Accessibility links

پەرلەمانتارێکی عێراق: گرفتە سیاسیەکان نەماون و ڕەنگە دوای جەژن هەناردەی نەوتی کوردستان دەستپێبکاتەوە


وێنەکە هی 1ی شەشی 2009 یە ئەو کاتەی مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی دەستپێکی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانیان ڕاگەیاند.
وێنەکە هی 1ی شەشی 2009 یە ئەو کاتەی مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی دەستپێکی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانیان ڕاگەیاند.

ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بەربەستە سیاسیەکانی پێش هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان نەماون "تەنها گرفتی تەکنیکی نەبێت،" وە "بە ئەگەرێکی زۆر" دوای ڕۆژانی جەژنی قوربان هەناردەی نەوتی کوردستان دەستپێدەکاتەوە.

بڕیارە هەفتەی داهاتوو شاندێکی حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان کە لە هەرێم کاردەکەن سەردانی بەغدا بکەن بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق.

سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "دەنگدراوە لەسەر ئەوەی بڕی دوو تریلیۆن و 700 ملیار دینار تەرناخکراوە بۆ کەرتی نەوتی لە هەرێمی کوردستان و ڕۆژانەی 400 هەزار بەرمیل. گرفتە سیاسیەکان ئێستا کۆتاییان وەرگرتووە و تەنها گرفتی تەکنیکی ماوە و پێدەچێت لەم ڕۆژانە کۆبوونەوەکە بکرێت و کۆبوونەوەیەکی یەکلاکەرەوە دەبێت و دوای ڕۆژانی جەژنی قوربان بە ئومێدی ئەوەین هەناردەی نەوتی کوردستان دەستپێبکاتەوە."

لەبارەی دانەوەی قەرزە کەڵەکەبووەکانی کۆمپانیا نەوتییەکان لەلای حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو ئەندامە کوردە کە لە فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوینەرانی عێراق وتیشی، "یەکێک لە گرفتەکان ئەوەیە کە ئیستا چۆن بتوانرێت کۆمپانیاکان ڕازی بکرێن بۆ ئەوەی هەناردەی نەوت دەستپێبکەنەوە وئەوەش دەبێت حکومەتی عێراق ئەو مەلەفە یەکلابکاتەوە."

ئەمڕۆ 5ی شەشی 2024، ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنی چوار تەوەر کە یەکێکیان بریتی بوو لە پێشهاتەکانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای کۆمپانیای سۆمۆوە.

دوای کۆبوونەوەکە، حکومەتی هەرێم لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت بڕیاردراوە سەرەتای هەفتەی داهاتوو شاندی حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان لەسەر بانگێشتی وەزارەتی نەوتی عێراق، سەردانی بەغدا بکەن "بۆ هەرچی زووتر دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم."

لە ڕاگەیێندراووەکەدا هاتووە، "ڕێنوێنی ئەنجومەنی وەزیران بۆ شاندی دانووستانکار دووپاتکردنەوەی هەڵوێستی جدیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو بۆ هەرچی زووتر گەیشتن بە ڕێکەوتننامەیەکی گشتگیر و هاوسەنگ لە چوارچێوەی دەستوور بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ و خستنەگەڕی داهاتەکەی بۆ خزمەتی گەنجینەی گشتی ، ئەمەش پێویستە لەسەر بنەما دەستوورییەکان و لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندیی دەسەڵاتەکانی هەرێم بێت."

دەنگی ئەمەریکا لەسەر ئەم پرسە پەیوەندی بە عیزەت سابیر بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراقەوە کرد، بەڵام ئەو بێ ئاگایی خۆی لە ئەنجامدانی ئەو کۆبوونەوەیە ڕاگەیاند.

رۆژی 25ی سێی 2023 دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس کەیسێکی لە دژی تورکیا و بەرژەوەندی حکومەتی عێراق یەکلاکردەوە، کە بووە هۆی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای تورکیاوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان لەوکاتەوە تائێستا کەوتووەتە قەیرانێکی قوڵی داراییەوە و دەیان جار شاندی هەرێم و بەغدا کۆبوونەتەوە، بەڵام نەگەشتووەنەتە ڕێکەوتنی کۆتایی.

هەوڵەکانی دەنگی ئەمەریکا بۆ وەرگرتنی لێدوانی وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بێ ئەنجام بوون.

سەڕەرای جەختکرنەوەی ئەندامە کوردەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە بارەی ڕێکەوتن لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، بەڵام شارەزایەکی ئابوری بە دووری دەزانێت پرۆسەکە بەم نزیکانە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

دیمەنی دەرهێنانی نەوت لە کێڵگەی تەقتەق. وێنەکە 16ی هەشتی 2014 گیراوە.
دیمەنی دەرهێنانی نەوت لە کێڵگەی تەقتەق. وێنەکە 16ی هەشتی 2014 گیراوە.

محەمەد حسێن شارەزای ئابوری و ئەندامی تۆڕی ئابوریناسانی عێراق بە دەنگی ئەمەریکای وت، "دەستپێکردنەوەی پڕۆسەکە ئاسان نییە، هەرچەندە هەردوو دەیانەوێت پرۆسەکە دەستپێبکاتەوە، بەڵام تا ئێستا بە پێی زانیاریەکانی من نەگەشتوونەتە ڕێککەوتن."

وتیشی، "لایەنەکان ئاماژە بە نیەتباشی خۆیان لەم پرسەدا دەکەن، بەڵام بەرەوپێشچوون لە پرسەکە وەک دوو مانگ پێشترە و هیچ نەگۆڕاوە."

ڕۆژی 10ی مانگی یازدەی ساڵی 2023، شاندێکی وەزارەتی نەوتی عێراق بە سەرۆکایەتی حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق گەشتە هەولێر و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە هەولێر مایەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.

حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق ئەو کات لە نێوفرۆکەخانەی هەولێر، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "هاتووین تا تەواوی کێشەکانی پێش هەناردەکردنی نەوت چارەسەر بکەین، چونکە هەناردەکردنی نەوت بۆ عێراق گرنگە و بودجە پێویستی پێیەتی، بەوپێەی سامانی سروشتی سەرەکی بۆ عێراق نەوتە."

لای خۆشیەوە کەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێم بەوەکالەت لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانیە وتی، "لە یاسای بودجەی گشتی فیدراڵ نزیکەی شەش دۆلار بۆ دەرهێنانی هەر بەرمیلێک دیاریکراوە، بۆیە ئەم نرخە ناگونجێت لەگەڵ گرێبەستەکانمان. ئەوان هاتوون تا تەواوی کێشەکان چارەسەر بکەن و هەناردەکردنی نەوت دەستپێبکات."

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:42 0:00
XS
SM
MD
LG