هەزاران چەکداریی ئەو گروپە چەکدارییانەی سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ئێران پشتیوانییان لێدەکات ئامادەن بێن بۆ لوبنان و پەیوەندی بە گروپی چەکداریی حزبوڵای لوبنانەوە بکەن لە شەڕەکەیدا دژی ئیسڕائیل، ئەمەش لە حاڵەتێکدا ئەگەر توندوتیژییەکانی سەر سنووری نێوان ئیسڕائیل و لوبنان پەرە بسەنێت بۆ جەنگێکی بەرفراوان، ئەمەش بەپێی وتەی بەرپرسانی گروپە چەکدارییەکان و شیکەرەوەکان.
لە دوای هێرشە کوشندەکەی حەماسەوە بۆ سەر ئیسڕائیل لە 7 ی مانگی 10 دا، ڕۆژانە شەڕە تەقە لە نێوان هێزەکانی ئیسڕائیل و چەکدارانی حزبوڵا لەسەر سنووری نێوان دوو وڵاتەکە ڕوویداوە.
دۆخی باکووری ئیسڕائیل لەم مانگەدا خراپتر بوو دوای ئەوەی هێرشێکی ئاسمانی ئیسڕائیل فەرماندەیەکی سەربازیی باڵای حزبوڵای لە باشووری لوبنان کوشت. حزبوڵا لە تۆڵەی ئەوەدا سەدان موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تەقینەوەی ئاڕاستەی باکووری ئیسڕائیل کرد.
بەرپرسانی ئیسڕائیل هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشێکی سەربازییان کردووە لە لوبنان ئەگەر لە ڕێی گفتوگۆوە کۆتایی بە بوونی حزبوڵا نەهێندرێت لەسەر سنوورەکە.
لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا، چەکدارانی سەر بە گروپە چەکدارییەکان لە لوبنان و عێراق و ئەفغانستان و پاکستان کە سەرجەمییان لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت، لە ماوەی جەنگە 13 ساڵەییەکەی ناو سوریادا پێکەوە شەڕییان کردووە، یارمەتی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەدییان داوە. بەرپرسانی ئەو گروپە چەکدارییانە دەڵێن دەکرێت بە هەمان شێوە جارێکی دیکە سەرجەمییان دژی ئیسڕائیل یەکبگرنەوە.
ڕۆژی چوارشەممە سەرکردەی حزبوڵای لوبنان حەسەن نەسڕەڵا لە وتارێکدا وتی سەرکردەکانی گروپە چەکدارییەکان لە ئێران و عێراق و سوریا و یەمەن و وڵاتانی دیکەش پێشتر پێشنیاری ئەوەیان کردووە دەیان هەزاران چەکدار بنێرن بۆ یارمەتیدانی حزبوڵا، بەڵام وتی حزبوڵا خۆی زیاتر لە 100,000 چەکداری هەیە.
نەسڕەڵا وتی " پێمان وتن سوپاس، بەڵام ئێمە زۆرییمان هەیە لەو ژمارەیەی کە هەمانە."
وتیشی شەڕەکە بەم شێوازەی ئێستایەوە تەنها بەشێکی هێزەکەی حزبوڵای سەرقاڵ کردووە، ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەو چەکدارانەی کە موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هەڵدەدەن.
بەڵام لە حاڵەتی جەنگێکی بەرفراواندا ئەوە دەکرێت بگۆڕێت. نەسڕەڵا لە وتارێکیدا لە ساڵی 2017 دا ئاماژەی بەوەدا کە چەکداران لە ئێران و عێراق و یەمەن و ئەفغانستان و پاکستانەوە " هاوبەشمان دەبن " لە جۆرە جەنگێکی لەوشێوەیەدا.
بەرپسانی لوبنان و ئەو گروپە چەکدارییانەی عێراق کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت دەڵێن چەکداران لە سەرانسەری ناوچەکەوە پەیوەندی دەکەن ئەگەر جەنگ لەسەر سنووری نێوان ئیسڕائیل و لوبنان هەڵبگیرسێت. هەزاران چەکداری لەو جۆرە پێشتر ڕەوانەی سوریا کراون و دەتوانن بە ئاسانی لە ڕێی سنوورە دیارینەکراوەکانەوە بچنە لوبنانەوە.
بەرپرسێکی گروپێکی چەکداریی عێراق لە بەغداد بە دەزگای هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێسی وت " شان بە شان لە پاڵ حزبوڵادا شەڕ دەکەین " ئەگەر جەنگێکی بەرفراوان هەڵبگیرسێت.
وتیشی هەندێک لە ڕاوێژکارەکانی گروپە چەکدارییەکانی عێراق لە لوبنانن.
بەرپرسێکی گروپێکی چەکداریی لوبنانی کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت، وتی چەکدارانی حەشدی شەعبی عێراق و گروپی چەکداری فاتیمیونی ئەفغانستان و گروپی چەکداری زەینەبیونی پاکستان و حوسییەکانی یەمەن دەکرێت بێن بۆ لوبنان و بەشدار بن لە جەنگەکەدا.
سەرچاوە/ AP