Accessibility links

کاردانەوەکان بەرامبەر دەستنیشانکردنی سوپای پاسدارانی ئێران وەک گرووپێکی تیرۆرستی لەلایەن کەنەداوە


دوای بڕیارەکەی حکومەتی کەنەدا بۆ دەستنیشانکردنی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران وەک گرووپێکی تیرۆرستی، وەزارەتی دەرەوەی ئێران کردارەکەی کەنەدای سەرکۆنە کرد، لە هەمانکاتدا کەسایەتییە دیارەکانی ئۆپۆزسیۆنی کۆماری ئیسلامی ئێران پێشوازییان لەو هەنگاوە کردووە و خوازیارن فشارەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران چڕتر بکرێنەوە.

حکومەتی کەنەدا ڕۆژی چوارشەممە بە فەرمی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی ناساند و داوای لە هاووڵاتیانی وڵاتەکەی کرد ئێران بەجێبهێڵن.

جەستن ترودۆ، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە " سوپای پاسداران ئێستا لە لیستی گروپە تیرۆریستییەکانی کەنەدادایە."

لە کاردانەوە بەم بڕیارەی کەنەدا، ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بڕیارەکەی کەنەدای سەرکۆنە کرد و ڕایگەیاندووە"ئەم کارە قێزەونەی کەنەدا هیچ کاریگەرییەکی لەسەر دەسەڵاتی ڕەوا و بەرزکردنەوەی ئاست و پانتایی دەسەڵاتی سوپای پاسداران نابێت."

کەنعانی ئەم بڕیارەی حکومەتی کەنەدای بە هەنگاوێکی دوژمنکارانە و پێچەوانەی پێوەر و پرەنسیپە پەسەندکراوەکانی یاسا نێودەوڵەتییەکان ناوبردووە کە دژی سەروەری نیشتمانی ئێرانە.

لەلایەکی دیکەوە ناساندنی سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی وەک تیرۆریست لە لایەن حکوومەتی کەنەداوە کاردانەوەی ئەرێنی چالاکانی سیاسی، مەدەنی و مافی مرۆڤ و کەسایەتییە دیارەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی لێکەوتووەتەوە.

ئەنجومەنی خێزانی قوربانیانی فڕۆکەی پی ئێس 752 لە بەیاننامەیەکدا سوپاسی حکومەتی کەنەدا و هەموو لایەنە سیاسییەکان و چالاکوانان و ئەو کەسانەی کردووە کە هەوڵیانداوە ئەم کارە ڕووبدات.

نزیکەی چوار ساڵ لەمەوبەر مووشەکەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران، فڕۆکەی پی ئیس 752ی هێڵی ئاسمانی ئۆکرانیایان لە ئاسمانی تاران خستە خوارەوە و بەهۆیەوە 175 سەرنشینی فڕۆکەکە گیانیان لەدەستدا کە ژمارەیەکی زۆریان هاووڵاتی کەنەدی بوون.

دوای خستنە خوارەوەی فڕۆکەکە، بنەماڵەی قوربانییەکانی ئەو فڕۆکەیە بە بەردەوامی داوایان لە حکومەتی کەنەدا کردووە سوپای پاسداران وەک گرووپێکی تیرۆریستی بناسێنێت و ئیستاش ئەمە بەدەستکەوتێکی گەورە بۆخۆیان و قوربانیانی کۆماری ئیسلامی ناودەبەن.

ئیسرائیل کاتز، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە کاردانەوە بە بڕیارەکەی کەنەدا لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی "من پێشوازی لە تۆمارکردنی ناوی سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان دەکەم لەلایەن کەنەداوە."

ناوبراو لە درێژەی پۆستەکەیدا لە ئێکس نووسیوێتی "کۆماری ئیسلامی ئێران و ژێرخانی تیرۆریستیی ئەو وڵاتە دەبێ بەرامبەر ئەو تاوانانەی کە ئەنجامی داوە و هەروەها بەرامبەر بە پەرەدان بە تیرۆر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە سەرانسەری جیهاندا لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت."

هەروەها عەبدوڵڵا موهتەدی،سکرتێری گشتی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران ڕاگەیاندنی سوپای پاسداران وەک تیرۆریست لەلایەن حکومەتی کەنەداوە بە هەواڵێکی دڵخۆشکەر ناوبرد و لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی "ئەم کارە دڵنەواییەکە بۆ بنەماڵەی هەموو قوربانیانی تاوانەکانی ڕێژیم و دەستکەوتێکیشە بۆ بزوتنەوەی خوازیاری دادپەروەری."

مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیش لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی "لە دوای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، کەنەداش سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی ئێرانی خستە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە و ئەمەش سەرکەوتنێکی دیکە بوو بۆ هەموو ئازادیخوازان لە ئێران و ئەم هەنگاوەی کەنەدا لەلایەن خەڵکی ئێران و بەتایبەت نەتەوەی کورد و حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت کە زۆرترین تیرۆر و تاوانەکانی ئەم سوپا بەدناوەیان ئەزموون کردووە."

بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە درێژەی نووسینەکەیدا دەڵێت "هیوادارین یەکێتیی ئەورووپاش وەڵامی ئەرێنی بۆ داواکاری گەلی ئێران بداتەوە و سوپای پاسداران وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بناسێت."

لە چەند مانگی ڕابردوودا حکومەتی کەنەدا ڕووبەڕووی فشاری زۆر بوویەوە بۆ ئەوەی بەپێی یاسای تاوانکاری وڵاتەکە، سوپای پاسدارانی ئێران وەک گروپێکی تیرۆریستی دەستنیشان بکات.

پارتە نەیارەکانی حکوومەتی جەستن ترودۆ، دوای هێرشی ئاسمانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، داواکارییەکانیان بۆ زیادکردنی سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی بۆ لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان چڕتر کردەوە.

ئۆتاوا لە مانگی دەی ساڵی 2022 ڕایگەیاند ڕەنگە کارێکی لەو شێوەیە ببێتە هۆی دەستبەسەرکردنی ئەو ئێرانیانەی لە کەنەدان و سەردەمانێک ناچار بوون لەو هێزەدا کار بکەن و ئێستا وڵاتەکەیان بەجێهێشتووە و هاتوونەتە کەنەدا و ئەمەش کارێکی نادادپەروەرانەیە.

کەنەدا پێشتر سپای قودس، لقی دەرەوەی سوپای پاسدارانی وەک گرووپێکی تیرۆریستی خستبووە لیستی گرووپە تیرۆریستییەکانەوە. هەروەها ئۆتاوا لە ساڵی 2012ەوە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ تاران پچڕاندووە.

کەناڵی هەواڵی سی بی سی کەنەدا ڕۆژی چوارشەممە لە ڕاپۆرتێکدا نووسیبووی کاتێک گرووپێک دەخرێتە لیستی تیرۆری وڵاتێکەوە، پۆلیسی ئەو وڵاتە دەتوانێت هەر کەسێک لە ڕووی دارایی یان ماددییەوە پاڵپشتی ئەو گرووپە بکات، تۆمەتبار بکات و بانکەکانیش دەتوانن سەروەت و سامانەکانیان سڕ بکەن.

XS
SM
MD
LG