سەرۆکی دەزگای لووتکە بۆ کار و باری پەنابەران ڕایدەگەیەنێت، ناردنی شاندی حکومی بۆ ئیتاڵیا بە مەبەستی بە دواداچوونی دۆخی قوربانیەکانی ڕووداوەکەی دوو ڕۆژی ڕابردوو پێویست ناکات و زیادە مەسرەفیە، چونکە لە دەساڵی ڕابردوو ژمارەیەکی زۆر تەرممان وەک دەزگای لووتکە گەڕاندۆتەوە هەرێمی کوردستان و هیچ وەفدێکیشمان نەناردووە.
ئاری جەلال سەرۆکی دەزگای لووتکە بۆ کارو باری ئاوارە و پەنابەران، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئاگادار نیم وەفدی حکومەت چووبێت و پێم وایە پێویست ناکات و زیادە مەسڕەفیە، لە ڕابردوودا دەیان تەرممان هێناوەتەوە کە ژمارەیان نزیکەی 340 تەرمە، بەڵام هیچ وەفدێکمان نەنانردووە، بەڵکو نوێنەری خۆبەخش لەوێ کارە یاساییەکانیان کردووە."
ڕۆژی دوو شەممە 17ی مانگی شەش یەختێکی پەنابەران لە ئاوی نێوان یۆنان بۆ ئیتاڵیا نوقم دەبێت، یەختەکە 76 کەسی هەڵگرتبوو، بە پێی ئامارە نافەرمیەکان لەو ژمارەیە 11 کەسیان ڕزگاریان بووە و تا دوێنێ تەنها 17 تەرم دۆزراوبۆوە، بەڵام ئەمڕۆ باس لە دۆزینەوەی 14 تەرمی تر دەکرێت، لەکۆی 76 کەسەکە پێدەچێت 35 کەسیان کورد بن و بەشیکی زۆریان خەڵکی هەرێمی کوردستانن.
ڕۆژی چوارشەممە 19ی مانگ فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند،" حکومەتی هەرێم تیمێکی ڕەوانەی ئیتاڵیا کرد بۆ ئەوەی بە هەماهەنگی لەگەڵ نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لەو وڵاتە پەیوەندی بەدامەزراوە فەرمییەکانی ئیتاڵیا بکەن و سەردانی شوێنی ڕووداوەکە لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا بکەن."
پێشتر هەر ڕۆژی هەینی لە وتووێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا پێشەوا هەورامی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای وت،" جەنابی سەرۆک وەزیران هەمووانی ڕاسپاردووە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر خەت بن و چی ڕیکاری پێویستە بیگرنە بەر، بۆیە لە فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە و وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاری پێویست کراوە بۆ ئەم بابەتە، ئەوانەی ڕاسپێردراون سەردانی قوربانیەکان و شوێنەکەیان کردووە."
ئاری جەلال دەڵێت،" رووداوە نەخوازراوەکە حکومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە دەرەوە و ناوەوە لەسەر خەتن بۆ چارەسەرکردنی، هەرچەندە ئامارەکان نادیارن، چونکە ئەوکەسانە بە قاچاغ و نا یاسایی کۆچیان کردووە، لە دە ساڵی ڕابردوودا ئێمە 340 تەرممان وەک دەزگای لوتکە بە فەرمی هێناوەتەوە هەرێمی کوردستان، تەرمەکانی ئێستاش وەک حکومەت و دەزگای لوتکە دەگێڕینەوە هەرێمی کوردستان، بەڵام شاند و نوێنەر نەنێردراوە و خۆبەخش کارەکانی کردووە."