وردبینی دایە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە. وتیشی، دواکەوتنی مووچەی هێزەکانیان کاریگەری لەسەر دۆخی دەروونی و ژیانی و پابەندییەکانیان دەبێت.
لیوا ڕوکن بەختیار ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەوەی من بەدواداچوونم بۆ کردووە ڕیکەوتنەکە وایە کە وەزارەتی دارایی هەرێم لیستەکە بنێرێت بۆ وەزارەتی دارایی عێراق، چاودێری دارایی هەرێم و عێراق وردبینی بکەن ئینجا مووچەکە بنێرن."
وتیشی، "داتای تەواومان لە وەزارەتی دارایی هەرێم هەیە. ئەوەی ئێمە ئاگادار بین حکومەتی هەرێم وەکو مانگی ڕابردوو کۆدەکانی ناردووە، چونکە مانگی ڕابردوو مووچەکانمان بە کۆد بوو، دوای وردبینی لەلایەن بەغدادەوە مووچەکە دەنێرن. تا ئێستا بەغداد هیچ تێبینیەکی نەبووە."
ئەمە لە کاتێکدایە ئەمڕۆ سەمیر هەورامی، وتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای وت، "حکومەتی هەرێم لەهەر دامەزراوەیەکی سەربازی و ئەمنی ژمارەیەک ناوی ئامادە کردووە نەک کۆد، ئەم ناوانە ڕەوانەی عێراق دەکرێن تا لەسەر بنەمای ئەمە مووچەی کەرتی سەربازی هەرێم ڕەوانە بکرێت."
ڕۆژی 15ی مانگی پێنج وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند 443 ملیار دیناری لە لایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ نێردراوە. هەمان ڕۆژ وەزارەتی دارایی خشتەی مووچەی کەرتی گشتی بۆ مانگی چوار بڵاوکردەوە، بەڵام بەبێ لیستی بەشێکی زۆر لە هێزە ئەمنییەکانی هەرێم و یەکەکانی حەفتا و هەشتای پێشمەرگە بە هۆی نەناردنی مووچەکانیان لەلایەن بەغداوە.
لەگەڵ بڵاوکردنەوەی خشتەی مووچە بەبێ وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی تر، وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایگەیاند، "تێبینی: ئەم خشتەیە بەپێی ئەو پارەدارکردنە ئامادە کراوە کە لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە نێردراوە."
حکومەتی هەرێم مانگی پێشوو ڕایگەیاند لەجیاتی ناو لەگەڵ بەغدا پێکهاتوون بە کۆد لیستی مووچه بنێرن. هەفتەی ڕابردووش قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند،" لەگەڵ بەغدا ڕێکەوتووین بۆ ناردنی پارەی مووچەی هێزە ئەمنیەکان، بەڵام تا ئێستا وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر خەرجکردنی پارەکە بڕیاری نەداوە."
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەش دەڵێت، دواکەوتنی مووچە بۆ ماوەی نزیکی 50 ڕۆژ کاریگەری "خراپی" لەسەر دۆخی پێشمەرگە دەبێت.
لیوا بەختیار وتی، " تەنها سەرچاوەی پێشمەرگە مووچەکەیەتی، نەهاتنی مووچە کاریگەری لەسەر دۆخی پێشمەرگە دەبێت، هەم لە ڕووی دەروونی هەم لە ڕووی ژیانی."
وتیشی،" کە مووچە دوادەکەوێت کار لەسەر ئیلتیزامەکانی پێشمەرگە دەکات، بەڵام وەک کێشە تا ئێستا نەبووە و مەترسی خۆپیشاندانیش دروست نەبووە چونکە پێشمەرگە هێزێکی بە دیسیپلینە."
تۆمارکردنی "پێشمەرگەی نوێ"
دواکەوتنی مووچە لە کاتێکدایە هەندێک زانیاری نافەرمی ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن هەردوو یەکەکانی حەوفتا و هەشتا دەستیانکردووە بە تۆمارکردنی ناوی پێشمەرگەی نوێ. ئەمڕۆش پەرلەمانتار عەلی حەمە ساڵح لە خولی پێشووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لە ئەکاونتی خۆی لە فەیسبووک نوسیویەتی، "هەریەکە لە هێزەکانی حەفتا و هەشتا نزیکەی 20 هەزار پێشمەرگەی نوێیان بە مووچەی نزیکەی ملیۆنێک دامەزراندووە و وەزارەتی دارایی هەرێمیش ئەم مانگە لیستی مووچەی بە 970 ملیار ناردووە لە کاتێکدا مانگی ڕابردوو تەنها 950 ملیاربووە."
بەڵام لیوا بەختیار بێ ئاگایی خۆی لەو بابەتە ڕاگەیاند و وتی،" ئێمە ئاگاداری دامەزراندن نین و وەک وەزارەتیش دامەزراندن نییە لە وەزارەتەکەمان."
هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە ساڵی 2016وە جگە لە دابینکردنی 20 ملیۆن دۆلاری مانگانە بۆ ئەو لیوایانەی کە ڕاستەوخۆ سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەن، لە هەمانکاتدا پاڵپشتی دارایی و لۆجستی و سەربازی هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن بە مەبەستی یەکگرتنەوە و ڕێکخستنەوەیان.
لە ئێستاشدا هاوکاریەکانی هاوپەیمانان کەمکراوەتەوە بۆ 15 ملیۆن دۆلاری مانگانە، بە پێی لێکتێگەشتنی هاوبەشی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و هاوپەیمانانیش بێت مانگی 10ی ئەمساڵ بودجەکە کەمدەکرێتەوە بۆ 10 ملیۆن دۆلار.
لیوا بەختیار وتی، " ئەو 15 ملیۆن دۆلارەی هاوپەیمانان دەینێرن بۆ وەزارەتی پێشمەرگە لە نیوە کەمتری مووچەکانی پێشمەرگەی وەزارەت پێکدەهێنێت و وەزارەتی دارایی هەرێم مانگانە کورتهێنانەکە پڕدەکاتەوە."