Accessibility links

مەشهەدانی کاندیدی دڵخوازی شیعەکان و کارتی ناچاری حەلبوسی بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق


دوای تێپەڕبوونی حەوت مانگ بەسەر دوورخستنەوەی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پۆستەکەی، بڕیارە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران و جێگرەوەی حەلبوسی هەڵبژێردرێت.

لە ڕۆژی 14ی مانگی یازدەی 2023، بە بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق محەمەد حەلبوسی لە پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دوورخرایەوە، لەوکاتەوە تا ئێستا پۆستەکە بەوەکالەت لەلایەن موحسن مەندەلاوی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانەوە بەڕێوەدەبرێت.

دوای تێپەڕبوونی حەوت مانگ بەسەر کێشمەکێشمی ناو عەرەبی سونە و ڕێگری هێزە شیعەکان لە دانانی سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دواجار کوتلەی تەقەدومی حەلبوسی، کاندیدی دڵخوازی هێزە شیعەکانی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان دیاریکرد.

لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی شەممە، 18ی مانگی پێنجی 2024، چاوەڕوان دەکرێت مەحمود مەشهەدانی کاندیدی کوتلەی تەقەدوم و نزیک لە هێزە شیعەکان ڕکابەری سالم عیساوی کاندیدی کوتلەی سیادە بەسەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر بکات.

ئیسماعیل حەدیدی، سەرکردەی سیاسی عەرەبی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "مەحمود مەشهەدانی دەبێتە سەرۆکی پەرلەمان، چونکە جاران کاندیدی هێزە شیعەکان بوو بۆ ئەو پۆستە، ئێستا کە لەلایەن حەلبوسییەوە کاندیدکراوە، شیعەکانیش پشتگیرین."

دیمەنی کۆبوونەوەیەکی پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبووسی لە مانگی حەوتی ساڵی 2023.
دیمەنی کۆبوونەوەیەکی پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبووسی لە مانگی حەوتی ساڵی 2023.

زیادبوونی شانسی مەحمود مەشهەدانی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەکاتێکدایە ململانێیەکی بەهێز لە نێوان حەلبوسی سەرۆکی کوتلەی تەقەدوم و خەمیس خەنجەر سەرۆکی کوتلەی سیادە هەبوو لەسەر ئەو پۆستە، کە دوو کوتلەی گەورە و ڕکابەری یەکتری ناو هێزە سونەکانی عێراقن.

ڕۆژی 13ی مانگی یەکی 2024، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبوویەوە و کاندیدی حەلبوسی و خەنجەر ڕکابەری یەکترییان کرد، بەڵام هیچکام لە کاندیدەکان نەیانتوانی نیوە کۆ یەکی دەنگەکان بەدەست بهێنێت.

لە دانیشتنەکەی ئەنجومەنی نوێنەران دا، شەعلان کرەیم کاندیدی حزبی تەقەدوم 152 دەنگ، سالم عیساوی کاندیدی سیادە 97 دەنگ و مەحمود مەشهەدانی کاندیدی هاوپەیمانی عەزم 49 دەنگیان لە کۆی دەنگی 314 پەرلەمانتاری بەشداربووی دانیشتنەکە بەدەستهێنا.

ئیسماعیل حەدیدی دەڵێت، "حەلبوسی ڕازینابێت سالم عیساوی ببێتە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق."

پێشبینی دەکرێت ئەنجامی هەڵبژاردنەکەی هەفتەی داهاتوو بە دەنگی پەرلەمانتارانی هێزە شیعەکان یەکلایی بکرێتەوە، لە کاتێکدا پێشتر کوتلەی تەقەدوم و سیادە، وەکو دوو هێزی گەورەی عەرەبی سونە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و ڕەوتی سەدر هەوڵی پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە و وەلانانی هێزەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگییان دەدا.

بەڕای چاودێرانی سیاسی، هێزە شیعەکان سەرکەوتووبوون لەوەی کاندیدی نزیک لە خۆیان بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران دەستنیشان بکەن و سەرکەوتووش بوون لە درز خستنە نێو عەرەبی سونە و تۆڵەکردنەوە لێیان بەهۆی ئە هاوپەیمانێتییەی پێشتر لەگەڵ ڕەوتی سەدر ئەنجامیاندا.

چاودێرانی سیاسی ئاماژەبەوەدەکەن، حەلبوسی بە ناچاری مەشهەدانی وەکو کاندیدی سەرۆکی پەرلەمان کاندید کرد و لەمڕێگەیەوە شکستی بە هەوڵەکانی خەنجەر بۆ دەستگەیشتن بەپۆستەکە هێنا و کەسێکی لاوازیشی کاندید کردووە تا لە داهاتوودا نەبێتە جێگرەوەی خۆی لە نێو عەرەبی سونەدا.

مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی کوتلەی سەدارەیە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە خاوەنی چوار کورسییە، بە یەکێک لە کەسایەتییە سونە نزیکەکان لە هێزە شیعەکان دادەنرێت. دوای شکستهێنانی لە بەدەستهێنانەوەی پۆستەکەی بۆ کەسایەتییە نزیکەکان لە خۆی، لەلایەن حەلبوسییەوە بە ناچاری پاڵپشتی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لێدەکرێت.

دکتور مەحمود عوسمان، سیاسەتمەدارو ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هەوڵدرا حەلبوسی پەراوێز بخرێت و کاندیدی خەمیس خەنجەر بکرێتە سەرۆکی پەرلەمان ، بۆیە حەلبوسی و مەشهەدانی یەکیانگرت."

سەرگرتنی هەوڵی لایەنە شیعەکان بۆ قوڵکردنەوەی ناکۆکی نێو عەرەبی سونە لەکاتێکدایە، چاودێران هەمان هەوڵ بۆ قوڵکردنەوەی ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتیش هەست پێدەکەن، بەوپێیەی لایەنە شیعەکان بە دوو سیاسەت و ئاراستەی جیا مامەڵە لەگەڵ ئەو دوو لایەنە کوردییەش دەکەن.

دکتۆر مەحمود عوسمان وتی، " شیعە دەیەوێت باڵادەست بێت، ناکۆکی ناو کورد و سونە و لاوازبوونی ئەم دوو پێکهاتەیان پێخۆشە."

مەحمود مەشهەدانی کە پاڵپشتی بۆ گەیشتنە سەر کورسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لێدەکرێت، لە نێوان ساڵانی 2006 بۆ 2008 سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بوو.

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:03 0:00
XS
SM
MD
LG