Accessibility links

دەیان پەرلەمانتاری عێراق چوون بۆ حەج و پەرلەمانتارێک دەڵیت بەشێکیان بۆ چاودێریکردن لەوێن و خەرجییەکانیان دابینکراوە


لە کاتێکدا لە پەرلەمانی عێراق پرسە هەستیارەکانی وەکو بودجە و هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ چارەسەر نەکراون، دەوترێت نزیکەی 80 پەرلەمانتار بۆ حەجکردن عێراقیان بەرەو سعودیە جێهێشتووە. جێگری سەرۆکی لیژنەی ئەوقاف و کاروباری ئاینی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش بە دەنگی ئەمەریکا ڕادەگەیەنێت، بەشێک لە پەرلەمانتاران ئەرکی چاودێریکردنیان پێ سپێردراوە و خەرجی گەشتەکەیان لەسەر خۆیان نییە.

غەریب ئەحمەد، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئەوقاف و کاروباری ئاینی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەو پەرلەمانتارانەی ئەرکی چاودێری کردنیان پێ سپێردراوە و ژمارەیان لە نێوان 5 بۆ 10 پەرلەمانتاردایە و هەندێکجار زیاتریشە، خەرجی فڕۆکە و مانەوە لەسەر خۆیان نییە و بۆیان دابین دەکرێت."

غەریب ئەحمەد دەڵێت، "ئەو پەرلەمانتارانەی کە خۆیان بۆ حەج دەڕۆن و هیچ پابەندبوونێکی ئیدارییان لەسەر نییە، خەرجی گەشتەکەیان لەسەر خۆیانە."

ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران کە گەشتی وڵاتی سعودیە دەکەن بە مەبەستی ئەنجامدانی حەج بە نزیکەی 80 پەرلەمانتار لە کۆی 329 پەرلەمانتار مەزەندە دەکرێت.

ئەندامێکی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێیوایە گەشتی ئەم ژمارە زۆرەی پەرلەمانتار ڕەنگە ببێتە هۆی کێشە بۆ دانیشتنی تایبەت بە دانانی سەرۆکێکی نوێ.

گەشتکردنی بەکۆمەڵی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ وڵاتی سعودیە و ئەنجامدانی حەج لەکاتێکدایە، بەهەزاران هاوڵاتی عێراق و هەرێمی کوردستان ساڵانە بۆ بەشداری لە پرۆسە ئاینییەکە ناوی خۆیان تۆماردەکەن، بەڵام تیروپشک بۆ ناوەکانیان ئەنجام دەدرێت و زۆرینەیان لە حەج کردن بێ بەش دەکرێن لە کاتێکدا ئەم تیروپشکە پەرلەمانتاران ناگرێتەوە.

بە پێی زانیارییەکان، حەجکردن بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاسانە و کارئاسانییان بۆ دەکرێت، بەڵام دوای تەواوبوونی قۆناغی پەرلەمانتارییان ئەنجامدانی ئەو فەریزە ئاینییە هاوشێوەی ئێستا ئاسان نابێت بۆیان، ئەمەش وایکردووە بەشێکی زۆریان لەو کاتەدا ئەرکە ئاینییەکە ئەنجامبدەن کە پەرلەمانتارن.

غەریب ئەحمەد وتی، "زۆرینەی ئەو پەرلەمانتارانەی گەشتی وڵاتی سعودیە دەکەن بۆ حەج کردن دەڕۆن، بەشێکی کەمیان لەگەڵ دەستەی حەجدا دەڕۆن و ئەرکیان پێ سپێردراوە."

گەشتکردنی بەکۆمەڵی پەرلەمانتارانی عێراق لەکاتێکدایە، چاوەڕواندەکرێت لە هەفتەکانی داهاتوودا ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ پەسەندکردنی خشتەکانی یاسای بودجەی ساڵی 2024 کۆببێتەوە و گفتووگۆی لەبارەوە بکات.

دیمەنی نوێژی مسوڵمانان لە کەعبەی پیرۆز لە کاتی مەراسیمی حەج لە 18ی دووی 2002.
دیمەنی نوێژی مسوڵمانان لە کەعبەی پیرۆز لە کاتی مەراسیمی حەج لە 18ی دووی 2002.

خشتەکانی بودجەى 2024ی عێراق رۆژی 21ى مانگی پێنج گەیشتە پەرلەمانی عێراق، دواى دوو رۆژ لە پەسندکردنى لە ئەنجوومەنى وەزیران.

لە خشتەی بودجەکەدا خەرجیی ئەم ساڵی عێراق بە زیاتر لە 211 تریلیۆن و 861 ملیار دينار دانراوە و بەرپرسانی هەرێمی کوردستانیش دەڵێن هیوادارن بە پەسەندکردنی بودجەکە پشکی هەرێمی کوردستان زیادبکات.

سەرەڕای پرسی بودجە، هەروەها ماوەی زیاتر لە شەش مانگە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە هۆی دوورخستنەوەی محەمەد حەلبوسی لە پۆستەکەی لەلایەن دادگای فیدراڵی عێراقەوە بێ سەرۆکە. ناکۆکی نێوان لایەنە سونییەکان و دەستوەردانی هێزە شیعەکان وایکردووە ڕێککەوتن ئەنجام نەدرێت لەسەر دانانی جێگرەوەی حەلبوسی.

دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێویستی بەتەواوکردنی نیسابی یاساییە و دەبێت لە کۆی 329 پەرلەمانتار نیوە کۆ یەکیان ئامادە بن."

دەشڵێت، "گەر کوتلەی تەقەدومی حەلبوسی بایکۆتی دانیشتنەکانی پەرلەمان بکات و 80 پەرلەمانتاریش بۆ حەجکردن سەردانی وڵاتی سعودیە بکەن، ڕەنگە گرفت بۆ تەواوکردنی نیسابی یاسایی دروست ببێت."

بەڵام غەریب ئەحمەد، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئەوقاف و کاروباری ئاینی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕەتیدەکاتەوە گەشتکردنی بەکۆمەڵی پەرلەمانتارانی عێراق گرفت بۆ دانیشتنەکانی پەرلەمان دروست بکات و دەڵێت، "بڕیارە لەمڕۆژانەدا خوێندنەوە بۆ هەمواری یاسای بودجە بکرێت و گەشتکردنی پەرلەمانتاران گرفت بۆ تەواوکردنی نیساب دروست ناکات."

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:57 0:00
XS
SM
MD
LG