دادگاییکردنی ڕۆژنامەوانی دەستگیرکراو سلێمان ئەحمەد لە دهۆک ئەمڕۆ یەکشەممە، 30 منگی شەشی 2024، دواکەوت بۆ کۆتایی مانگی داهاتوو، ئەندامێکی تیمی پارێزەرانی بەرگریش بە دەنگی ئەمەریکای وت دواخستنەکە لەسەر داوای ئەوان بووە بۆ ئەوەی بتوانن دوو شایەت بۆ سەلماندنی بێتاوانی ئەو ڕۆژنامەوانە ئامادەبکەن.
بەشدار حەسەن ئەندامی تیمی پارێزەرانی بەرگریکردن لە دۆسیەی سلێمان ئەحمەد بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لە دادگای تاوانی یەک دادگایی هەبوو، ئێمە لەگەڵ تیمی پارێزەران ئامادەبووین بۆ بەرگری کردن لێی، وە خودی سلێمان ئەحمەد هێندرایە دادگا، بەڵام دادگایییەکە دواخرا لەبەر دوو هۆکار: یەکەم ئێمە داوامان کرد دوو شایەتی بەرگری بۆ ئامادە دەکەین بۆیە هەتا دانیشتنێکی تر دوابخرێت؛ دووەمیش بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی دهۆک لاپتۆپ و هەروەها دوو ئامێری پەیوەندیکردن و هاردەکەی سلێمان ئەحمەدی لەگەڵ دۆسیەکە نەناردبوون کە لەکاتی دەستگیرکردنیدا پێیبوون و لەدەستی گیرابوون، بەڵام ناوەرۆکەکەی ئاسایش ڕوونی نەکردۆتەوە ئایە پەیوەندی بەو تاوانەوە هەیە کە لەسەری دەستگیرکراوە یاخود نا."
بە گوێترەی ئەو پارێزەرە، لە هۆڵی دادگا تیمێکی نەتەوە یەگرتووەکانیش ئامادە بووە بۆ چاودێری بەڕێوچوونی پرۆسەکە.
وتیشی،" دەمانەوێت بیسەلمێنین کە ئەو ڕۆژنامەنووسە لەو ماوەیەی لە هەرێمی کوردستان بووە سەردانی دەرەوەی هەرێمی نەکردووە کە تۆمەتەکەی بۆ ڕێکخراوە کە گوایە لە شوێنی تر بووە و پەیوەندی بە لایەنێکی چەکدارییەوە هەبووە و چەکداری کردووە، سەد لەسەد پێمانوایە بێتاوانە لەو تاوانەی خراوەتە پاڵی. ئەو دوو شایەتەش بۆ سەلماندنی بێتاوانییەکەیەتی کە سەد لە سەد تەنها کاری ڕۆژنامەنووسی کردووە."
دادگاییەکە بۆ ڕۆژی 29ی حەوتی 2024 دواخراوە.
سلێمان ئەحمەد خەڵکی عەفرین لەگەڵ ماڵپەڕی ڕۆژ نیوز وەک سەرنووسەری بەشی عەرەبی کاریکردووە. ئەو ماوەی 8 مانگە بە تۆمەتی سیخوڕی لە هەرێمی کوردستان زیندانی کراوە و بڕیاربوو 30ی مانگی شەش لە دادگای تاوانەکانی دهۆک دادگایی بکرێت.
ئەو ڕۆژنامەنووسە کوردەی خەڵکی ڕۆژئاوا لە 25ی مانگی دەی ساڵی ڕابردوو لەکاتی گەڕانەوەی لە ڕۆژئاوا بۆ هەرێمی کوردستان، دوای ئەوەی سەردانی سوریای کردبوو، دەستگیرکرا و ئاسایشی دهۆک بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەحمەد "لە رێگەی کاری نەهێنی و نایاساییەوە کار بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان دەکات."
بەڵام کەسوکاری و پارێزەرانی ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکەنەوە و دەڵێن دوای مردنی باوکی بۆ سەردانی خێزانەکەی ئەو سەردانەی ئەنجامداوە.
بەشدار حەسەن وتی، "پێمانوایە بۆ ڕۆژی دادگایی کردنەکەی ئەگەر دوانەخرێت ئازاد بکرێت، مەترسی حوکمدانی لەسەر نییە، چونکە نە تاوانی ئەنجامداوە نە بەڵگەش هەیە لەسەر ئەوەی کە ئەندامی ئەو لایەنە بووە."
وتیشی، "سلێمان بە فەرمی چۆتەوە ڕۆژئاوا و پێشتر دوو مانگ خەریکی مامەڵەی سەردانەکە بووە، ناوی لە سیستەم دراوە و لە هیچ شوێنێک داواکراو نەبووە، لە کاتی گەڕانەوەشی هەر بە یاسایی بووە بۆیە خۆشی توشی شۆک بووە کە دەستگیرکراوە."
ڕۆژی 30ی مانگی دەی 2023 بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی دهۆک ڕایگەیاندراوێکی لەسەر ئەم کەیسە بڵاوکردوە کە تێیدا هاتووە، هێزەکانی ئاسایش ، کادیرێکی پەکەکەیان بە ناوی سلێمان ئەحمەد دەستگیرکرد کە نابراو بۆ کاری نهێنی و نایاسایی بۆ پەکەکە هاتوچۆی کردووە و بۆیە ڕاگیراوە و لە لێکۆڵینەوەکەشدا دانی بە کارەکانی خۆیدا ناوە، بۆیە ڕووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە و بە پێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. ڕاگرتنەکەی هیچ پەیوەندییەکی بە کاری ڕۆژنامەنووسییەوە نییە."