Accessibility links

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق: ئەگەر هەرێم هەتا کۆتایی ساڵ بابەتی تەوتین یەكلانەكاتەوە ئەوا 2025 قەیرانی دارایی دروستدەبێتەوە


پرسی بەبانكی كردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لە خشتەكانی بودجە لە نێوان هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بە تەواونەكراوی ماوەتەوە و لە ئێستادا تەنها مووچەی مووچەخۆران، سەرەڕای دواکەوتنی، لە بەغداوە دێتە هەرێمی كوردستان. بەڵام چارەنووسی پشکی هەرێم لە بودجەی بەڕێوەبردنی حکومەت و وەبەرهێنان چارەنووسی دیارنییە.

غەریب ئەحمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند، "لایەنی عێراق هەتا پێش كۆتایی ئەمساڵ بە شێوەی ڕێكەوتن مووچە لە عێراقەوە بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرت، بەڵام دوای ئەم چەند مانگە هەرێمی كوردستان ئەگەر بابەتی تەوتین یەكلانەكاتەوە، ئیدی لەڕێگەی هەژماری من یان ڕاستەوخۆ لە لایەن بانکە فیدراڵییەکان، ئەوا لە ساڵی نوێدا قەیرانی دارایی دروست دەبێتەوە."

غەریب ئەحمەد وتیشی، "بۆچوونی عێراق لە ڕێگەی دادگای فیدڕاڵی و حكومەتی عێراق ڕوونە، تەوتین لە ڕێگەی بانكە حكومیەكانی حكومەتی فیدڕاڵەوەیە. دوای ئەو ماوەیەی دانراوە ناتواندرێت مووچەی مووچەخۆران بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هیچ ڕێگەیەكی دیكەوە بنێرێت."

دادگای فیدڕاڵی عێراق 21ی مانگی دووی 2024 بڕیاری دا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان "تەوتین" بكرێت و مووچەجۆران لە ڕێگەی بانكە حكومییە فیدڕاڵیەكانەوە مووچە وەربگرن. بەڵام دوای تێپەڕبوونی 6 مانگ بەسەر بڕیارەكە، پرۆسەكە لەنێوان هەژماری من و تەوتین ماوەتەوە.

هەرچەندە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامە لە دروستكردنی هەژماری بانكی لە ڕێگەی 8 بانكی حكومی و ناحكومیەوە بۆ مووچەخۆران، بەڵام ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ئەو هەژمارانەی كە وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم دروستیاندەكات تەوتین نین.

سۆران عومەر ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند، "تەوتین بە پێی بڕیاری دادگایە، دەقی بڕیارەكە دەڵێت لە بانكی حكومی فیدڕاڵی. هەتا ئەم كاتە ئەم پرۆسەیە بە پێی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی دەستیپێنەكردووە، چونكە هەركاتێك تەوتین لە بانكی حكومی فیدڕاڵی كرا، وەزارەتی داریی مووچەی مووچەخۆران دەخاتە ئەو بانكەی كە تەوتینی تێدا كراوە."

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق وتیشی، "هەژماری من تەوتین نیە، ئەكرێت پرۆسەی دابەشكردن بێت، ئەو پارەیە لە بانكە حكومیەكانی فیدڕاڵ وەربگرێت و دابەشی بكات. ئەوەش تی بی ئای كردوویەتی تەوتین نیە، هەمان ئالیەتی هەژماری منە، چونكە فەلسەفەی تەوتین جێگیركردنی مووچەیە لە بانكە حكومیە فیدڕاڵیەكان."

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم، تا ئێستا زیاتر لە 400 هەزار فەرمانبەر لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان لە پرۆژەی هەژماری من تۆمارکراون و نزیکەی 240 هەزار کارتی بانکیش دابەشکراوە، زیاتر لە 50 هەزار مووچە خۆر کە لە 135 یەکەی ژمێریاری لەسەرجەم وەزارەتەکان پێکهاتون بەشێوەی دیجیتاڵی مووچەیان وەرگرتووە.

ڕۆژی دووشەممە 24ی شەشیی 2024 ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ تیمی سەرپەرشتیاری پرۆژەی هەژماری من کۆبۆوە و لە ڕاگەیەنراوی كۆبوونەوەكەدا وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، "پرۆژەی هەژماری من بریتییە لە بەبانکیکردن و تەوتینکردنی مووچەی فەرمانبەران."

سەرەڕای کێشەی دابینکردنی مووچەی کەرتی گشتی، پرسێکی تری گرنگ کە هەتا ئێستا بە ناڕوونی ماوەتەوە بریتییە لە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی کارگێڕی و پەرەپێداندا.

ڕۆژی 3ی شەشی 2024، پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنێکدا خشتەکانی بودجەی ساڵی 2024ی پەسەندکرد و مووچەی مووچە خۆرانی هەرێمی کوردستانی لە خەرجی کرداریەوە خستە سەر خشتەکانی بودجە.

بودجەى عێراق بۆ ساڵی 2024 زیاتر لە 211 تریلیۆن دینارە، لەو ڕێژەیەش پشکی هەرێمی کوردستان نزیکەی 20 تریلیۆن و 910 ملیار دینارە.

ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق دەڵێت ئەو بودجانەی بۆ هەرێمی كوردستان لە خشتەكانی بودجە جێگركراون، ماوەنەتەوە تا ئەو كاتەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان داهاتی نەوت و نیوەی داهاتی ناوخۆ دەنێرێت بۆ حکومەتی فیدڕاڵی.

ئاریان تاوەگۆزی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند، "ئەو بودجانەی كە بەرحكومەتی هەرێم كەوتوون وەك خۆیان ماوەتەوە و نەنێراون بۆ هەرێم، لەبەر ئەوەی حكومەتی هەرێم هەتا ئێستادا داهاتی نەوت و خاڵە سنوریەكان و 50% داهاتی ناوخۆی نەگێڕاوەتەوە بۆ حكومەتی ناوەند."

ئەو ئەندامەی پەرلەمانەی عێراق وتیشی، "هەتا ئێستا بەس مووچە لە بەغداوە دێت، ئەوەش لەسەر بنەمای بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵییە. دوومانگی كۆتایی مووچەش لەسەر ڕەزامەندی سەرۆك وەزیرانی عێراق هاتووە نەك وەزیری دارایی. حكومەتی هەرێم و یەكیتی و پارتی دەیانەوێت هەروەك سیستەمە كۆنەكەبێت."

please wait

No media source currently available

0:00 0:07:08 0:00
XS
SM
MD
LG