Accessibility links

پرۆسەی تۆمارکرنی کاندیدەکانی سەرۆکایەتی ئێران دەستپێدەکات


ئێران ڕۆژی پێنجشەممە دەستیکرد بە ناونوسکردنی فەرمی کاندیدەکانی سەرۆکایەتی بەر لە هەڵبژاردنێکی خێرای مانگی داهاتوو بۆ جێگرتنەوەی ئیبراهیم ڕەئیسی کە بەهۆی کەوتنە خوارەوەی هەلیکۆپتەرەوە گیانی لەدەستدا.

ئاژانسی ئرنای دەنگوباسی فەرمی ئێران ڕایگەیاند " تۆمارکردنی کاندیدەکان بۆ 14هەمین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کاتژمێر هەشتی بەیانی لە وەزارەتی ناوخۆ دەستیپێکرد."

ئەوانەی خۆیان کاندید دەکەن 5 ڕۆژیان هەیە بۆ ناونوسکردنی خۆیان.

کاتی هەڵبژادن ساڵی 2025 بوو بەڵام پێشخرا بەهۆی مەرگی چاوەڕوان نەکراوی سەرۆکی ئێران لە ڕووداوێکی کەوتنە خوارەوەی هەلیکۆپتەر لە 19 ی مانگی پێنجدا.

ڕەئیسی و حەوت کەسی تر لە نێویاندا حوسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، بەهۆی کەوتنە خوارەوەی هەلیکۆپتەرەکەیان لە کەشێکی تەمو مژاویدا لە چیایەکی باکووری ئێران، گیانیان لەدەستدا.

ئایەتوڵا خامنەئی، ڕێبەری باڵای ئێران لەو کاتەوە بە پێی دەستوور، محەمەد موخبر، تەمەن 68 ساڵ، جێگری سەرۆکی ئێرانی وەک سەرۆکی کاتیی دەستنیشان کرد.

ڕۆژی پێنجشەممە، تەلەفزیۆنی دەوڵەت بڵاویکردەوە کە "نزیکەی 30 کەس" داواکاریان بۆ کاندیدبوون پێشکەش کردووە، بەڵام "هیچیان مەرجە سەرەتاییەکانی کاندیدبوونیان تێدا نەبووە."

ئاژانسی فرانس پرێس دەڵێت پەیامنێرەکەیان بینیویەتی پارێزەری ڕیفۆرمخواز مستەفا کەواکێبیان و پەرلەمانتاری پارێزکار محەمەدرەزا سەباغیان داواکارییەکانیان پێشکەش بە وەزارەتەکە کردووە.

بە پێی یاسای هەڵبژاردنی ئێران، کاندیدەکان دەبێت تەمەنیان لە نێوان 40 بۆ 75 ساڵ بێت و بەلایەنی کەم بڕوانامەی ماستەریان هەبێت.

وەک لە خولەکانی پێشووی هەڵبژاردندا، چاوەڕوان دەکرێت کاندیدە سەرەکییەکانی بونیادە سیاسییە پێشەنگەکانی ئێران، نزیکتر لە کۆتایی پڕۆسەی ناو تۆمارکردن، داواکاری خۆیان پێشکەش بکەن.

لیستی کۆتایی کاندیدەکان لە 11ی شەش لەلایەن شورای نیگەهبان ڕادەگەیەنرێت، کە دەستەیەکی 12 کەسییە و ئەندامەکانی لەلایەن ڕێبەری باڵاوە دەستنیشان کراون یان پەسەند کراون.

ئەو دەستەیە کاندیدکردنی چەندین کەسایەتی ڕیفۆرمخواز و میانڕەوی پێش هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2021 ڕەتکردەوە، کە تیایدا ڕەئیسی پارێزکار بووە سەرۆکی وڵاتەکە.

لە هەڵبژاردنەکانی ئەو کاتەدا ڕێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا ژمارەیەکی پێوانەیی کەمی بەخۆیەوە بینی، کە تەنها لەسەدا 48.8 بوو.

XS
SM
MD
LG