Accessibility links

ئەندامێکی لیژنەی نەوتی پەرلەمانی عێراق: حکومەتی عێراق پێویستی بە هەناردەی نەوتی هەرێم نییە


ئەندامێکی لیژنەی نەوت و غازی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، حکومەتی عێراق پێویستی بە ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان نییە، بەو پێیەی تەواوی ئەو بڕە نەوتەی ڕێکخراوی ئۆپیک بۆی دیاریکردووە ئێستا هەناردەی دەکات.

دکتۆر ئاسۆ فەرەیدون، ئەندامی لیژنەی نەوت و غازی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئۆپیک دوو ملیۆن و 600 هەزار بەرمیل نەوتی بۆ عێراق دیاریکردووە تا بۆ ناردنە دەرەوە و لەناوخۆ بەکاری بهێنێت، ئێستا عێراق ئەو بڕە نەوتە بەرهەم دەهێنێت و پێویستی بە ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم نییە."

دەشڵێت، "ئەگەر عێراق نەوتی هەرێم هەناردەی دەرەوە بکات کێشەی بۆ دروست دەبێت، دەبێت ناردنەدەرەوەی نەوتی ناوچەکانی تر کەمبکاتەوە، لەکاتێکدا نەوتی ناوچەکانی تر بەراورد بە نەوتی هەرێم نرخەکەی گرانترە و ناردنەدەرەوەشی ئاسانترە."

لە کۆتایی مانگی سێی ساڵی 2023ەوە، ناردنەدەرەوەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی تورکیاوە ڕاگیراوە، دوای ئەوەی ژووری پاریسی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی سکاڵایەکی عێراقی لە دژی تورکیا سەبارەت بە ڕێککەوتنێکی پێشووی نێوانیان یەکلایی کردەوە و بڕیاریدا بە نایاسایی بوونی ناردنەدەرەوەی نەوتی هەرێم بە بێ ڕەزامەندی عێراق.

دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ساڵێک و دوو مانگ بەسەر ڕاگرتنی ناردنەدەرەوەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی تورکیاوە، هێشتا دەست بە ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم نەکراوەتەوە و هۆکارەکەشی بۆ کێشەی نێوان عێراق و ئەو کۆمپانیا نەوتییانەی پێشتر گرێبەستیان لەگەڵ هەرێم هەبووە لەسەر نرخی دەرهێنانی نەوت دەگێڕدرێتەوە.

لە ئێستادا وەفدێکی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان لە بەغدان بۆ گفتووگۆکردن لەسەر کرێی دەرهێنانی نەوت لەلایەن ئەو کۆمپانیا نەوتییانەوە کە گرێبەستییان لەگەڵ هەرێم هەیە، بەڵام هێچ ڕێککەوتنێک ئەنجامنەدراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە سەردانی وەفدەکەی هەرێم بۆ بەغدا کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم ڕێکنەکەوتوون، چونکە کۆمپانیا نەوتییەکان داوای نزیکەی 25 دۆلار دەکەن بۆ دەرهێنانی بەرمیلێک نەوت، لەکاتێکدا لایەنی وەزارەتی نەوتی عێراق داوایانکردووە کۆمپانیا نەوتییەکان بەرمیلێک نەوت بە 6 دۆلار دەربهێنن تا ئەوکاتەی لەگەڵ هەرێم ڕێکدەکەون."

سەرچاوەکە دەڵێت، "ڕاوێژکارەکانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە هەتا ڕادەیەک ڕازی بوون کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم بەرمیلێک نەوت بەنزیکەی 20 دۆلار بەرهەم بهێنن، بەڵام شارەزا تەکنییەکانی ناو وەزارەتی نەوتی عێراق بەمە ڕازی نین."

لە ئێستادا کە نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردەی دەرەوە ناکرێت، ئەو کۆمپانیا نەوتییانەی گرێبەستییان لەگەڵ هەرێم هەیە بەردەوامن لە دەرهێنانی نەوت بە ڕێژەیەکی کەمتر لە جاران و نەوتی دەرهێنراو لە ناوخۆدا ساغ دەکەنەوە.

لای خۆیەوە دکتۆر ئاسۆ فەرەیدون، ئەندامی لیژنەی کاروباری وزە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وتی، "بەڵێ ڕاستە وەفدی وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە ئامادەبوونی کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم ڕێکنەکەوتوون."

حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوکاتەی سەربەخۆیانە نەوتەکەی هەناردەی دەرەوە دەکرد و دەیفرۆشت، ڕۆژانە 450 هەزار بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی تورکیاوە هەناردەی دەرەوە دەکرد. هەروەها ڕۆژانە 75 هەزار بەرمیل نەوتی کەرکوکیش هەر لە ڕێگەی ئەو وڵاتەوە هەناردەی دەرەوە دەکرا.

دکتۆر ئاسۆ فەرەیدون دەڵێت، "نەوتی هەرێم لە ناوچەی شاخاوی دەردەهێنرێت، لەکاتێکدا نەوتی بەسرە و خوارووی عێراق لەناوچەی دەشتایی دەردەهێنرێت، بۆیە کواڵێتی نەوتی ناوچەی دەشتایی باشترە و هەناردە کردنیشی ئاسانترە."

هەروەها وتیشی، "نرخی دەرهێنانی نەوت لە ناوچەی شاخاوی گرانترە لەناوچەی دەشتایی، بۆیە عێراق خۆشی ناتوانێت بە نرخی نەوتی بەسرە، نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم دەربهێنێت. پاشان نەوتی یەدەگی عێراق زۆر زیاترە لە یەدەگی نەوتی هەرێم ئەمەش کاریگەری لەسەر نرخی دەرهێنانی نەوت هەیە و کەمی یەدەگی نەوتی هەرێم وادەکات کۆمپانیاکان گرانتر نەوت بەرهەم بهێنن."

بەپێی یاسای بودجەی عێراق کە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە پەسەندکراوە، حکومەتی عێراق سەرپەرشتی ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم دەکات و عێراق پابەندە بە دابینکردنی پشکە بودجەی هەرێمی کوردستان، ئەمەش وایکردووە هەرێم جارێ گرفتی ڕاگرتنی ناردنە دەرەوەی نەوتەکەی نەبێت.

دکتۆر ئاسۆ فەرەیدون دەڵێت، "دۆسیەی ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم و ناردنی مووچەی مووچەخۆران دوو دۆسییەی جیاوازن، گەر نەوتی هەرێم هەناردەش نەکرێت عێراق مووچە ڕەوانە دەکات."

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:15 0:00
XS
SM
MD
LG